دیمەنێکی سیاسی پەرت و بڵاو؛ ماراسۆنى دواى سندوقەکانى دەنگدان لە عێراق

#عێراق#هەڵبژاردن#پێکهێنانى حکومەت
5 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی ئەم مانگە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو، بەڵام دیمەنێکی سیاسی پارچەپارچەی لە دوای خۆی بەجێهێشت.
  • پێدەچێت پێکهێنانی حکومەت ماوەیەکی درێژ بخایەنێت، چونکە سێ پێکهاتەى سەرەکی ئاینی-نەتەوەیی عێراق بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان رکابەری قورسی یەکتر دەکەن.
Primary Asset

سبەى

لە کاتێکدا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق لە کەشێکی ئارامدا بەرێوەچوو، بەڵام پێناچێت حکومەت هەروا بە ئاسانی پێکبهێنرێت و لایەنە سیاسییەکان لە رکابەرییەکی گەورەدان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەسکەوت و سێ پێکهاتە سەرەکییەکەش بەشێوەیەکى پەرت و بڵاو ماونەتەوە، بۆیە پێدەچێت پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت ماوەیەکى زۆر بخایەنێت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی ئەم مانگە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو،  بەڵام دیمەنێکی سیاسی پارچەپارچەی لە دوای خۆی بەجێهێشت.

لە کاتێکدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، بەسەرۆکایەتى هوپەیمانێتییەک زۆرترین کورسی بەدەستهێنا، هیچ لایەنێک زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمانی دەستەبەر نەکرد.

پێدەچێت پێکهێنانی حکومەت ماوەیەکی درێژ بخایەنێت، چونکە سێ پێکهاتەى سەرەکی ئاینی-نەتەوەیی عێراق بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان رکابەری قورسی یەکتر دەکەن.

دکتۆر ئینا ڕودۆڵف، توێژەرێکی باڵا لە کۆلێژی کینگ لە لەندەن بە ڕۆژنامەی نیو عەرەبی وتووە: "هەڵبژاردنەکان بە گشتی بە شێوازێکی ئارام بەڕێوەچوو، بەڵام گرنگە لەو پرسانەش بکۆڵدرێتەوە کە بووەتە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چەند پێشێلکارییەکی پەیوەست بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاندووە، کوژرانی سەفا مەشهەدانی کاندیدێکی هەڵبژاردن لە ماوەی پێش هەڵبژاردنەکاندا سێبەری ترس و تۆقاندنی لێکەوتەوە، ئەم هۆکارانەش دەتوانێت کاریگەرییان لەسەر هەستی دەنگدەران و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە دانابێت".

بە گوێرەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان زیاتر بوو لە چاوەڕوانییەکان و رێژەی بەشداریکردن لە  43%  لە خولی رابردوو بۆ 56% لەمساڵدا بەرزبووەتەوە. لە هەرێمی کوردستان و پارێزگا سوننەکاندا رێژەی بەشداریکردن بەرچاوتر بوو، بەڵام بە گشتی لە ناوچە زۆرینە شیعەکان رێژەی بەشداری هاوڵاتیان نزمتر بوو بۆ نموونە لە پارێزگای دهۆک ڕێژەی بەشداریکردن 77.5% بووە، بەڵام لە پارێزگای میسان وەک بنکەی لایەنگرانی سودانی رێژەی بەشداریکردن تەنها  42.2% بووە.

دکتۆر سەردار عەزیز، توێژەر و نووسەر دەڵێت "ئەمجارە شتێکی سەرنجڕاکێش لە ئەنجامەکاندا هەیە و ئەویش ئەوەیە کە هیچ براوەیەکی گەورە نییە".

سەدرییەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا ٧٣ کورسییان بەدەستهێنا، ئەمەش ڕێگەی پێدان لەگەڵ سوننە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بە هەوڵێک بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە. بەڵام ئەمجارە موقتەدا سەدر بڕیاریدا بایکۆتی هەڵبژاردن بکات و بە لایەنگرانی وت دەنگ نەدەن.

بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، هاوپەیمانی نوێی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی سودانی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، کە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگە، کە دەکاتە 46 کورسی، دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی شەوێکی کەمێک نائومێدکەری بەسەر برد و ٢٩ کورسی بەدەستهێنا، بەڵام هێشتا دووەم لایەنە بەپێی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی.

عەسائبی ئەهلی حەق بە ڕێبەری قەیس خەزعەلی و هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم ئاستێکی بەهێزیان هەبوو و ٢٦ و ١٨ کورسییان بەدەستهێنا. هەروەها ڕێکخراوی بەدر بووە خاوەنى ١٨ کورسی. 

سەردار عەزیز وتى "ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی خەزعەلییە بۆ دووبارە پیناسەکردنەوەی خۆی وەک دەوڵەتمەدارێک و بزووتنەوەکەی وەک قەوارەیەکی نیشتمانی کە سەرنجی سەرەکی لەسەر عێراق بێت".

وتیشی "ئێمە هێشتا شایەتحاڵی ئەوە دەبین کە ئەدای هەڵبژاردنەکان چەندە بە وردی کاریگەری لەسەر داینامیکی دەسەڵات لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگى هێزە شیعەکان هەیە، ئەم هاوپەیمانییە بە ئاشکرا رایدەگەیەنێت کە لە ژێر چەترێکی هاوبەشدا دەتوانێت گەورەترین هاوپەیمانی پێک بهێنێت و سەرۆک وەزیران دیاری بکرێت".

لە بلۆکی سوننەدا براوەی سەرەکی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و پارتی تەقەدومە کە 26 کورسی بەدەستهێنا. رکابەرەکانی ئەنجامێکی لاوازیان بەدەستهێنا و لیستی عەزم و سیادە پیکەوە تەنها ٢٤ کورسیان بەدەستهێنا.

سەردار عەزیز پێیوایە، حەلبوسی و سوننەکان حەزیان لە زیادکردنی کاریگەری خۆیانە، سەرکەوتنیان تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە توانای یەکگرتووییان لە چوارچێوەی دینامیکی سیاسیی ئێستادا"

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پرسیارەک دەمێنێتەوە کە ئایا بەڕاستی سوننەکان دەتوانن بەرەیەکی یەکگرتوو بخەنەڕوو و پێگەی خۆیان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا بەکاربهێنن، یان هەریەکەیان هەوڵدەدەن کاریگەریی خۆیان زۆرتربکەن لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی".

هەرچى پێکهاتەى کوردییە، دوو حزبی کوردی دەسەڵاتدار لەوانەش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگاکانی خۆیاندا زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستهێنا بەڵام لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لەوانەش کەرکوک لە ئاستی پێویستدا هاوکێشەکەیان نەبردەوە.

پارتی دێموکراتی کوردستان توانی  زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی کە ئامانجێکی سەرەکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بوو بەدەستبهێنێت  بەڵام تەنها 26 کورسی مسۆگەر کرد کە بەراورد بە ساڵی 2021 کە 31 کورسی بەدەستهێنابوو پێنج کورسی کەمیکردووە.

ئەمەش بووە هۆی ڕەخنەی بەربڵاوی سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنگرانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە یاسای هەڵبژاردنی فیدراڵی عێراقیان بە یاسایەکی نادادپەروەرانە وەسف کرد و ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە سودانی لە بەغداد تەنیا بە کەمتر لە ٢٠٠ هەزار دەنگ توانی ١٨ کورسی بەدەست بهێنێت.

سەردار عەزیز وتى "جەختکردنی پارتی لەسەر ملیۆن دەنگ بۆ  قەرەبووکردنەوەی ئەگەری لەدەستدانی کورسییەکان هاتە ئاراوە".

هاوکات ئۆپۆزسیۆنی کورد گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، کۆی دەنگەکانی نەوەی نوێ نزیکەی ٦٠% دابەزیوە و لە کۆی ٩ کورسییەکەی شەش کورسی لەدەستداوە. هەرچەندە پارتەکە  زیندانیکردنی سەرکردەکەی شاسوار عەبدولواحید بە هۆکاری سەرەکی دابەزینی دەنگەکانی دەزانێت، بەڵام پێدەچێت دەنگدەرەکانیشی هیوایەکیان بە جووڵانەوەکە نەمابێت.

سەردار عەزیز دەڵێت: "رەنگە هەستانەوەی ئەو حزبە زەحمەت بێت بەتایبەت ئەگەر سەرۆکەکەى لە زینداندا بمێنێتەوە".

لە بەرانبەردا رەوتی هەڵوێست وەک رەوتێکی نوێ زۆرترین کورسی لە ناو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەدەستهێناوە بە پێنج کورسی، لە کاتێکدا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە رووی رێژەی دەنگەوە زۆرترین دەنگی لەناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەدەستهێناوە.

بەم دیمەنە سیاسییە پارچەپارچەیە، هەموو چاوەکان لەسەر پرۆسەی ئاڵۆزی پێکهێنانی حکومەتە، لە ڕابردوودا دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە ساڵێکی دەخایاند کە بریتی بوو لە هاوسەنگکردنی زنجیرەیەک لە بەرژەوەندییە ناوخۆیی و سیاسییەکان.

لە کاتێکدا لایەنە شیعەکان ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانیان لە پەرلەمان بەدەستهێناوە، سوننە و کوردەکانیش دەیانەوێت لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دڵنیابن.

پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا سودانی دەبێتە یەکەم سەرۆک وەزیران لەدوای مالیکی کە بۆ جارێکی دیکە دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت؟

سەردار عەزیز لەوبارەیەوە دەڵێت: “بەپێی لۆژیکی سیاسی عێراق نابێت جارێکی دیکە ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە کەمێک جیاوازە، بۆیە ڕەنگە ئەگەری زۆرە جارێکی دیکە دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت ئەگەرچی ئاسان و گەرەنتیکراو نییە“.

ئاماژەی بۆ ئەوەش رد زۆر سەیر نییە کە ئەگەر ئەمجارەش پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە ساڵێک بخایەنێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی