
یەکەکانى 80 و 70 دوو گەورەترین هێزى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگەن کە ژمارەیان بە 125 هەزار پێشمەرگە دەخەمڵێنرێت
سبەى-هانا مەحمود
یەکەى 80 ى وەزارەتى پێشمەرگە هەڵدەوەشێنرێتەوە لە چوارچێوەى هەنگاوەکانى یەکخستنەوەى پێشمەرگە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەى یەکەى 70 نەدراوە.
یەکەى 80 ى پێشمەرگە سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستانە و یەکەى 70 سەر بە یەکێتی نیشتیمانى کوردستانە، گەورەترین دوو هێزى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگەن کە ژمارەیان بە 125 هەزار پێشمەرگە دەخەمڵێنرێت.
ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی 70 بە “سبەى” راگەیاند، هەموو یەکەکان هەڵدەوەشێتەوە و دەچنە سەر وەزارەتی پیشمەرگە و بەپێی ئەو میکانیزمەی دانراوە بۆ هەموو هێزەکان.
وتیشى “تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ئێمە لەو بارەیەوە نەهاتووە”.
دواى هەڵوەشاندنەوەیان بڕیارە یەکەى 80 بکرێتە فەرماندەیی دەڤەرى یەک و یەکەى 70 ش وەک فەرماندەییەکى دیکە و لە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەدا دەستبەکاربن.
لیوا نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80 بە کەناڵى رووداوی راگەیاند "هەموو رێکارە کارگێڕییەکان تەواو بوون و دۆسیەکە نێردراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و دوای واژۆکردن، ئیدی دەگوازرێتەوە. بڕیاری فەرماندەی دەڤەری یەکیش دەرچووە."
بەپێی پلانى یەکگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە، 138 هەزار پێشمەرگە لە 11 فیرقەى سەربازیدا رێکدەخرێن و فیرقە و دەڤەر شوێنى میحوەر و فەرماندەیی دەگرنەوە.
جەبار یاوەر شارەزاى سەربازى و ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە پێشتر بە “سبەى” راگەیاندبوو، پێویستە پڕۆسەکە یەکخستی هێز بێت نەک یەکخستنی ژمارە، چونکە لە یەکخستنی هێزدا دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان و بیر و باوەڕی جەنگییان هەبێت و نەبنە بەشێک لە پێکدادانی سیاسی.
لە ساڵانى 2010-2013 و لەچوارچێوەى یەکخستنەوەى پێشمەرگەدا نزیکەى 12 لیوا تێکەڵکران لە پێشمەرگەیەوە تا فەرماندەى لیوا لەهەردوو هێزى 70 و 80، بەڵام پڕۆسەى ئێستاى یەکگرتنەوەى هێزەکان بە لیوایە، هێزەکانى 70 و 80 لیواکانیان دەخەنە سەر وەزارەتى پێشمەرگە بەڵام لە سنورەکانى خۆیان جێگیر دەکرێن.
بەوتەى جەبار یاوەر ، فیرقەکانى یەک و دوو کە لە هێزەکانى 80 پێکهێنراون لە سنورى قەڵەمڕەوى پارتى جێگیرکراون لە دێگەڵە تا زاخۆ، سێ و چوار کە لە هێزەکانى 70 پێکهێنراون لە سنورى قەڵەمڕەوى یەکێتین لە دێگەڵە تا گەرمیان، ئەوە یەکێکە لە سەرنجەکانى هاوپەیمانان لەسەر پڕۆسەکە و بێمتمانەیی دروستدەکات لە نێوان هەرێم و هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتى ئەمەریکا.
هەنگاوەکانى پڕۆسەى یەکگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان چڕکرانەوە، دواى ئەوەى بەپێی لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا، کۆتایی ساڵى 2026 دیاریکرا بۆ تەواوکردنى پڕۆسەکە، لەبەرانبەر بەردەوامى هاوکارییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیماناندا.
لە لێکتێگەیشتنەکەدا، پنتاگۆن دوو مەرجى داناوە بۆ بەردەوام بوونى هاوکارییەکان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لەدواى کۆتایی هاتنى، کە بریتین لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، چاکسازیی و ریفۆرم. ئەو بڕە پارەیە مانگانە دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار و لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگەوە وەک هاوکاریی دەدرێتە ئەو هێزانەى کە یەکیانگرتووەتەوە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە لە 28ى نیسانى 2025 لە مەراسیمى پلاتفۆرمى دیجیتاڵى وەزارەتى پێشمەرگە لە هەولێر رایگەیاند، بەپێی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ پنتاگۆن دەبێت کۆتایی 2026 بگەنە ئەنجامى کۆتایی و هەموو هێزەکان بخرێنە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگەوە.
"نزیکەى نیوەى هێزەکان یەکنەخراونەتەوە"
بەپێی دوایین راپۆرتى پشکنەرى گشتى ئەمەریکا لەبارەى هەڵسەنگاندنى کارەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمان لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا لە عێراق و سوریا و هەرێمى کوردستان، بەپێی لێکتێگەیشتنى ئەمەریکا و وەزارەتى پێشمەرگە 138 هەزار پێشمەرگە دەخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتى پێشمەرگەوە، بەڵام تا کۆتایی ئایارى ئەمساڵ 72 هەزار پێشمەرگە خراونەتە ژێر کۆنتڕۆڵى وەزارەتەکەوە، بەو پێیەش 66 هەزار پێشمەرگە کە نزیکەى نیوەى ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگەیە هێشتا یەکنەخراونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا ژمارەیەکى گەورەى پێشمەرگە لەدەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە و لەژێر فەرماندەیی حزبیدا ماونەتەوە کە خۆیان لە هێزەکانى 70 ى یەکێتى و 80 ى پارتى دەبیننەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، تا ئێستا هەژموونى حزب بەسەر پێشمەرگەوە ماوە، سەرەڕاى هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دروستکردنى فیرقە و لیواى یەکگرتوو، هەرچەندە هەوڵەکان دروستکردنى چەندین یەکەى سەربازییان لەژێر فەرماندەیی یەکگرتوودا لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئەو یەکانە هێشتا پارێزگاریان لەفەرماندە حزبییەکان کردووە و لەناوچەى ژێر هەژموونى حزبەکانیان کاردەکەن.
بەپێی لێکتێگەیشتنى پنتاگۆن و وەزارەتى پێشمەرگە، پێویستە هێزەکانى پێشمەرگە بەتەواوى رێکبخرێنەوە لەژێر فەرماندەیی وەزارەتى پێشمەرگەدا لەچوارچێوەى 11 فیرقەدا. لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا سێ لەو فیرقانە لەکۆى 11 فیرقە بەتەواوى دەستبەکاربوون و سیانى دیکە هێشتا بەشێوەى سەرەتایی دەستبەکاربوون.
راپۆرتەکە دەریدەخات کە پڕۆسەى چاکسازیی بەتەواوى پێشمەرگەى یەکنەخستووەتەوە، بەڵکو ئەوەى هەیە دووبارە رێکخستنەوەیە.
