"280 ملیار دینار"؛ هەرێم کەمبوونەوەى تێچووى مووچە لەسەر بەغداد رادەگەیەنێت

#هەرێمى کوردستان#عێراق#مووچە
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئامانج رەحیم: هەرێم بە داهاتی نەوتى و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش  هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات
Primary Asset

سبەى

سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دینارە.

ئامانج رەحیم سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە شیکردنەوەیەکدا کە دەست "سبەى" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە ئێستادا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش  هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات.

رونیشیکردووەتەوە، بە گوێرەی دوا لێدوانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باکور بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت) دەکاتە (545 ملیار) دینار مانگانە، کە داهاتەکەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە. بڕی 120 ملیار دیناری دیکەی مانگانەش وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە کاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق.

خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 945 ملیار دینارە، ئامانج رەحیم دەڵێت، بە لێدەرکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر حسابی دارایی فیدڕاڵ لە کۆی گشتی تێچووی مووچەی هەرێم، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها (280 ملیار) دیناری پێویستە کە بە ڕێژە دەکاتە 30%ی مووچەی مانگانە.

باسى لەوەشکردووە، هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بکەین کە 16$ ە بۆ یەک بەرمیل، ئەو کات کولفەی مووچەی مانگانەی هەرێم بە بە کولفەی نەوتیشەوە تەنها نزیکەی 400 ملیار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی دەکەوێت کە دەکاتە ڕێژەی 40% ی مووچەی مانگانە، و ئەو کاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی  60% ی مووچەی خۆی لە داهاتی کاشی خۆی دابین کردووە.

رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025)  هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگرتنی دەستیپێكردەوە، ئەوەش بەپێی رێككەوتنێكی سێ قۆڵی بەغداد و هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان، بەڵام ئەو رێككەوتنەش كێشەی مووچەی چارەسەر نەكرد.

مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تا ئێستا چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی ناردنی مووچەی دوو مانگی ئەمساڵیانن. بەڵام بەپێی ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2025 نزیك دەبینەوە و حكومەتی عێراق هەموو جارێك لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی داوە، چارەنوسی مووچەی مانگی 11 و 12 ی ئەمساڵ بە نادیاری دەمێنێتەوە.

لە ئێستادا فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى مووچەى مانگى نۆى ئەمساڵن لەلایەن بەغدادەوە، کە لەئەگەرى ناردنیدا چاوەڕواندەکرێت دابەشكردنەكەی هاوكات بێت لەگەڵ دەستپێكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق.

پێش ناردنى مووچە لەلایەن بەغدادەوە، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رۆژى چوارشەممە بڕی سەدو بیست ملیار دینارى وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئەیلول خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی