
سبەى
زۆرجار ئامانجەکانمان لەگەڵ ئاڵنگاری کەمی داهات و فشاری دارایی لە دوو ئاراستەی جیاوازدان. بەڵام کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێل یان گەشتێک، سەرەتا پێویستی بە پاشەکەوتکردنی پارەیە. زۆر کەس پاشەکەوتکردنی پارە وەکو ئەرکێکی قورس، یان تەنانەت ئەستەم دەبینن، هەرچەندە پێویستی بە کەمێک پلاندانان و هەندێک هۆشیاری دارایی و پەیڕەوکردنی هەنگاوە زیرەکەکان هەیە.
بەپێی پێگەی Regions Financial ئەم 10 هەنگاوە گرنگە لە پاشەکەوتکردنی پارەدا:
1.رێکخستنی خەرجی مانگانە
ئەستەمە پارە پاشەکەوت بکەیت، بە بێ رێکخستنی خەرجی مانگانە، کە دەبێتە تۆمارێکی مانگانەی پێداویستییەکانت. بە تێپەڕبوونی کات دەتوانیت خەرجییە پێویستەکانی مانگانە دیاری بکەیت. بە گشتی تاکو پاپەندبیت بە پلانی خەرجییەکانی مانگانەت، دەتوانیت زیاتر پارە پاشەکەوت بکەیت.
2. دیاریکردنی ئامانجی پاشەکەوتکردن
دیاریکردنی ئامانجی پاشەکەوتکردن گرنگە. بەنموونە کڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو یان دانەوەی قەرزەکان کە ئامانجێکی گەورەیە. جیاوازی لە نێوان خەون و ئامانج روونە، بەو پێیەی خەون بەدیهێنانی قورسە، بەڵام ئامانج پێگەیشتنی ئەستەم نییە و تەنیا پێویستی بە هەنگاوی کردارییە.
3. کەمکردنەوەی قەرزەکانت
زۆر گرنگە خشتەیەکی مانگانە دیاری بکەیت بۆ دانەوەی قەرزەکانت، تا کەڵەکە نەبێت و ببێتە بارگرانییەکی هەمیشەیی.
دانەوە و کەمکردنەوەی قەرزەکانت، دەبێت پلانە داراییە سەرەکییەکانت بێت، چونکە هەر قەرزێک کە دەدرێتەوە لە داهاتوودا دەرفەتی پاشەکەوتکردن بەهێز دەکات.
4. پاشەکەوتکردن لەسەرەتادا
راستەوخۆ دوای وەرگرتنی موچە پاشەکەوت بکە یان پارە گلبدەرەوە، نەک لە کۆتایی مانگدا، چونکە پلانی پاشەکەوتکردن بەو شێوەیە هەڵەیە. 50 دۆلار یان 10% موچەکە پاشەکەوت بکەیت، دەبێت لەسەرەتای موچە وەرگرتندا بێت، چونکە ئەگەر چاوەڕێی کۆتایی مانگ بکەیت، رەنگە هیچی نەمێنێتەوە.
5. بە پلانی پشووەکانتدا بچۆرەوە
هەموو کەسێک پێویستی بە پشوودان و گەشتکردن هەیە، بەڵام زۆرجار پاشەکەوتکردنی پارە بە واتای دواخستنی هەندێک پلانی گەشتکردنە بۆ مەودایەکی دوورتر. هاوکات گەشتەکانت بخەرە کاتێکەوە، کە کرێی فڕۆکە و هۆتێلەکان و شوێنە گەشتارییەکان بە گشتی داشکاندنی لەسەر دەکرێت.
6. هەڵوەشاندنەوەی بەشدارییە ناپێویستەکان
زۆرێک لە بەشداریکردنە نا پێویستەکان، خەرجییەکانت زیاددەکات بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی راستەقینە دابین بکەن. رەنگە لە ئاستی رۆژانە یان مانگانە وەکو بارگرانییەک دەرنەکەون، بەڵام لە ماوەی ساڵێکدا کۆیان بکەیتەوە دەگات بە ژمارەیەکی بەرز، کە دەکرا پاشەکەوتیان بکەیت.
7. دابەزاندنی کرێی خزمەتگوزارییەکان
دابەزاندنی کرێی خزمەتگوزارییەکان وەکو کارەبا و ئاو و ئینتەرنێت. هەر گۆڕانکارییەکی بچووک لە کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان، کاریگەری بەرچاو لەسەر بودجەی مانگانەت دورست دەکات، کە دەتوانیت بیخەیتە سەر پاشەکەوتکردن.
8. خواردنەکەت لە ماڵەوە ئامادەبکە
خەرجکردنی رۆژانەی 10 دۆلار بۆ نانخواردنی لە چێشخانەکان یان بە داواکردنی دلیڤەری، ئەگەر بۆ ماوەی پێنج رۆژیش بێت لە هەفتەیەکدا، هەفتانە دەگاتە 50دۆلار، مانگانە 200 دۆلار و ساڵانە 2400 دۆلار، بڕە پارەیەک کە دەتوانرێت ئاڕاستە بکرێتەوە بەرەو پاشەکەوتکردن.
9. بەکاربەرێکی زیرەک بە
پاشەکەوتکردن تەنها کۆکردنەوەی پارە نییە، هەروەها پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن رۆژەکانت بەسەردەبەیت. وەکو کەمکردنەوەی بەفیرۆدانی خۆراک و دووبارە بەکارهێنانەوەی لە ژەمە نوێیەکان لە بری فڕێدانی. هەروەها کڕینی ژیرانە و بەراوردکردنی نرخەکان پێش کڕین.
10. داراییەکانت رێکبخە
پێش ئەوەی هەر شتێک بکڕیت، هەمیشە لە خۆت بپرسە: ئایا بەڕاستی پێویستم بەم شتەیە؟ یان تەنها ئێستا دەمەوێت؟ ئایا دەتوانم دوایبخەم و کاتێکی دیکەی بیکڕم؟. پاشەکەوتکردنی پارە ئەوەندەی بابەتی لۆژیک و رەفتارانەیە، ئەوەندەش بابەتی ژمارەکانە. هەر هەنگاوێکی بچووک لە کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و پلاندانان بۆ کڕینەکان بە تێپەڕبوونی کات سوودی دەبێت و بەشدارە لە دابینکردنی ئاسایشی داراییت.
