
سبەی
كەشناسی هەرێم، كەشی پێشبینیكراوی 48 كاتژمێری داهاتووی بڵاوكردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینیەكان بارانبارین كۆتایی هاتووە و پلەكانی گەرماش یەك بۆ دوو پلە نزم دەبنەوە، بەپێی رێژەی باران بارینیش لە سلێمانی و هەڵەبجە و چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان پەڵەی داوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارین كۆتایی هاتووە و ئەمڕۆش پلەكانی گەرماش یەك بۆ دوو پلە نزمدەبنەوە و مەودای بینینش لە نێوان شەش بۆ حەوت كیلۆمەتردا دەبێت.
لە بارەی كەشی سبەینێ سێشەممەشەوە، كەشناسی پێشبینی دەكات ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت لەگەل ئەگەری دروست بوونی تەم لەكاتەكانی بەیانی زوو بەتایبەتی لەناوچە شاخاویەكاندا و پلەكانی گەرماش نزیكدەبنەوە لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو لە شار و ناوچەكانی هەرێم؛
هەولێر: 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی
دهۆك: 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی
كەركوك: 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 19 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 9 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی
یەکەم باران هیوای بۆ جوتیاران گەڕاندەوە
بارینی یەكەم بارانی ئەمساڵ هیوای بۆ جوتیارانی هەرێم گەراندەوە، جوتیاران دەستییان كرد بە ئامادەكاریییەكان بۆ تۆوكردن و چاندنی زەوییەكانیان، لەگەڵ چاوەڕوانیكردنی بارانی پەڵەدا.
لە دوو رۆژی رابردووەوە شەپۆلی باران هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆربەی ناوچەكان باران بارینی لەسەرخۆ و بۆ مامناوەند دەستیپێكرد، لە هەندێك شوێن بارانی بە لێزمە و هەورە تریشقەی لەگەڵدا بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەمی بەشێك لە جوتیاران بڕەوێتەوە.
سالار حاجی عەلی، شارەزا لەبواری كەشناسی ئەو رێژە بارانەی بڵاوكردۆتەوە كە دەبێتە هۆی پەڵە و بەم جۆرەیە
سلێمانی لە 45 بۆ 70ملیمەتر باران ببارێت پەلەی داوە
هەڵەبجە لە 40 بۆ 50ملیمەتر باران ببارێت بەرەو سەرەوە پەڵەی داوە
هەولێر بەشی باشوری 35 بۆ 40ملیمەتر باران ببارێت بەرەو سەروە پەڵەی داوە
باكورو رۆژهەڵات و رۆژئاوای شاری هەولێر 45 بۆ70ملیمەتر باران ببارێت پەڵەی داوە
دهۆك بەگشتی 45بۆ 70 ملیمەتر ببارێت پەڵەی داوە
كەركوك 30بۆ 40ملیم باران ببارێت بەرەو سەرەوە پەڵەی داوە
رێژەی باران بارین و پەڵە
كەشناسی هەرێمیش ئاماری باران بارینی چەند رۆژی رابردوی بڵاو كردەوە و بە پێی ئامارەكە كۆی گشتی باران بارین لە سلێمانی گەیشتوەتە 57.6 ملیمەتر ئەمەش لە كاتێكدایە ساڵی رابردوو تاوەكو ئەمڕۆ 92.2 ملیمەتر باران باریبوو، بەو پێیەش بێت لە سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و بەشێك لە ناوچەكانی دیكە پەڵەی داوە.
هەڵەبجە 59.3
هەولێر 17.1
دهۆك 64.8
كەركوك11
لە هەڵەبجە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕێژەی بارانبارین 59.3 ملم بووە، بەو پێیەش بێت پەڵەی داوە، بەڵام رێژەی بارانبارین لە هەولێر17.1 ملم بەمەش پەڵەی نەداوە،لە دهۆك 64.8 باران باریوە، بەوەش دەردەكەوێت پەڵەی داوە، بەڵام لە كەركوك 11 ملم بووە و بە پشتبەستن بەو ئامارانە هێشتا پەڵەی نەداوە.
پێشتریش فەرەیدون حەسەن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور بە "سبەی" راگەیاند: "ئەو بارانەی كە ئەم چەند رۆژە دەبارێت، بارانێكە بۆ كشتوكاڵ باشە، چونكە لەسەرخۆیە و زیاتر سودی هەیە و رۆدەچێتە ناو زەوییەكانەوە".
