
سبەی
بەپێی زانیاریی سەرچاوە سورییەکان، دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە نیازن 400 دەستگیرکراوی ئیگۆری رادەستی چین بکەنەوە. هەرچەندە حکومەتی سوریا ناوەڕۆکی زانیارییەکان رەتدەکاتەوە، بەڵام جەختدەکاتەوە لەسەرئەوەی رێگە نادات خاکەکەی بۆ دروستکردنی مەترسی لەسەر چین بەکاربهێنرێت.
ئاژانسی فرانس پرێس لە دوو سەرچاوەی سوری زانیویەتی، حکومەتی دیمەشق بە راسپاردەی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی وڵاتەکە و لە ژێر رۆشنایی رێککەوتنە ژێربەژێرەکانیان لەگەڵ پەکین. بەتایبەتی دوای سەردانەکەی ئەسعەد شەیبانی بۆ ئەو وڵاتە، 400 دەستگیرکراوی ئیگۆر رادەستی چین دەکاتەوە، کە لە ریزەکانی دەستەی تەحریر شام و شانبەشانی سەرۆکی سوریا لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد جەنگاون.
هەرچەندە دیمەشق زانیارییەکەی رەتکردووەتەوە، بەڵام وەکو ئاماژەیەکی روون بە پرسی چەکدارە بیانییەکان لە سوریادا، کە ژمارەیان دەگاتە 15 هەزار چەکدار، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایگەیاند، رێگە نادات خاکی وڵاتەکەی بۆ دروستکردنی مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت.
هاوکات لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە رادەستکردنی چەکدارانی بزووتنەوەی ئیسلامی تورکستان لەلایەن سوریاوە، ماو نینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: بەرەنگاربوونەوەی بزووتنەوەکە کاریلەپێشینەی وڵاتەکەیەتی، ئەویش لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
راشیگەیاند: دیمەشق بەڵێنی داوە خاکەکەی بۆ دروستکردنی هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی چین و زیانگەیاندن بە ئاسایشی وڵاتەکەی بەکارنەهێنرێت. هەروەها لە سەردانەکەی ئەسعەد شەیبانیدا بەهێزکردنی هەماهەنگی چین و سوریا لە بوارەکانی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ئەوە دووپاتکرایەوە.
لەسەر دەنگۆی رادەستکردنی ئیگۆرییەکان بەچین، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریان دەدەن لە گەڕانەوەی بەزۆری ئیگۆرییەکان و دەڵێن، جێبەجێکردنی پلانەکە رووبەڕووی چارەنووسێکی تاریک و مەترسیداریان دەکاتەوە. بەو پێیەی چین پێشینەیەکی باشی نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ موسڵمانە ئیگۆرییەکان.
لەو بارەیەوە عومەر کانات، بەرێوەبەری پرۆژەی مافی ئیگۆر کە بنکەکەی لە شاری واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکایە رایگەیاند: بەڵگەکان ئەوەدەخەنەڕوو، کە سەدان کەس لەو ئیگۆرانەی لەلایەن وڵاتانی جیاجیاوە رادەستی چین کراونەتەوە، رووبەڕووی چارەنوسی نادیار بوونەتەوە و هیچ زانیارییەکیش بەردەست نییە لەسەر گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان.
عومەر کانات دەشڵێت ئەو ئیگۆرانەی دەگەڕێنرێنەوە بۆ چین، بێ سەروشوێن دەکرێن و بە تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆر رووبەڕووی توندترین سزا دەبنەوە و لەسێدارەدەدرێن. وتووشیەتی لە پێشێلکردنێکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش خێزانەکانیان ئەشکەنجە دەدرێن و رووبەڕووی گۆشەگیرکردنی کلتوری و ئاینی دەکرێنەوە.
بەرێوەبەری پرۆژەی مافی ئیگۆر ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2001وە لانیکەم 292 ئیگۆری لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە وەکو میسر و سعودیە و قەتەر و ئیمارات و سوریا، لەسەر داوای چین رادەستکراونەتەوە. هەروەها دەڵێت لە ساڵی 2017دا لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەرفراوانەکانی میسردا، دەیان خوێندکاری ئیگۆری بۆ چین گەڕێنرانەوە، کە لە زانکۆی ئەزهەر دەیانخوێند و لانیکەم دوو کەسیان لە دۆخی خراپی دەستبەسەریدا گیانیانلەدەستدا.
چەکدارانی ئیگۆر کە سەر بە بزوتنەوەی ئیسلامی تورکستانن، لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011ەوە لە پاڵ گروپە ئیسلامییەکان بە تایبەتی دەستەی تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد جەنگان، ژمارەشیان 500 چەکدارە، کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە دەستبەسەرکراون.
