دابەشبوونى چوارچێوەى هەماهەنگى؛ سودانى سەردانى هەولێر دەکات "بۆ گەڕان بەدواى هاوپەیمانیدا"

#سودانى#هەولێر#چوارچێوەى هەماهەنگى
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سودانى ئامادەکاریی دەکات بۆ سەردانیکردنى هەولێر لەماوەى دوو رۆژى داهاتوودا
  • ئەنجامەکان سودانییان لە خولی دووەمى سەرۆک وەزیران نزیک نەکردووەتەوە
  • چوار گەورەترین هێزى ناو چوارچێوە رێکەوتوون لەسەر رەتکردنەوەى ویلایەتى دووەمى سودانى
Primary Asset

سەرچاوە نزیکەکان لە سودانی پشتڕاستی دەکەنەوە کە پابەندە بە سیاسەتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەرەڕای پێداگری لەسەر دووبارە کاندیدکردنی بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران

سبەى

چاوەڕواندەکرێت محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق سەردانى هەولێر بکات بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی هاوپەیمانێتى بۆ پێکهێنانى گەورەترین کوتلە، لەکاتێکدا چوارچێوەى هەماهەنگى دابەشبووە لەبارەى ویلایەتى دووەمى سودانییەوە.

سودانى لە ئێستادا ئامادەکاریی دەکات بۆ سەردانیکردنى هەولێر لەماوەى دوو رۆژى داهاتوودا، بە ئامانجى کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بۆ تاوتوێکردنى چەندین دۆسیە لەناویاندا پێکهێنانى هاوپەیمانى دواى هەڵبژاردن، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى شەرقولئەوسەت.

چاوەڕواندەکرێت سودانى بەئامادەبوونى لە دیدارێکى زانکۆى ئەمەریکى لە دهۆک کۆتایی بەسەردانەکەى بهێنێت.

هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان بەسەرۆکایەتى سودانى، لەهەڵبژاردنى پەرلەماندا توانى نزیکەى 46 کورسی بەدەستبهێنێت و لە پلەى یەکەمدایە.

سەرەڕای ئەوە، ئەم ئەنجامانە سودانییان لە خولی دووەم نزیک نەکردووەتەوە، بەو پێیەى رووبەڕووی دژایەتییەکی ئاشکرا بووەتەوە لەلایەن سیاسەتمەدارە کاریگەرەکانی ناو چوارچێوەى هەماهەنگى، کە دیارترینیان نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە کە نزیکەی 29 کورسی بەدەستهێنا، جگە لە بوونى تێبینى لەلایەن سەرکردەکانی دیکەی وەک قەیس خەزعەلی و عەمار حەکیم.

بەوتەى سەرچاوەکان، چوار گەورەترین هێزى ناو چوارچێوە رێکەوتوون لەسەر رەتکردنەوەى ویلایەتى دووەمى سودانى.

خەمڵاندنەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم هێزانە لەگەڵ هاوپەیمانییەکانی دیکەی شیعەکان زیاتر لە 100 کورسییان هەیە، بەمەش ئەگەر هەیە بتوانن "گەورەترین فراکسیۆن" پێکبهێنن، کە سیستمی سیاسی عێراق رێگەی پێدەدات بۆ کاندیدکردنی سەرۆک وەزیران.

 لە مادەی ٧٦ی دەستووردا هاتووە سەرۆک کۆمار لە ماوەی پانزە ڕۆژدا لە بەرواری هەڵبژاردنییەوە کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانی دەسپێرێت بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ، بەڵام لێکدانەوەی چەمکی "گەورەترین فراکسیۆن" لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ەوە وەک خاڵێکی مشتومڕ ماوەتەوە. دادگای باڵای فیدراڵی دەڵێت گەورەترین فراکسیۆن دەتوانرێت ئەو لیستە بێت کە پێش هەڵبژاردن زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت یان هاوپەیمانییەکی دوای هەڵبژاردن کە زۆرینەی پەرلەمانی پێکدەهێنێت.

سەرچاوە نزیکەکان لە سودانی پشتڕاستی دەکەنەوە کە پابەندە بە سیاسەتەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"، سەرەڕای پێداگری لەسەر دووبارە کاندیدکردنی بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران.

هاوکات، سیاسەتمەدارانی دیکە پێیان وایە ڕەنگە هەندێک لە هێزەکانی ناو هاوپەیمانی شیعەکان دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێویستیان بە چاوخشاندنەوە هەبێت بە هەڵوێستەکانیاندا، بەتایبەتی کە هەندێک هێز کورسی زیاتریان بەدەستهێناوە لەوەی چاوەڕوان دەکرا، ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوە هەیە.

 سیاسەتمەدارێکی ئاگاداری عێراقی کە ناوى نەهێنراوە بە رۆژنامەکەى وتووە، ناکۆکییەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان بە پێویستی هەماهەنگی هەموو لایەنەکان هەیە بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى. 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی هێزە جیاوازەکان لەسەر سودانی جیاوازە، هەروەها پێکهێنانی هەر حکومەتێک بەستراوەتەوە بە دانوستان لەناو چوارچێوەدا، هەروەها لەگەڵ لایەنە سوننە و کوردییەکان کە رەنگە هەوڵی سەپاندنی مەرجەکانیان بدەن لە دانوستانەکاندا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی