
وێنەی ساتی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیەکە
سبەی
دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمڕۆ هەینی، لە گەرووی هورمز دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی پێوەبووە، دوای دەستبەسەرداگرتنیشی کەشتییەکە بەرەو سنوری ئاوە هەرێمیەکانی ئێران ئاڕاستەکەی گۆڕدراوە. ئەمەش یەکەم رووداوە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەو گەرووە ستراتیژییە.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بۆ ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس ئاشکرایکردووە، کەشتیی نەوتهەڵگری "تالارا" لە گەشتێکدا بووە لە عەجمانی ئیماراتەوە بەرەو سەنگافورە، کاتێک هێزەکانی ئێران دەستیان بەسەردا گرتووە.
بەپێی داتاکانی گەشتە ئاسمانییەکان کە "ئەسۆشەیتد پرێس" شیکردنەوەی بۆ کردووە، دەریدەخات درۆنێکی ئەمەریکی لە جۆری " MQ-4C Triton" لەکاتی پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنەکە لەلایەن هێزە ئێرانییەکانەوە چاودێری کەشتیەکە و پرۆسەکەی کردووە.
بەوتەی کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی "ئەمبری" سێ بەلەمی بچوک لە کەشتی نەوتهەڵگری "تالارا" نزیکبوونەتەوە و دەستیان بەسەرداگرتووە.
لەلای خۆیەوە هێزی دەریایی بەریتانیا رووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە "لە چالاکییەکی دەوڵەتییدا" نەوتهەڵگرەکە ناچارکراوە ئاڕاستەکەی بگۆڕێت و بەرەو سنورە ئاوییەکانی ئێران بچێت.
پێشتریش کۆمپانیای "کۆڵۆمبیا شیپ مەنەجمێنت" کە بارەگاکەی لە قوبرسە، رایگەیاندبوو کە پەیوەندییان بە کەشتییەکەوە پچڕاوە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشداوە، "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جددی لەسەر هێڵ دەبن بەتایبەت لەگەڵ کۆمپانیای خاوەنی نەوتهەڵگرەکە کە پەیوەندی بە کەشتیەکەوە بکەنەوە".
ئەو کۆمپانیایەی خاوەنی کەشتیەکەیە ناوی "پاشا فاینانس" ە و بارەگاکەی لە قوبرسە.
لەلایەن خۆشیەوە گروپی "ڤانگارد" ی بەریتانی کە تایبەتە بە ئیدارەدانی مەترسییە دەریاییەکان و سەرچاوە ئەمنییەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە "سوپای پاسدارانی ئێران دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە و بەرەو کەناراوەکانی ئێرانیان بردووە".
