تیروپشكی ناوی حاجیان دەكرێت؛ لەبەر زۆری خواست مەرجێك زیادكراوە

#حەج#عومرە#کوردستان
2 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • سبەینێ تیروپشك بۆ ناوی حاجیان لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەهۆی زۆریی خواست لەسەری ئەمساڵ مەرجێك زیادكراوە، وتەبێژی فەرمی حەج و عەمرەش دەڵێت " هەزاران ناو دەرهێنراون و دوورخراونەتەوە".
Primary Asset

سبەی

سبەینێ تیروپشك بۆ ناوی حاجیان لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەهۆی زۆریی خواست لەسەری ئەمساڵ مەرجێك زیادكراوە، وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەش دەڵێت " هەزاران ناو دەرهێنراون و دوورخراونەتەوە".

‎89 هەزار كەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار كردووە 

كاروان ستوونی، وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بە "سبەی" راگەیاند:"  ئامادەكارییەكان بە كۆتا گەیشتوون سبەینێ كاتژمێر 11 بەیانی تیروپشك بۆ ناوی كەسانە دەكرێت، كە بۆ وەرزی حەجی 2026 خۆیان تۆماركردووە".

وتیشی: ئەمساڵ بۆ یەكەمجار ناو تۆماركردن بۆ فەریزەی حەج بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەچووە، لەبەر تازەیی سیستمەكە پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەكان و رێكارەكانی دیكە ماوەیەكی زیاتری خایاند، بۆیە ئەنجامدانی تیروپشكەكە بۆ ئەمساڵ كەمێك دواكەوتووە".

وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان  دەشڵێت "89 هەزار كەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار كردووە، لەبەر زۆری خواست، ئەمساڵ مەرجێك زیادكراوە ئەگەر كەسێك پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دا بێت، ناوی ناچێتە نێو تیروپشكەكەوە، هەربۆیە هەزاران ناو دەرهێنراوە و دوورخراونەتەوە".

"بە ئەلیكترۆنیكردنی پرۆسەی ناو تۆماركردن بۆ حەج هاوكارییەكی باشی هاووڵاتیانی كردووە و  بارگرانی كەمكردووەتە، چونكە لەم سیستمە ناو تۆماركردن بێبەرانبەرە، بەڵام پێشووتر هەركەسێك ناوی بۆ حەج تۆمار بكردایە، دەبوایە بڕی 50 هەزار دینار بدات،  دواتریش ئەم بڕە كەمكرایەوە بۆ 25 هەزار دینار". كاروان ستونی وای وت.

چۆن دەتوانی خۆت تۆمار بكەی؟

لە رێگەی (دەروازەی حەج)ەوە، ساڵانە حەجخوازان دەتوانن لە هەر شوێنێكەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن بە بەكارهێنانی مۆبایل یان كۆمپیوتەر و چاوەڕێی ئەنجامەكانی تیروپشك بكەن. سیستمەكە بەستراوەتەوە بە پێناسی دیجیتاڵی بۆ سەلماندنی بێهاوتایی و پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتییان كە هەر كەسێك بۆی هەیە لە ساڵێكدا تەنها یەك جار داواكاری پێشكەش بكات.

جگە لە هاووڵاتییانی ئاسایی، چەند توێژێكی دیكەی كۆمەڵگە دەتوانن داواكاری بۆ حەج پێشكەش بكەن، لەوانە: مامۆستایانی ئایینی بۆ رێنماییكردنی حاجییان، پزیشكان لە چەند پسپۆڕییەكی تایبەت كە لەگەڵ كاروانی حاجییان دەبن وەك تیمی پزیشكی و كۆمپانیاكانی حەج و عومڕە بۆ بەڕێوەبردنی كاروانی حاجییان. هەروەها كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە رێگەی فۆرمی تایبەت بە خۆیان لەناو سیستمەكە دەتوانن داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی