80 هەزار کارمەند بۆ چاودێریکردن؛ لە ئێران رێوشوێنەکان لە دژی شەپۆلی رەتکردنەوەی لەچک توند دەکرێنەوە

#ئێران#باڵاپۆشی#لەچک
3 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • رۆژنامەی ئیعتیمادی ئێرانی لە زاری غوڵام حسێن موحسینی ئیژئی، سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران بڵاویکردۆتەوە، داواکاری گشتی راسپاردووە، کە داوا بکات دەزگا ئەمنییەکان ئەو رێکخراو و قەوارە بیانیانە دیاری بکات، کە لە پشت ئەم دیاردەیەن. بەو پێیەی سەرۆکی دەزگاکە خوازیارە رێوشوێنی توندتر بگیرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوەی، کە بە دیاردەی کۆمەڵایەتی نائاسایی ناویبردووە.
Primary Asset

سبەی

لە بەرامبەر پەرەسەندنی پۆشینی جلوبەرگ بە ئازادی لە ئێران، ئاراستە توندڕەوەکان بەهێزدەبنەوە و داوای توندکردنەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان دەکەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی رەتکردنەوەی باڵاپۆشی یان لەچککردن لەسەرتاسەری ئێراندا. هاوکات 80 هەزار کەس بە تەنها لە تاران بۆ مەبەستی چاودێریکردنی پاپەندبوونی ژنان بە لەچککردن جێگیرکراون. لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت هەڵوێستێکی نەرم دەگرێتەبەر و لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە رایگەیاند سەپاندنی باڵاپۆشی لە ئاستی تاکەکەسیدا ئەستەمە.

رۆژنامەی ئیعتیمادی ئێرانی لە زاری غوڵام حسێن موحسینی ئیژئی، سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران بڵاویکردۆتەوە، داواکاری گشتی راسپاردووە، کە داوا بکات دەزگا ئەمنییەکان ئەو رێکخراو و قەوارە بیانیانە دیاری بکات، کە لە پشت ئەم دیاردەیەن. بەو پێیەی سەرۆکی دەزگاکە خوازیارە رێوشوێنی توندتر بگیرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوەی، کە بە دیاردەی کۆمەڵایەتی نائاسایی ناویبردووە.

ئێران لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979دا، یاسا و رێسای توندی سەپاندووە بەرامبەر ژنان، لە رێگەی ناچاکردنیان بە باڵاپۆشی، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پاپەندبوون بەم یاسایانە کەمیکرد، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەکو تاران، کە بوونی ژنانی بێ باڵاپۆش و پۆشینی جلوبەرگی ستایلی رۆژئاوایی بەربڵاوبووە.

بە پێچەوانەی ئەم بانگەوازە توندڕەوانە، حکومەت هەڵوێستێکی نەرمتر دەگرێتەبەر. لەو بارەیەوە فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران مانگی رابردوو رایگەیاند، سەپاندنی باڵاپۆشی بە شێوەی تاکەکەسی ئەستەمە. لە کاتێکدا مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، ساڵی رابردوو بەهۆی رەتکردنەوەی پرۆژەیاسای سزادانی ئەو ژنانەی باڵاپۆشی رەتدەکەنەوە، لە بازنەی کۆنەپەرستەکاندا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە.

هاوکات ئەحمەد عەلەم هودا، نوێنەری عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە پارێزگای خوراسان، هێرشێکی نوێی کردە سەر ئەو ژنانەی کە پابەند نین بە باڵاپۆشی و وتوویەتی "وڵات رووبەڕووی ئاستێکی بەرزی بێ ئەدەبی بووەتەوە". نوێنەرەکەی عەلی خامنەیی وتووشیەتی، "دەبێت بەرەنگاری رووتبوونەوەی ژنان ببینەوە". پرسیاریشی لە حکومەت کردووە، "ئایا لەو دیاردەیەدا، هیچ مەترسییەک بەدی ناکەن". 

لەگەڵ ئەوەشدا رەخنەکانی ئاراستەی هەندێک لە دراما تەلەفزیۆنییەکان کردووە و دەڵێت ژووری نووستن و وردەکاری تایبەت پیشان دەدات و ئەمەی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هەرزەکاران زانیوە. 

لەو چوارچێوەیەشدا رۆژنامەی کەیهان کە رۆژنامەیەکی نزیکە لە نووسینگەی عەلی خامنەییەوە، لە بابەتێکیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، باڵاپۆشی یەکەم هێڵی بەرگریی ناسنامەی ژنانی ئێرانە و ئەگەر ئەم هێڵە بڕووخێت، ئەوا پایە کلتوری و ئەخلاقییەکان لە وڵاتەکەدا یەک لە دوای یەک دەڕووخێن.

لە هەفتەی رابردووشدا محەمەد موەحدی ئازاد، داواکاری گشتی ئێران داوای کرد، چارەسەری پێشێلکارییەکانی یاسای باڵاپۆشی بکرێت. هەروەها چەند رۆژێک بەر لەو داوایە، ئەسەدوڵڵا جەعفەری، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە ئیسفەهان، داوای روبەڕووبوونەوەی رەفتاری نا باوی ئەو ژنانەی کرد، کە پابەند نین بە باڵاپۆشی ناچارییەوە.

لە سەروبەندی بەرزبوونەوەی داوای توندترکردنەوەی رێوشوێنەکان بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی، روحوڵڵا موئمن نەسەب، سەرۆکی لیژنەی فەرمانکردن بە چاکە و رێگریکردن لە خراپە، جێگیرکردنی 80 هەزار کارمەندی بۆ چاودێرکردنی پاپەندبوون بە باڵاپۆشی ژنان بە تەنها لە شاری تاراندا راگەیاند.

پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران لە کاردانەوەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ساڵی 2022دا، بە دەستی پۆلیسی ئێران، زیاتر بوون.

خۆپیشاندانەکان لەسەرتاسەری شار و پارێزگا جیاوازەکانی ئێران کوژرانی سەدان کەسی لێکەوتەوە، جگە لە دەستگیرکردنی هەزاران کەس.

نەیارانی ئەم سیاسەتانە دەڵێن، دەسەڵاتداران ئۆرگانەکانی سانسۆری فەرهەنگی بەهێزتر دەکەن، لە کاتێکدا کە ئێرانییەکان بەدەست خراپی بارودۆخی ئابووری و ژیانەوە دەناڵێنن. باسیش لەوە دەکەن، ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران کارەلەپێشینەکانی لە توندکردنەوەی سنوردارکردنی کۆمەڵایەتییان چڕکردووتەوە، لە بری ئەوەی رووبەڕووی قەیرانە سەرەکییەکان ببێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی