حكومەتی كرد بە كاربەڕێكەر؛ دادگای فیدراڵی كۆتایی بە كارەكانی پەرلەمان هێنا

#دادگای فیدراڵی#عێراق#حکومەت#پەرلەمان#کاربەڕێکەر
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێك كۆتایی بە كارەكانی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێنا و حكومەتیشی كرد بە كاربەڕێكەر، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە سەرۆك كۆمار لەكارەكانی بەپێی دەستور بەردەوام دەبێت بەبێ هیچ گۆڕانكارییەك.
  • هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، حكومەتی عێراق چیتر دەسەڵاتی واژۆكردنی پەیماننامە و رێككەوتنی نێودوڵەتی نییە، لەگەڵ كردنی گرێبەست كە كار لەسەر لایەنی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وڵات بكات، جگە لەوەی دەسەڵاتی نییە لە ئاستی باڵادا فەرمانبەر دابمەزرێنێت یاخود بیبەخشێت لە كارەكەی، یاخود دووبارە پەیكەربەندی وەزارەت و فەرمانگەكان دابڕێژێتەوە.
Primary Asset

سبەی

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێك كۆتایی بە كارەكانی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێنا و حكومەتیشی كرد بە كاربەڕێكەر، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە سەرۆك كۆمار لەكارەكانی بەپێی دەستور بەردەوام دەبێت بەبێ هیچ گۆڕانكارییەك.

بەپێی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە واژۆی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن سەرۆكی دادگاكەی لەسەرە، ئەو رۆژەی دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی عێراق ئەنجامدرا كۆتایی بە كارەكانی پەرلەمانی پێشوو دێت و چیتر دەسەڵاتی چاودێریكردن و داڕشتنی یاساكانی نامێنێت، دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیرانیش لە دەسەڵاتی تەواوەوە دەگۆڕێت بۆ چەند دەسەڵاتێكی دیاریكراو لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی رۆژانە، وەكو ئەو بڕیارانەی كە ناكرێت دوابخرێن، كە بەهۆیەوە گرەنتی بەردەوامبوون كارەكانی رۆژانەی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكات.

هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، حكومەتی عێراق چیتر دەسەڵاتی واژۆكردنی پەیماننامە و رێككەوتنی نێودوڵەتی نییە، لەگەڵ كردنی گرێبەست كە كار لەسەر لایەنی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وڵات بكات، جگە لەوەی دەسەڵاتی نییە لە ئاستی باڵادا فەرمانبەر دابمەزرێنێت یاخود بیبەخشێت لە كارەكەی، یاخود دووبارە پەیكەربەندی وەزارەت و فەرمانگەكان دابڕێژێتەوە.

سەبارەت بە سەرۆك كۆمار، بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق، بەپێی بەندی (دووەم/ب) لە ماددەی (72) ی دەستوری عێراق بۆ ساڵی 2005، بەردەوام دەبێت لە كارەكانی دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ و كۆبوونەوەی.

لە كۆتایی نوسراوەكەی دادگای فیدراڵی ئاماژە بەوەدراوە، بڕیارەكە كۆتاییە و پابەندكەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەكان بەپێی هەردوو ماددەی (93/دووەم و 94) لە دەستوری عێراق بۆ ساڵی 2005 و ماددەی (چوار/دووەم و پێنجەم/دووەم) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 30 ساڵی 2005.

ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر داواكاری لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق بووە، بۆ روونكردنەوەی دەقی ماددەی (56) لە دەستوری ساڵی 2005 ی عێراق.

كاتژمێر حەوتی سەر لەبەیانی سێشەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی هات.

رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 56.11% بووە و بەرزترین رێژەی بەشداری لە دهۆك بووە، ئەوەش بەپێی ئاماری كۆمسیۆن.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، نزیكەی 30 ملیۆن عێراقی لەكۆی 46 ملیۆن مافی بەشداریكردنیان هەبوو لە هەڵبژاردن و نزیكەی نۆ ملیۆن كەسیان بێبەش بوون بەو پێیەی تۆمارەكانیان نوێنەكردبووەوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی