
سبەى-هانا مەحمود
یەکەم بارانى ئەمساڵ هیواى بۆ جوتیارانى هەرێمى کوردستان گەڕاندەوە و ئامادەکارییەکانیان دەستپێکرد بۆ تۆوکردن و چاندنى زەوییەکانیان، لەگەڵ چاوەڕوانیکردنى بارانى پەڵەدا.
لەشەوى رابردووەوە شەپۆلى باران هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە و بەپێی پێشبینى کەشناسی هەرێمى کوردستان، سبەینێش ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لە زۆربەی ناوچەکان باران بارینی لەسەرخۆ و بۆ مامناوەند دەبێت لە هەندێ کات و شوێن بارانی بە لێزمە و هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت.
جەمال کرپچنەیی جوتیاری نمونەیی بە “سبەى” راگەیاند، “ئەمە یەکەم باران بارینە و بووەتە مایەی دڵخۆشی بۆ جوتیاران، بەڵام هێشتا زووە و لە ناوەڕاستی مانگی 11داین، هەرچەندە ساڵی ڕابردوو لە 3ی11دا بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەڵەیدا بەڵام ئەمساڵیش زۆر دوا نەکەوتووە”.
پێشیوایە، ئەگەر کەش و هەوا زۆر سارد نەبێت، کشتوکاڵى گەنم و جۆو لە ساڵانی ڕابردوو باشتر دەبێت "چونکە ئێمە دەمێکە خۆمان ئامادەکردووە بۆ ئەم بارانە بۆ ئەوەی گوژمەیەک تۆو بکەین و وەک جوتیارانی گەرمیان گوژمەیەکی باش تۆومان کردوە و چاوەڕیین دوای بارانەکە سەوز ببێت".
جەمال کرپچنەیی ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر باران دوا بکەوتایە بۆ مانگی 12 ئەوکات دەبوە مایەی زیانگەیاندن و بۆ کشتوکاڵ باش نەدەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەمانگى سێدا زیاتر پێویستیان بە بارانە و چاوەڕێ دەکەن ئەم بارانەی ئەم دوو ڕۆژە دەبارێت ببێتە هۆی ئەوەی پەڵە بدات.
جەمال کرپچنەیی داواشى لە جوتیاران کرد نەترسن و زەوییەکان تۆو بکەن.
بەپێی ئامارەکانى کەشناسی، تا کاتژمێر نۆى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ زۆرترین بڕى باران لە نازەنین باریوە کە 36.6 ملیم بووە، دواتر چەمچەماڵ بە 35 مليم، تەکیەى کاکەمەند 31.6 ملیم.
فەرەیدون حەسەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور بە "سبەى" راگەیاند، ڕێژەی باران بارین لە سنورى شارەزوور تا ئەم بەیانییە 8.3 ملیم بووەو ئەمەش یەکەم بارانی ئەم ساڵە و لە چاو ساڵی رابردوودا ڕێژەکەی کەمترە، چونکە ساڵی پار ئەم کاتانە 133.9 ملیم باران باری بوو.
وتيشى "ئەم بارانەی کە ئەم چەند ڕۆژە دەبارێت بارانێکە بۆ کشتوکاڵ باشە چونکە لەسەرخۆیە و زیاتر سودی هەیە و رۆدەچێتە ناو زەویيەكانەوە".
فەرەیدون حەسەن باسى لەوەشکرد، چاوەڕێدەکەن بارانى ئەم 48 کاتژمێرە قەرەبووی دواکەوتنی باران بارین بکاتەوە و تا زوتریش پەڵە بدات بۆ کشتوکاڵ باشترە.
