
ئەنجامەکان سەرکەوتنى هاوپەیمانێتییەکەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران نیشان دەدەن لە پارێزگاى بەغداد
سبەى
چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان لە عێراق پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆنى بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو راگەیاند، ئەوەش راستەوخۆ دواى راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژارن لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە، دواى هەفتەیەک لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن.
راگەیاندنى گەورەترین فراکسیۆن لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە، لەکۆبوونەوەى سەرکردەکانى چوارچێوە لەناویاندا محەمەد شیاع سودانى بڕیارى لەسەر درا کە لە نوسینگەى حەیدەر عەبادى بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە.
چوارچێوەى هەماهەنگى جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگى یەکلاییکردنەوەى پێکهێنانى حکومەت و شایستە دەستورییەکان لەوادەى دەستوریدا.
هەروەها رێککەوتنى لەسەر پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانی لە سەرجەم قەوارە پێکهێنەرەکانی بەپێی ڕێکارە دەستوورییەکان راگەیاند و دوو لیژنەى پێکهێنا.
لیژنەى یەکەم تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر کارە لەپێشینەکان بۆ قۆناغی داهاتوو و پەرەپێدانی دیدێکی یەکگرتوو بۆ مەرجەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لیژنەى دوەمیش چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکان دەکات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەپێی پێوەرەکانی پیشەیی و نیشتمانی.
چوارچێوەى هەماهەنگى هەروەها پێوەرەکانى دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى پەسەندکرد.
راگەیاندنى ئەنجامەکان
ئەنجامەکان سەرکەوتنى هاوپەیمانێتییەکەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران نیشان دەدەن لە پارێزگاى بەغداد و بەشێکى زۆرى پارێزگاکان، لەکاتێکدا بەشێک لە رکەبەرەکانى لە چوارچێوەى هەماهەنگى پارێزگارییان لە ژمارەى کورسییەکانیان کردووە.
بەپێی ئەنجامەکان لە پارێزگاى بەغداد هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان بەسەرۆکایەتى سودانى لەپلەى یەکەمدایە بەبەدەستهێنانى 15 کورسى و بەگشتى لەسەر ئاستى سەرجەم پارێزگاکان 46 کورسی بەدەستهێناوە.
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دواى راگەیاندنى ئەنجامەکان دەرگاى تانەدانى لە ئەنجامەکان کردەوە و لایەنەکان لەماوەى سێ رۆژدا دەتوانن تانە لە ئەنجامەکان بکەن.
