سودانى گەڕایەوە کۆبوونەوەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى

#سودانى#چوارچێوەى هەماهەنگى
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق گەڕایەوە کۆبوونەوەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى
  • بەشێک لەلایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى دژایەتى خۆیان نیشانداوە بۆ ویلایەتى دووەمى سودانى
Primary Asset

سبەى

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق گەڕایەوە کۆبوونەوەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى و بەشدارى یەکەم کۆبوونەوەى چوارچێوە کرد لەدواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنەوە.

کۆبوونەوەکە هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا سەرجەم سەرکردە دیارەکانى چوارچێوە ئامادەبوون لەناویاندا نورى مالیکى، سودانى، عەبادى، خەزعەلى، عامرى، حەکیم، هومام حەمودى.

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، بەشێک لەلایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى دژایەتى خۆیان نیشانداوە بۆ ویلایەتى دووەمى سودانى لە پۆستى سەرۆک وەزیران کە سودانى هەوڵى بۆ دەدات.

دیارترین ئەو لایەنانە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاساى نورى مالیکییە کە رۆژى دووشەممە لەرونکردنەوەیەکدا جەختى لەسەر هەڵوێستى نەگۆڕى لەو بارەیەوە کردەوە و سەرجەم ئەو هەواڵانەى رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن لە بەرانبەر پێدانى گرەنتى رازییە بە ویلایەتى دووەمى سودانى.

چوارچێوەى هەماهەنگى شیعى دەسەڵاتدار لە عێراق لەپێش و دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانەوە چەند جارێک جەختى لەیەک هەڵوێستى و هەوڵدان بۆ  پێکهێنانى حکومەت کردووەتەوە لەلایەن هاوپەیمانێتییەکەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە سودانى یەکێک لە سەرکردە دیارەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بەهاوپەیمانێتییەکى سەربەخۆ بەشدارى هەڵبژاردنى کرد و پلەى یەکەمى بەدەستهێناوە، لایەنەکانى دیکەى چوارچێوەش بەچەند لیستێکى جیاجیا چوونە هەڵبژاردنەوە.

هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان بەسەرۆکایەتى سودانى، لەهەڵبژاردنى پەرلەماندا توانى نزیکەى 46 کورسی بەدەستبهێنێت و لە پلەى یەکەمدایە.

سەرەڕای ئەوە، ئەم ئەنجامانە سودانییان لە خولی دووەم نزیک نەکردووەتەوە، بەو پێیەى رووبەڕووی دژایەتییەکی ئاشکرا بووەتەوە لەلایەن سیاسەتمەدارە کاریگەرەکانی ناو چوارچێوەى هەماهەنگى، کە دیارترینیان نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە کە نزیکەی 29 کورسی بەدەستهێنا، جگە لە بوونى تێبینى لەلایەن سەرکردەکانی دیکەی وەک قەیس خەزعەلی و عەمار حەکیم.

بەوتەى سەرچاوەکان، چوار گەورەترین هێزى ناو چوارچێوە رێکەوتوون لەسەر رەتکردنەوەى ویلایەتى دووەمى سودانى.

خەمڵاندنەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم هێزانە لەگەڵ هاوپەیمانییەکانی دیکەی شیعەکان زیاتر لە 100 کورسییان هەیە، بەمەش ئەگەر هەیە بتوانن "گەورەترین فراکسیۆن" پێکبهێنن، کە سیستمی سیاسی عێراق رێگەی پێدەدات بۆ کاندیدکردنی سەرۆک وەزیران.

 لە مادەی ٧٦ی دەستووردا هاتووە سەرۆک کۆمار لە ماوەی پانزە ڕۆژدا لە بەرواری هەڵبژاردنییەوە کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانی دەسپێرێت بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ، بەڵام لێکدانەوەی چەمکی "گەورەترین فراکسیۆن" لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ەوە وەک خاڵێکی مشتومڕ ماوەتەوە. دادگای باڵای فیدراڵی دەڵێت گەورەترین فراکسیۆن دەتوانرێت ئەو لیستە بێت کە پێش هەڵبژاردن زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت یان هاوپەیمانییەکی دوای هەڵبژاردن کە زۆرینەی پەرلەمانی پێکدەهێنێت.

سەرچاوە نزیکەکان لە سودانی پشتڕاستی دەکەنەوە کە پابەندە بە سیاسەتەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"، سەرەڕای پێداگری لەسەر دووبارە کاندیدکردنی بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران.

هاوکات، سیاسەتمەدارانی دیکە پێیان وایە ڕەنگە هەندێک لە هێزەکانی ناو هاوپەیمانی شیعەکان دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێویستیان بە چاوخشاندنەوە هەبێت بە هەڵوێستەکانیاندا، بەتایبەتی کە هەندێک هێز کورسی زیاتریان بەدەستهێناوە لەوەی چاوەڕوان دەکرا، ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوە هەیە.

 سیاسەتمەدارێکی ئاگاداری عێراقی کە ناوى نەهێنراوە بە رۆژنامەکەى وتووە، ناکۆکییەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان بە پێویستی هەماهەنگی هەموو لایەنەکان هەیە بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى. 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی هێزە جیاوازەکان لەسەر سودانی جیاوازە، هەروەها پێکهێنانی هەر حکومەتێک بەستراوەتەوە بە دانوستان لەناو چوارچێوەدا، هەروەها لەگەڵ لایەنە سوننە و کوردییەکان کە رەنگە هەوڵی سەپاندنی مەرجەکانیان بدەن لە دانوستانەکاندا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی