
سبەى
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا گڵۆپى سەوزى بۆ لیژنەى پەرلەمانى تایبەت بە پڕۆسەى چارەسەرى هەڵکرد تا سەردانى عەبدوڵا ئۆجەلان بکات لە دورگەى ئیمراڵى، ئەوەش بەوتەى رۆژنامەنوسێکى نزیک لە پارتى دەسەڵاتدارى ئەو وڵاتە.
عەبدولقادر سێڵڤى نوسەرى رۆژنامەى حورییەتى تورکى و نزیک لە پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار لە تورکیا لە گۆشەکەیدا لە رۆژنامەکە باسى لەدوایین کۆبوونەوەى نێوان ئەردۆغان و باخچەلى کردووە و نوسیویەتى، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچونەوەى تەواوەتى کراوە بە نەخشەى رێگاى “تورکیاى بێ تیرۆر” و گەیشتوون بە رێککەوتنى تەواوەتى لەسەر بەردەوامیدان بە هەوڵەکان.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەى لیژنەى جێبەجێکارى ناوەندى پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار، بەرپرسانى پارتەکە دژایەتی خۆیان بۆ سەردانیکردنى ئۆجەلان دەربڕیوە.
ئەردۆغان لە وەڵامدا پێی وتوون "ئێمە بارێکى قورس ناخەینە سەر پارتەکەمان کە بەرگەى نەگرێت"، لەگەڵ ئەوەشدا مۆڵەتیدا لیژنە پەرلەمانییەکە سەردانى ئۆجەلان بکات، کە بە گڵۆپی سەوز لێکدەدرێتەوە، ئەوەش بەوتەى ئەو رۆژنامەنوسە.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەردانەکە دەربڕیوە و پێیوایە "ئەرێنی" دەبێت.
باخچەلی دەڵێت ئۆجەلان تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ئەمەش متمانە بە بەردەوامی گفتوگۆکان بەهێزتر دەکات.
سەردانیکردنى لیژنەى پەرلەمانى تایبەت بە پڕۆسەى چارەسەرى بۆ لاى ئۆجەلان داوایەکى سەرەکى دەم پارتى و پەکەکەیە، بۆ ئەوەى لیژنەکە لە نزیکەوە گوێ لە بۆچوونەکانى ئۆجەلان بگرێت بۆ پێشخستنى زیاترى پڕۆسەکە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشتر رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی چووەتە قۆناغێکی نوێوە لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، نەرمی نواندنی خۆشی دەربڕی لە بەرامبەر بیرۆکەی چوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ پەرلەمانی تورکیا و پێشکەشکردنی وتەیەک.
بیرۆکەی چوونی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی تورکیا و پێشکەشکردنی وتەیەک دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا "مەهەپە" ، کاتێک کۆتایی ساڵی رابردوو دەستپێشخەری کرد و بە تەوقەیەک لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی لە پەرلەمان، سەرەتای قۆناغێکی نوێی لە تورکیا دەستپێکرد.
لە وتارێكیدا كە لە كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنی ئاك پارتی لە پەرلەمانی توركیا پێشكەشی كرد، ئەردۆغان رایگەیاندبوو، گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ سەرکردەکانی دەم پارتی ئەنجامدا، کە بیرۆکەی ئەوەیان پێشکەشکرد ئۆجەلان لە بەردەم لیژنە پەرلەمانیەکەی تورکیا وتەیەک پێشکەش بکات و گفتوگۆی چەکدانانی پەکەکە بکات، داواشیان کرد هەموو لایەنەکان بەشدار بن.
وتەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، پێشتر پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاندبوو، پێویستە لیژنە پەرلەمانییەکە کە پارتی دیکەشی لەنێودایە، رێگەی پێبدرێت پەیوەندی بە ئۆجەلانەوە بکەن لە زیندانی ئیمراڵی و قسەی لەگەڵ بکەن، بەوپێیەی ئۆجەلان بۆ رای گشتیی کورد کەسایەتییەکی گرنگە و پێشتریش لە هەوڵەکانی پەیوەست بە ئاشتی بەشداری کردووە.
