وادەی پێشكەشكردنی تانە كۆتایی هات؛ ژمارەکە بۆ زیاتر لە 800 تانە بەرزبۆتەوە

#هەڵبژاردن#تانە#کۆمسیۆن#عێراق
10 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: ژمارەی ئەو تانانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دراون، بۆ زیاتر لە 800 تانە بەرزبۆتەوە.
Primary Asset

سبەی

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو تانانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دراون، بۆ زیاتر لە 800 تانە بەرزبۆتەوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: ژمارەی ئەو تانانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دراون، بۆ زیاتر لە 800 تانە بەرزبۆتەوە.

وتیشی: پێشكەشكردنی تانە لەگەڵ كۆتاییهێنانی دەوامی ئەمڕۆ كۆتایی هاتووە، هەرچەندە هەندێك لە ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن هێشتا بەردەوامن لە ناردنی تانەكان.

پێشتر جومانە غەلای رایگەیاندبوو "ژمارەی سكاڵا زەردەكان 71 سكاڵا بوون كە لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست رەتكرانەوە".

ئەمڕۆ ئەو وادەیەی دیاریكرابوو بۆ پێشكەشكردنی تانەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتایی هات.

یاسای هەڵبژاردن مافی ئەوە بە كۆمسیۆن دەدات، لە تانەكان بكۆڵێتەوە و راپۆرتی خۆی لە ماوەی حەوت رۆژدا پێشكەش بە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بكات، دەستەكەش 10 رۆژ دەرفەتی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی تانەكان پێش ناردنی ئەنجامە كۆتاییەكان بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پەسەندكردنیان.

لە 11ـی ئەم مانگە، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دواتر لە 17ـی ئەم مانگە، كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی بڵاوكردەوە.

 پێشكەشكردنی تانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، كۆمسیۆن بەردەوامە لە دوورخستنەوەی كاندیدەكان و یەكلایكردنەوەی سكاڵای لایەنەكان.

زیاتر لە 12 ملیۆن و نۆ هەزار و 453 كەس بەشداریان لە هەڵبژاردن كردووە، لەكۆی 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەر، بەوەش رێژەی بەشداریكردن گەیشتووەتە 56.11%.

بەپێی راپۆرتی كۆتایی هاوپەیمانی تۆڕ و ڕێكخراوە نیشتمانییەكان بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردن، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن بەپێی كۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران 41% بووە و بەپێی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی تۆماری بایۆمەترییان نوێكردووەتەوە 55% بووە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2021 رێژەی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن دیاریكرد، لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری نەك لەسەر بنەمای كۆی گشتی دەنگدەران.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی