
سبەی
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کە ئەمڕۆ رادەگەیەندرێت هیچ کاریگەریی و جیاوازییەکی ئەوەتۆی نابێت لەگەڵ ئەنجامە بەراییەکان.
عیماد جەمیل، بەرپرسی یەکەی پاڵپشتی میدیایی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: کۆمسیۆن پێشتر ئەنجامی بەرایی 99.07%ـی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاندبوو، تەنها 111 وێستگە مابوون ئەنجامەکانیان یەکلایی بکرێتەوە، دوای جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی ئەو وێستگانە ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت.
رایگەیاند: ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکاریی و جیاوازییەکی ئەوەتۆی نابێت لەگەڵ ئەنجامی بەرایی دەنگدان.
عیماد جەمیل رایگەیاند: بەپێی سیستی ژمارەی 2ـی ساڵی 2025، کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و لەناویاندا کورسی کۆتای ژنان و پێکهاتەکان دابەش دەکرێت. دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ماوەی سێ رۆژ دەدرێتە کاندید و قەوارە و هاوپەیمانییەکان بۆ تانەدان لە ئەنجامی کۆتایی.
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن جەختی کردەوە، گۆڕانکارییەکی بچوک لە کورسی کۆتای ژنان و دابەشکردنی کورسییەکان دەکرێت، بەڵام گۆڕانکارییەکە گەورە نییە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆمسیۆن، تائێستا 102 سکاڵا لەسەر دەنگدانی گشتی و تایبەت تۆمارکراوە، هیچیان سکاڵای سورن نیین، زۆرینەیان سکاڵای سەوز و زەردن و بەهۆیەوە ژمارەیەک سندوق دەکرێنەوە و دووبارە ئەژمار دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت
دوێنێ یەکشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: کۆمسیۆنی سەرجەم رێکارەکانی هاوتاکانی ئەنجامەکانی تەواو کردووە و رۆژی دووشەممە (17ـی تشرینی دووەمی 2025) ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رادەگەیەنێت.
رایگەیاند: دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، دەرگا لەبەردەم تانەی کاندید و قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان دەکرێتەوە بۆ تانەدان لە ئەنجامەکە، تانەکانیش لە لایەن دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، دوای کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە ئەنجامی کۆتایی پەسەند دەکرێت و دەنێردرێت بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پەسەندکردن و دەرچواندنی.
پێشتریش جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند: کۆمسیۆن ژماردنەوەی دەنگەکانی ئەو بنکانەی کە ماونەتەوە کۆتایی پێهێنا و سەرجەم ئەنجامەکان لەگەڵ ژماردنەوەى دەستیدا هاوتان.
وتیشى: "ئەمڕۆ پرۆسەی دیاریکردنى کورسی لایەنەکان، ئەوانەی کە بۆ ژنان و پێکهاتەکان تەرخانکراون دەستپێدەکات، بەپێی ئەو دەنگانەى بەدەستیانهێناوە. هەروەها ئۆفیسەکانى پارێزگاکان دەستیان کردووە بە پێدانی ئەنجامەکان بەهاوپەیمانی و حزب و کاندیدەکان".
ئاماژەى بەوەکرد، دواتر ئەنجامە کۆتاییەکان ڕابگەیەندرێت. پاشان ماوەی سێ ڕۆژ بۆ تانەدان دەکرێتەوە، کە لە ڕۆژی دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامەکان لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمسیۆنەوە دەستپێدەکات.
كاتژمێر حەوتی سەر لەبەیانی سێشەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی هات.
دوای راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و كۆتاییهاتنی ماوەی وەرگرتنی تانە و سكاڵاكان، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامەكان پەسند دەكات. دوای ئەوە یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، لە دانیشتنەكەدا پەرلەمانتاران سوێندی دەستوری دەخۆن و دواتر دەست بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی دەكرێت.
رێژەى بەشداریکردن لە دەنگدانى گشتى و تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق 56.11% بووە و بەرزترین رێژەى بەشداری لە دهۆک بووە، ئەوەش بەپێی ئامارى کۆمسیۆن.
بەپێی ئامارەکە کە دەست "سبەى" کەوتووە، دواى هەژمارکردنى 99.98%ى دەنگەکانى سەرجەم وێستگەکان، دەرکەوتووە 12 ملیۆن و نۆ هەزار و 453 کەس بەشداریان لە هەڵبژاردن کردووە، لەکۆى 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەر، بەوەش رێژەى بەشداریکردن گەیشتووەتە 56.11%.
ئامارەکە دەریدەخات بەرزترین رێژەى بەشداری لە دهۆک بووە بەرێژەى 76.7%، پاشان هەولێر 69.2%. هەروەها رێژەى بەشداری لە سلێمانى 56.87% بووە، لە کەرکوک 64.12% بووە.
کەمترین رێژەى بەشداری لە پارێزگاى میسان بووە کە تەنها 40.11%ى دەنگدەران بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کردووە.
بەپێی راپۆرتى کۆتایی هاوپەیمانی تۆڕ و ڕێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن، رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەپێی کۆى گشتى ژمارەى دەنگدەران 41% بووە و بەپێی ژمارەى ئەو دەنگدەرانەى تۆمارى بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە 55% بووە.
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق هاوشێوەى هەڵبژاردنى ساڵى 2021 رێژەى بەشداریکردنى لە هەڵبژاردن دیاریکرد، لەسەر بنەماى تۆمارى بایۆمەترى نەک لەسەر بنەماى کۆى گشتى دەنگدەران.
ئەو رێگەیە لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021 بۆ یەکەمجار پەیڕەوکرا، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانى رابردوو رێژەکە لەسەر بنەماى کۆى گشتى ئەو کەسانەى مافى دەنگدانیان هەیە دیاریدەکرا.
گۆڕینى شێوازى دیاریکردنى رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە ساڵى 2021 کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە، بەو پێیەى رێژەى راستەقینەى بەشداریی و بایکۆت دەرناخات.
لەهەڵبژاردنى ساڵى 2021 بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆن رێژەى بەشداریکردن 41% بوو، لەکاتێکدا رێکخراوەکانى بوارى هەڵبژاردن جەختیاندەکردەوە رێژەکە زۆر لەوە کەمتر دەبوو ئەگەر لەسەر بنەماى کۆى گشتى دەنگدەران رێژەکە دیاریبکرایە.
لە هەڵبژاردنى ئەمجارەى پەرلەمانى عێراق، نزیکەى 30 ملیۆن عێراقى لەکۆى 46 ملیۆن مافى بەشداریکردنیان هەبوو لە هەڵبژاردن و نزیکەى نۆ ملیۆن کەسیان بێبەش بوون بەو پێیەى تۆمارەکانیان نوێنەکردبووەوە.
