
سبەى
چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان ناوى دوو کاندیدى چاوەڕوانکراو بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو بە "نهێنى" دەهێڵێتەوە و خستنەڕووى کاندیدەکانى ئێستا لە میدیادا زیاتر بۆ سوتاندنى چانسیانە، ئەوەش بەوتەى سەرکردەیەکى شیعى، لەکاتێکدا چوارچێوە دەرگاى خۆکاندیدکردنى بۆ ئەو پۆستە کردووەتەوە.
لەدواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنەوە، لەدەزگاکانى راگەیاندن لانى کەم ناوى 10 کاندیدى چاوەڕوانکراو دەستاودەست دەکرێت بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو، کە دیارترینیان سودانى و مالیکى و عەبدولئەمیر شەمەرى وەزیرى ناوخۆیە.
سەرکردەکە کە نزیکە لە ناوەندى بریارى شیعەکانەوە بە رۆژنامەى "مەدا"ى عێراقى راگەیاندووە، خستنەڕووى ناوەکانى ئێستا بۆ سوتاندنە، تەنها بۆ زانینى راى شەقام و هێزە سیاسییەکانە لەبارەیانەوە.
وتیشى پڕۆسەى سوتاندنى ناوەکان بەردەوام دەبێت تا چوارچێوەى هەماهەنگى دەگاتە دوایین دوو ناو لەناو کاندیدەکاندا کە تا ساتەکانى کۆتایی ئاشکرایان ناکات و پێدەچێت ئاشکراکردنیان بکەوێتە کۆتایی ئەمساڵ یان تا شوباتى 2026 ناوەکانیان رابگەیەنرێن.
ئەو سەرکردەیە کە پێشتر وەزیر بووە دەڵێت، چونەوەى سودانى بۆ ناو چوارچێوەى هەماهەنگى هیچ گرەنتییەکى لەخۆ نەگرتووە بۆ پێدانى ویلایەتى دووەم، ژمارەیەک لە حزبە شیعییەکان سودانى بە دوایین بژاردە دادەنێن بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران.
سودانى رووبەڕووى رکەبەرەکى توندى نورى مالیکى بووەتەوە لەسەر سەرۆکایەتى حکومەتى داهاتوو، هەروەها ناوى حەیدەر عەبادیش لەو ناوەندەدا باسى لێوەدەکرێت، بەڵام هاوپەیمانێتییەکەى ئەوەى رەتکردەوە.
هەر لەناو لیستەکەدا ناوى عەبدولئەمیر شەمەرى وەزیر ناوخۆش دەهێنرێت، لەگەڵ ناوى هادى عامرى سەرۆکى رێکخراوى بەدر، حەمید شەترى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى، عەلى شوکرى وەزیر و پەرلەمانتارى پێشوو.
بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان بەسەرۆکایەتى سودانى بە بەدەستهێنانى 46 کورسی پلەى یەکەمى ریزبەندییەکەى گرتووە، دواى ئەویش هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا دێت بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى کە 29 کورسی بەدەستهێناوە.
موشریق فەریجى سەرکردە لە هاوپەیمانێتییەکەى سودانى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لێکتێگەیشتنە راستەوخۆکان نەخشەى قۆناغى داهاتوو بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیران دەکێشن، بەشێک لە لایەنەکان لەدەرەوەى قەبارەى خۆیان هەوڵى سەپاندنى مەرج دەدەن.
وتیشى هاوپەیمانێتییەکەیان سورە لەسەر کاندیدکردنى سودانى بۆ ویلایەتى دووەمى سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بوونى پەیامى ئەرێنى لەناو لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بەرەو پێدانەوەى متمانە بە سودانى.
فەریجى پێیوایە، زۆرینەى چوارچێوە ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە ئەگەر مالیکیش لەگەڵیدا نەبێت و جموجۆڵى خێرا هەیە بۆ پێکهێنانى حکومەت.
چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان رۆژى دووشەممە پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆنى بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو راگەیاند، ئەوەش راستەوخۆ دواى راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژارن لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە، دواى هەفتەیەک لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن.
راگەیاندنى گەورەترین فراکسیۆن لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە، لەکۆبوونەوەى سەرکردەکانى چوارچێوە لەناویاندا محەمەد شیاع سودانى بڕیارى لەسەر درا کە لە نوسینگەى حەیدەر عەبادى بەڕێوەچوو.
عەلا حەدادى ئەندامى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کورسییەکانی سودانییەوە خاوەنى ١٨٦ کورسییە، "سودانی لە ڕووی لۆژیکی و پراکتیکی و واقیعیەوە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەى ناتوانێت بەبێ چوارچێوە بەردەوام بێت، بەتایبەتى لەناو هاوپەیمانێتییەکەیدا چەند سەرکردەیەک هەن کە پێکهێنەرەکى سەرەکى چوارچێوەن، وەک فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی".
وتیشى "ئێمە دەمانەوێت مالیکی ببێتە سەرۆک وەزیران لە حکومەتی داهاتوودا و خودی مالکيش ئەوەى دەوێت، هەروەها حەمید شەتری سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەو ناوانەن کە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەبەرچاو دەگیرێن و هەرکەسێک پێی وایە شایستەی سەرۆک وەزیرانە با بچێت و لەگەڵ لیژنەی چوارچێوە کۆببێتەوە کە چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکان دەکات".
لیژنەى تایبەت بە چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکانى سەرۆک وەزیران رۆژى دووشەممە لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە پێکهێنرا، لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەیەکى دیکە تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر کارە لەپێشینەکان بۆ قۆناغی داهاتوو، بەرکەوتەى لایەنەکانى دیکە.
محەمەد شیاع سودانى رۆژى سێشەممە لە دیدارى مێپس لە دهۆک جەختیکردەوە، هاوپەیمانێتییەکەى بەشێکی سەرەکی چوارچێوەی ھەماھەنگییە و خواستى بۆ وەرگرتنى ویلایەتى دووەم خواستێکى کەسى نییە، بەڵکو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیەک کە دەستیان پێکردووە.
