
دونیا حسێنی
سبەی
بە تۆمەتی هاوكاریكردنی ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردنیان بەسەر ژنێكی كورددا سەپاند.
دونیا حسێنی، چالاكوانی سیاسی و مەدەنیی كورد، لە لایەن دادگای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "هاوكاریكردنی ئیسرائیل" سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.دوای ئەوەی بڕیاری دادگایی سەرەتایی دژی دونیا حسێنی، چالاكوانی سیاسی و مەدەنی، لە قۆناغی پێداچوونەوەدا لە لایەن لقی 36ی دادگای تارانەوە پشتڕاستكرایەوە.
وەك رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پێگەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئاماژەیان پێداوە، سزاكە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە رژێم" و "هاوكاری بۆ ئیسرائیل" دراوە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.
بڕیاری نوێی دادگا دیسانەوە سزای زیندانی بەسەر دونیا حسێنیدا سەپاندووە، كە بە نازناوی "دونیا ئازاد" چالاكی دەكات و دانیشتووی شاری تارانە.
دونیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە تاران دەستبەسەركرا، دواتر لە مانگی ئابدا بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەن لە زیندانی قەرچكی وەرامین ئازاد كرا.
پێشتریش و لە ساڵی 2023ـدا دونیا حسێنی لە دادگایەكی دیكە، سزای پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێنرابوو.
زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر، ناوەندێكی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان، بڵاویكردەوە هاوڵاتییەكی باشوری كوردستان، كە لە دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیر كرابوو، دوای چوار مانگ زیندانی كردن و ئەشكەنجەدانی، ئازاد كراوە.
لە راپۆرتەكەی هەنگاودا هاتبوو: هاوڵاتییەكە دانیشتووی ناوچەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانییە بە ناوی "ك"، دوای شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، لە تاران دەستبەسەر و ئەشكەنجە دراوە. دواتر بەبێ هیچ پاساوێك وەك تۆمەتبارێكی سیاسی چوار مانگ دەستبەسەركراوە.
بەپێی راپۆرتەكەی هەنگاو ئەو هاوڵاتییە تەمەنی نزیكەی 45 ساڵە و خەڵكی گوندی "شانەدەر"ی سەر بە شارۆچكەی سەیدسادقە. لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر كرابوو و لە كاتی دەستبەسەركردنیدا تووشی ئەشكەنجەیەكی توندی دەروونی و جەستەیی بووەتەوە تا لەژێر ئەشكەنجەدا دان بەوەدا بنێت كە سیخوری ئیسرائیل بووە لە تاران.
هەنگاو ئاشكرای دەكات ئەو هاووڵاتییە دوای پازدە ڕۆژ لە دەستبەسەركردن، لە ڕێگەی ناسیاوێكەوە، بنەماڵەكەی لە بارودۆخی خۆی ئاگادار دەكاتەوە، براكەی دەچێتە تاران و دوای ماوەیەكی زۆر چاوی پێی كەوتووە.
بە گوێرەی هەنگاو ئەو هاووڵاتییە كوردە لە گرتە ڤیدیۆیێكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردووەتەوە، ئاشكرای كردووە، رۆژی پێنجشەممە (26ـی حوزەیرانی 2025) لە كاتێكدا بە مەبەستی كڕینی كەرەستەی پزیشكی و پاكوخاوێنی چووەتە تاران، بەبێ هیچ ڕوونكردنەوەیەك، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراوە.
ئەوە لە كاتێكدایە دوابەدوای شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەیان پەنابەری ئەفغانی، كۆڵبەر و هاوڵاتی ئێرانی بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلی (مۆساد) دەستگیر كراون، لەناو ئەو كەسانەشدا لە رۆژی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند سێ كۆڵبەری كوردی لەسێدارەداوە، یەكێكیان هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان بوو، بنەماڵەكەی دەڵێن بێ تاوان بووە و بڕیار بووە ئازاد بكرێت، نەك هەواڵی لەسێدارەدانیان پێ بگەیەندرێت.
رۆژێك دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دەزگای دادوەریی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد سێ كۆڵبەری كوردی بە تۆمەتی یارمەتیدانی ئیسرائیل لەسێدارەداوە.
هەریەك لە ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و رەسوڵ ئەحمەد لە بەرەبەیانی رۆژی 24ـی حوزەیران لەسێدارەدران كە دوانیان خەڵكی سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان بوون و رەسوڵ ئەحمەد خاڵی خەڵكی قەڵادزێ و هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بوو.
