
سبەى
لەگەڵ مەترسییە بەردەوامەکانی سەرهەڵدانەوەی گروپە توندڕەوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رێکخراوی داعش ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت، بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین ئەندام بەتایبەتی لە بەریتانیادا. هاوکات هەڵمەتێکی بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی خۆی لە سوریا دەستپێکردووە.
رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی ئاشکرایکردووە، رێکخراوی داعش پەنای بردووەتەبەر زیرەکی دەستکرد، بۆ پەیوەندی بەستن بە جیهادییەکانی بەریتانیا و بەکارهێنانیان لە پرۆسە جیاوازەکان لە ئەوروپا و ئامادەکردنیان بۆ پەلکێشکردنیان بۆ ناو شانە چەکدارییە نووستووەکانیان.
دەزگای هەواڵگری بەریتانیا، چاودێری زیادبوونی پشتبەستنی گروپە توندڕەوەکان بەتایبەتی داعش و قاعیدە بە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد دەکات. بەدیاریکراوی لە هەڵمەتەکانی پڕوپاگەندە و پەیوەندی بەستن لەگەڵ جیهادییەکانی بەریتانیادا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسی سەرهەڵدانەوەی ئەو دوو رێکخراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا لە ئارادایە.
لەو بارەیەوە کەین مککالوم بەڕێوەبەری گشتی دەزگای هەواڵگری بەریتانیا لە وتاری ساڵانەی خۆی تایبەت بە هەڕەشەکان و مەترسییەکان وتوویەتی، داعش و قاعیدە جوڵەکانیان چالاکتر کردووەتەوە و قەیران و نا سەقامگیری لە ئاستی جیهاندا، بۆ ئامانج و پرۆسە نهێنییەکانیان بەکاردەهێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی زانیارییەکان کە رۆژنامەی تیلیگراف ئاشکرایکردووە، داعش بەسودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای نوێ و زیرەکی دەستکرد و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، هەڵمەتێکی لە سوریا دەستپێکردووە بۆ راکێشانی ئەندام و زیادکردنی چەکدارەکانی.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا هاتووە، داعش بە سود وەرگرتن لە زیرەکی دەستکرد، بە کاتێکی کەم بڵاوکراوە و راگەیەندراوەکانی لە عەرەبیەوە بۆ دەیان زمان وەردەگێڕێت و پێش دەستنیشانکردنیان و دواتر سڕینەوەیان، لە سۆشیال میدیادا بڵاویاندەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە هزری رێکخراوەکە بە ئاسانی بگاتە جیهان.
