
سبەى
ڤیتامین دى پێویستە بۆ تەندروستی مرۆڤ، لەبەرئەوەی بەشدارە لە بەرهەمهێنانی وزەدا، سیستەمی بەرگری بەهێز دەکات، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەندروستی ئێسک و ماسولکەکاندا. هەرچەندە دەتوانرێت لە تیشکی خۆر و هەندێک خۆراکەوە بەدەستبهێنرێت، بەڵام زۆر جار بە بێ دەنگی کەمدەبێتەوە.
نیشانە دیارەکانی کەمبوونەوەی ڤیتامین دى، بەپێی پێگەی پزیشکی ڤێریوێڵ هێڵس ئەمانەن :
ماندوێتی و لاوازی گشتی
ماندوێتی بەردەوام یەکێکە لە نیشانە باوەکانی کەمی ڤیتامین دى. سەرچاوە پزیشکییەکان روونی دەکەنەوە، ئەم ڤیتامینە یارمەتی خانەکان دەدات وزە بەرهەم بهێنن، بۆیە کەمبوونەوەی دەبێتە هۆی ماندوێتی بەردەوام .
گۆڕانی باری دەروونی
کەمبوونەوەی ڤیتامین دى دەبێتە هۆی گۆڕان لە باری دەروونیدا، وەکو توڕەیی و دڵەڕاوکێ. هەروەها توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو ڤیتامینە ئاستی سیرۆتۆنین (هۆرمۆنی دڵخۆشی) بەرز دەکاتەوە.
خەمۆکی
کەمی ڤیتامین دى دەبێتەهۆی دروستبوونی نیشانەکانی خەمۆکی. چونکە ئەم ڤیتامینە کاریگەری لەسەر هاوسەنگی ماددە کیمیاییەکان لە مێشکدا هەیە، کە رۆڵێکی سەرەکی لە تەندروستی دەروونیدا دەگێڕن.
کەمبوونەوەی چالاکی جەستەیی و بێهێزی
کەمی ڤیتامین دى دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکی جەستەیی، ئەویش بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر کوالێتی خەوتن. جگە لەوەش بێهێزی و کەمی وزە نیشانەیەکی باون لە نێو ئەو کەسانەی کە ڤینامینەکە لە جەستەیاندا کەمدەبێتەوە.
هەڵوەرینی قژ
هەڵوەرینی قژ پەیوەندی بە کەمی ڤیتامین دییەوە هەیە، بەتایبەتی ئەگەر بە خێرایی رووبدات. کەمبوونەوەی ڤیتامین دى دەبێتە هۆی لاوازبوونی تاڵەکانی قژ و کەمکردنەوەی گەشەی قژی نوێ.
سەختی دابەزاندنی کێش
چەندین توێژینەوە ئاماژە بە پەیوەندی نێوان کەمی ڤیتامین دى و سەختی لە کۆنتڕۆڵکردنی کێشدا دەکەن. کەمبوونەوەی رێگری دەکات لە سووتانی چەوری. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتەهۆی زیادبوونی کێشی لەش، سەرەڕای پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست و چالاکیی جەستەیی.
