ناوچەی سەوز و سور .. پلانی نوێی ئەمەریکا بۆ غەززە

#غەززە#هێزی ئاشتپارێز#پلانی ترەمپ
17 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بڕیارە رۆژی دووشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکا بدات بۆ کەرتی غەززە، رۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای دەکات، غەززە دابەش دەکرێت بۆ دوو ناوچەی سور و سەوز، هێزێکی نێودەوڵەتی ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان پێدەدرێت.
Primary Asset

سبەی

بڕیارە رۆژی دووشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکا بدات بۆ کەرتی غەززە، رۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای دەکات، غەززە دابەش دەکرێت بۆ دوو ناوچەی سور و سەوز، هێزێکی نێودەوڵەتی ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان پێدەدرێت.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بەڵگەی پلانێکی ئەمەریکی بڵاوکردەوە، دەردەکەوێت واشنتن کاردەکات لەسەر نەخشەڕێیەکی درێژخایەن بۆ دابەشکردنی کەرتی غەززە بۆ دوو ناوچەی سەوز و سور، ناوچەی سەوز لەژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیل و هێزێکی هاوبەشی نێودەوڵەتی دەبێت و پلانی ئاوەدانکردنەوەی جێبەجێ دەکرێت، ناوچەی سوریش وەکخۆی بە وێرانکراوی جێدەهێڵرێت. 

بەپێی بەڵگەنامەکە، هێزێکی نێودەوڵەتی هاوشانی سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی غەززە جێگیر دەکرێن، هێڵی زەرد وەکخۆی دەمێنێتەوە و بە ناوچەی جیاکەرەوەی نێوان هەردوو ناوچەکە دەمێنێتەوە.

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە گاردیانی وتووە: بەدیهێنانی ئاشتی گشتگیر کاتێکی زۆری دەوێت و خواستی هەموو لایەکە.

بەپێی ئەو پلانەی کە رۆژنامە بەریتانییەکە بڵاوی کردوەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندە بە گۆڕینی راگرتنی شەڕ بۆ چارەسەری سیاسی بەردەوام، ئیدارەیەکی فەلەستینی لە غەززە دابنرێت وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێشتر بەڵێنی دابوو.

رۆژنامەکە بڵاوی کردوەتەوە، دیدی واشنتن بۆ ئایندەی غەززە بە تەواوەتی گۆڕاوە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزترین ناکۆکی نێوان حەماس و ئیسرائیل، پێشتر بیرۆکەی دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جێگرەوەی هاوشێوەی چادرگەی بۆ غەززە پێشنیاز کردبوو، بەڵام ئەم هەفتەیە گۆڕانکاریی بەسەر ئەو بۆچوونەشدا هاتووە.

بەپێی ئەو پلانەی گاردیان بەشیکی ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردوەتەوە، تیمی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی یەکێکە لە خاڵەکانی پلانی ئەمەریکا، واشنتن چاوی لەوەیە ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەکەی پەسەند بکات بۆ ئەوەی بە فەرمی ئەو هێزە بڵاوەی پێبکرێت، بەڵام ترەمپ بەدووری زانیوە سەربازی ئەمەریکی بنێرێتە غەززە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا، نەخشەیەکی داناوە بۆ بڵاوەپێکردنەوەی هێزی نێودەوڵەتی کە 1500 سەربازی بەریتانی و 1000 سەربازی فەرەنسی لە خۆدەگرێت، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و وڵاتانی باکوری ئەوروپا هاوکاریی پزیشکی و هەواڵگری و لۆجستی پێشکەش بە ھێزەکە دەکەن. 

وڵاتانی ئەوروپا ئەو پلانەی ئەمەریکا بۆ بڵاوەپێکردنی هێزی نێودەوڵەتی بە ناواقیعی دەزانن، نایانەوێت جارێکی دیکە ئەزموونی عێراق و ئەفغانستان دووبارە بکەنەوە. تەنها ئیتاڵیا رەتینەکردووەتەوە بەشداریی لە دروستکردنی ئەو هێزەدا بکات.

بەپێی بەڵگەنامەکان، رەنگە ئوردن بە سەدان سەرباز، یان زیاتر لە 3000 پۆلیس بەشداریی بکات، سەرەڕای ئەوەی شا عەبدوڵڵای پادشای ئوردن رەتیکردوەتەوە پشتیوانیی بڵاوەپێکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی بکات لە غەززە.

رۆژنامەی گاردیان بڵاوی کردووەتەوە، ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی لە ناوچەی سەوز بڵاودەکرێتەوە سەرەتا ژمارەیان کەمە و دواتر بۆ 20 هەزار سەرباز زیاد دەکرێن، ناوچەی رۆژئاواش لە ژێر کۆنترۆڵی سنورداری حەماس دمێنێتەوە.

لەبەرامبەردا، چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرایان کردووە، هاوشانی ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی کە هاوشانی سەربازانی ئیسرائیل ناوچەکە دەپارێزن، پلانێکی دیکە ئەوەیە 3000-4000 پۆلیسی فەلەستینی راهێنراو رۆڵێکی سنورداریان هەبێت لە ناوچەی سەوزی غەززە.

ئەو پلانە لەکاتێکدایە زیاتر لە 80%ـی باڵەخانەکانی کەرتی غەززە روخاون، سەرجەم قوتابخانە و نەخۆشخانەکان وێران بوون، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، ئیسرائیل رێگریی لە چوونە ژوورەوەی کەرەستە بنەڕەتییەکان دەکات.

زیاتر لە یەک ملیۆن فەلەستینی لە ناوچەی سور دەژین، لە ناوچە کەناراوییەکان کە روبەری نیوەی کەرتی غەززە پێکدەهێنێت، 1.5 ملیۆن کەسی دیکەش چاوەڕوانی گەیشتنی پێداویستییە بەپەلەکانن، ئاو و خۆراک و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانیان دەستناکەوێت.

ئەو پلان و پێشهاتانە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر پڕۆژە بریارێکی ئەمەریکا بدات، بۆ پاڵپشتی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە غەززە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی