نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە؛ تاوانبارێکی جەنگی سوریا و سیخوڕی مۆساد دوای 14 ساڵ لە نەمسا دەستگیرکرا

#خالید حەلەبی#سوریا#نەمسا#ئیسرائیل#مۆساد
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • نیویۆرک تایمز: خالید حەلەبی، تاوانبارێکی جەنگ و فەرماندەیەکی باڵا بووە لە رژێمی پێشووی سوریا، دەستی هەبووە لە ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی سوریا لە شاری رەقە لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2013
Primary Asset

خالید حەلەبی

سبەی

بە ئومێدی ژیانێکی شایستە و دوور لە مەترسی، فەرماندەیەکی باڵای رژێمی سوریا، خۆی گەیاندووەتە ئەوروپا، بەڵام ئەوەی چاوەڕێی نەدەکرد روویدا. فەرماندەکە تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان و سزادانی خۆپیشاندەرانی سوریا، لە هەمانکاتدا کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد کردووە، ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا بووە و بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و سزادانی سورییەکان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، خالید حەلەبی، تاوانبارێکی جەنگ و فەرماندەیەکی باڵا بووە لە رژێمی پێشووی سوریا، دەستی هەبووە لە ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی سوریا لە شاری رەقە لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2013. 

حەلەبی لە 2001 پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگریی سوریاوە کردووە، لە 2008 بووە بە بەرپرسی هەواڵگریی شاری رەقە، دواتر دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی سوریا لە 2011، کاری کردووە بۆ دۆزینەوەی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان سزادانیان، ئەوەش بەپێی نیویۆرک تایمز.

وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، لە یەک کاتدا خالید حەلەبی تەمەن 63 ساڵان، کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی سوریا و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل کردووە. بەهۆی کارکردنی لەگەڵ مۆساد، ئیسرائیل یارمەتی خالیدی داوە بۆ جێهێشتنی سوریا بەرەو تورکیا دواتر خۆی گەیاندووەتە ئوردن و لە کۆتاییدا لە 2015 گەیشتووەتە فەڕەنسا.

لە ماوەی نیشتەجێبوونیدا لە فەڕەنسا، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیار دەدات بە لێکۆڵێنەوە لە پەنابەرە سورییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدانی سورییەکان، بە هاوکاریی مۆساد و دەزگای هەواڵگریی نەمسا یارمەتی حەلەبی دەدەن و دەیگەیەننە ڤییەنا-ی پایتەختی نەمسا، لەوێ لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەمێنێتەوە و پارەی یەکەکە لەلایەن مۆسادەوە بۆی دابیندەکرێت.

دوای دەستکەوتنی ژمارەیەک سەرەداو کۆمیسیۆنی دادپەروەری نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لە 2016، سەردانی ڤییەنا دەکەن و ئەوە ئاشکرا دەکەن حەلەبی لە نەمسایە، دواتر حکومەتی نەمسا لێکۆڵێنەوەکانی دەستپێدەکات و بۆی دەردەکەوێت دەزگای هەواڵگریی نەمسا خالید حەلەبی تاوانباری جەنگیان لە ڤییەنا شاردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، لە 2023، ژمارەیەک ئەفسەری هەواڵگریی تۆمەتبار دەکرێن بە پێدانی مافی پەنابەری بە حەلەبی لە دەرەوەی رێکارەکانی حکومەت. لە دادگاییکردنەکەیاندا، ئەفسەرەکانە وتوویانە لەلایەن مۆسادەوە دوایان لێکراوە یارمەتی حەلەبی بدەن، چونکە کارمەندی مۆسادە و کاری بۆ مۆساد کردووە.

 دوای ئاشکرابوونی حەلەبی لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووە و لە نەمسا زیندانیکراوە و بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و سزادانی سورییەکان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی