
سبەی
خانووی کوالێتی بەرز بە تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکانەوە دەبەسترێتەوە. لە بەرامبەردا ئەو خانوانەی کە نۆژەن ناکرێنەوە و زیاتر بە کرێ دەدرێن، مەترسییەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکانی دڵ و ئەگەری مردن زیاتر دەکەن.
توێژینەوەیەکی ژاپۆنی دەریخستووە، شوێن و کوالێتی و جۆری خانوو، کاریگەری لەسەر تەمەن و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاتر دەکات. توێژەران روونیان کردووەتەوە، زۆرجار خانوویەک کە دەدرێت بە کرێ، خزمەتگوزاری پێویستی نییە یان نوێژەن ناکرێتەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانی وەکو ناڕێکی لێدانی دڵ و سستبوونی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.
هاوکات گەیشتوون بەو دەرئەنجامەی، ئەو کەسانەی لە شوقە و خانوی کرێدان، بەراورد بە خاوەن ماڵەکان، ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە زیاترە.
توێژینەوەکە شەش ساڵی خایاندووە و لە گۆڤاری تەندروستی British Medical journal (BMJ)بڵاوکراوەتەوە. توێژەران تۆمارە فەرمییەکانی مردنیان بەهۆکاری نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە دەستکەوتووە و بۆیان ئاشکرابووە رێژەی مردن بەو هۆکارە لە ناو کرێچییەکاندا بەرزتر بووە.
هەروەها لە بەشێکی تویژینەوەکەدا هاتووە، ئەو شوێنەی مرۆڤەکان تێیدا دەژین کاریگەری لەسەر تەمەنیان هەیە، ئەوەشیان وەکو بەڵگەی ئەوەی کە کوالێتی خانوو، کاریگەری لەسەر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان خستووەتەڕوو.
واتارو ئۆمیچیۆ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی تەلارسازی لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای تۆکیۆ کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە، پێی وایە خانوو و شوقەی کوالێتی بەرز دەتوانن تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان باشتر بکەن.
