
سبەى
نهێنی خۆگونجاندنی جۆرێک لە جاڵجاڵۆکە لە کەشە زۆر سارد و بەستووەکان دۆزرایەوە، کە پەیوەندی بە دروستکردنی پرۆتینێکەوە هەیە و ئەو مێرووە بەرهەمی دەهێنێت، بەجۆرێک وای لێدەکات لەو کەشانەشدا چالاک بمێنێتەوە و بەردەوامبێت لە دروستکردنی تۆڕەکانی، بە تایبەتی لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا.
توێژینەوەیەک کە لە پێگەی "فیبس جۆرناڵ" دا بڵاوکراوەتەوە، نهێنی توانای جاڵجاڵۆکەی جۆری کلۆبیۆنای ئاشکرا کردووە، کە لە کەشە سارد و بەستووەکاندا چالاک دەمێننەوە، لە کاتێکدا زۆربەی بۆنەوەر و مێرووە بچوکەکانی دیکە ئەو توانایەیان نییە و لەو کەشانەدا مت دەبن و خۆیان دەشارنەوە.
جاڵجاڵۆکەی کلۆبیۆنا لە بەربڵاوترین جاڵجاڵۆکەی کێڵگە کشتوکاڵییەکانە، ئەوەش رۆڵی گەورەی ئەو مێرووە لە قەڵاچۆکردنی مێرووە زیان بەخشەکان بەبێ بەکارهێنانی قڕکەرە کیمیاییەکان دەخاتەڕوو، کە دەبنە خۆراکی جاڵجاڵۆکەکان.
پرۆتینی دژە بەستن
ئەم جاڵجاڵۆکانە توانایەکی ناوازەیان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆتینی دژە بەستن. ئەمەش رێگەیان پێدەدات لە پلەی گەرمی ژێر سفردا چالاک بمێننەوە. دۆزینەوەکە، سوودێکی بێ سنوور دەبەخشێتە ئەو توێژەرانەی کە لە ستراتیجیەکانی مانەوە لە ژینگە سەختەکاندا دەکۆڵنەوە.
میکانیزمی کارکردنی پرۆتینەکە بەشێوەیەکە، کە شلەکانی ناوەوەی جاڵجاڵۆکان لە بەستن دەپارێزن و ناهێڵیت دابەزینی پلەی گەرما بۆ ژێر پلەی سەدی کاریان تێبکات.
رۆڵی گرنگی جاڵجاڵۆکە لە کشتوکاڵدا
بەپێی توێژینەوەکە، جاڵجاڵۆکە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە سیستمی سروشتی کشتوکاڵدا، بەو پێیەی لە هەر چوار وەرزدا چالاکن و زیانی مێرووە زیانبەخشەکان سنوورداردەکات، هاوکات پێویستی بەکارهێنانی قڕکەرە کیمیاییەکان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان کەمدەکاتەوە.
