هەڵوێستى نوێ لە هاوپەیمانێتییەکانى سودانى و مالیکییەوە؛ کێبڕکێ لەسەر کورسی سەرۆک وەزیران گەرم دەبێت

#عێراق#هەڵبژاردن#سودانى#مالیکى#چوارچێوەى هەماهەنگى#پۆستى سەرۆک وەزیران
17 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هاوپەیمانێتییەکەى سودانى: بەشێک لە لایەنەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى پشتیوانى ویلایەتى دووەمى سودانى دەکەن
  • هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا: ئێمە دەمانەوێت مالیکی ببێتە سەرۆک وەزیران لە حکومەتی داهاتوودا و خودی مالکيش ئەوەى دەوێت
Primary Asset

سودانى و مالیکى کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو دەکەن

سبەى

هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان "پەیامى ئەرێنى" بەشێک لە لایەنەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ پشتیوانیکردنى ویلایەتى دووەمى سودانى ئاشکرادەکات، دەوڵەتى یاساش جەختدەکاتەوە کە مالیکى دەیەوێت بۆ ئەو پۆستە دیاریبکرێت.

رۆژى دووشەممە هاوکات لەگەڵ راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، سودانى گەڕایەوە کۆبوونەوەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى، لەکاتێکدا لەدەرەوەى چوارچێوە و بەهاوپەیمانێتییەکى سەربەخۆ بەشدارى هەڵبژاردنى کرد.

 بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان بەسەرۆکایەتى سودانى بە بەدەستهێنانى 46 کورسی پلەى یەکەمى ریزبەندییەکەى گرتووە، دواى ئەویش هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا دێت بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى کە 29 کورسی بەدەستهێناوە.

موشریق فەریجى سەرکردە لە هاوپەیمانێتییەکەى سودانى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لێکتێگەیشتنە راستەوخۆکان نەخشەى قۆناغى داهاتوو بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیران دەکێشن، بەشێک لە لایەنەکان لەدەرەوەى قەبارەى خۆیان هەوڵى سەپاندنى مەرج دەدەن.

وتیشى هاوپەیمانێتییەکەیان سورە لەسەر کاندیدکردنى سودانى بۆ ویلایەتى دووەمى سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بوونى پەیامى ئەرێنى لەناو لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بەرەو پێدانەوەى متمانە بە سودانى.

 فەریجى پێیوایە، زۆرینەى چوارچێوە ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە ئەگەر مالیکیش لەگەڵیدا نەبێت و جموجۆڵى خێرا هەیە بۆ پێکهێنانى حکومەت.

چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان رۆژى دووشەممە پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆنى بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو راگەیاند، ئەوەش راستەوخۆ دواى راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژارن لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە، دواى هەفتەیەک لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن.

راگەیاندنى گەورەترین فراکسیۆن لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە، لەکۆبوونەوەى سەرکردەکانى چوارچێوە لەناویاندا محەمەد شیاع سودانى بڕیارى لەسەر درا کە لە نوسینگەى حەیدەر عەبادى بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە.

عەلا حەدادى ئەندامى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کورسییەکانی سودانییەوە خاوەنى ١٨٦ کورسییە، "سودانی لە ڕووی لۆژیکی و پراکتیکی و واقیعیەوە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەى ناتوانێت بەبێ چوارچێوە بەردەوام بێت، بەتایبەتى لەناو هاوپەیمانێتییەکەیدا چەند سەرکردەیەک هەن کە پێکهێنەرەکى سەرەکى چوارچێوەن، وەک فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی".

وتیشى "ئێمە دەمانەوێت مالیکی ببێتە سەرۆک وەزیران لە حکومەتی داهاتوودا و خودی مالکيش ئەوەى دەوێت، هەروەها حەمید شەتری سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەو ناوانەن کە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەبەرچاو دەگیرێن و هەرکەسێک پێی وایە شایستەی سەرۆک وەزیرانە با بچێت و لەگەڵ لیژنەی چوارچێوە کۆببێتەوە کە چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکان دەکات".

لیژنەى تایبەت بە چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکانى سەرۆک وەزیران رۆژى دووشەممە لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە پێکهێنرا، لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەیەکى دیکە تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر کارە لەپێشینەکان بۆ قۆناغی داهاتوو، بەرکەوتەى لایەنەکانى دیکە.

محەمەد شیاع سودانى رۆژى سێشەممە لە دیدارى مێپس لە دهۆک جەختیکردەوە، هاوپەیمانێتییەکەى بەشێکی سەرەکی چوارچێوەی ھەماھەنگییە و خواستى بۆ وەرگرتنى ویلایەتى دووەم خواستێکى کەسى نییە، بەڵکو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیەک کە دەستیان پێکردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی