
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا
سبەی
بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵەی روسیا و ئۆکراینا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نەخشەڕێگایەکی 28 خاڵی بۆ راگرتنی شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی پێشکەش کردووە، پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی ئاشکرا کردووە.
بەپێی راپۆرتەکەی ئاکسیۆس نەخشەڕێگا و پلانە 28 خاڵەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ راگرتنی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراینا بەمشێوەیەیە:
1.سەرەوەری ئۆکراینا دانی پێدا دەنرێت.
2.ئەم رێککەوتنە گشتگیرە لە نێوان روسیا، ئۆکراینا و ئەوروپادا دەبێت. هەموو کێشەکانی 30 ساڵی رابردوو بە چارەسەرکراو دەدانرێت.
3.روسیا؛ وڵاتانی دراوسێ و داگیرناکات و ناتۆ لە ئێستا زیاتر فراوان ناکرێت.
4.بە نێوەندگیری ئەمەریکا دیالۆگ لە نێوان روسیا و ناتۆ ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە ئاسایشییەکانی نێوانیان و دروستکردنی بارودۆخێک بۆ رێگەگرتن لە پەرەسەندنی ناکۆکی زیاتر، ئەوەش لە پێناو دڵنیاییدان لە ئاسایشی جیهان و بەرەوپیشچوونەکان بۆ هەماهەنگی و پەرەپێدانی ئابووری لە داهاتوودا.
5.ئۆکراینا گەرەنتیی ئاسایشی متمانەپێکراو وەردەگرێت.
6.قەبارەی سەربازانی سوپای ئۆکراینا سنوردار دەکرێت بە نزیکەی 600 هەزار سەرباز.
تێبینی: لە ئێستادا ئۆکراینا 800 بۆ 850 هەزار سەربازی هەیە، پێش دەسپێکردنی شەڕەکە نزیکەی 250 هەزار سەربازی هەبوو، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمی ئۆکراینا.
7. ئۆکراینا رەزامەند دەبێت لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوورەکەی و چەسپاندنی بەندێک بۆ نەبوون بە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ناتۆ رەزامەند دەبێت لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا ئۆکراینا نابێت بە بەشێک لە ناتۆ.
8. ناتۆ رەزامەند دەبێت لەسەر ئەوەی سەرباز لە ئۆکراینا جێگیر ناکات.
9. فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتانی ئەوروپا لە پۆڵەندا جێگیر دەکرێن.
10. گەرەنتییەکانی ئەمەریکا:
* ئەمەریکا بۆ گەرەنتییەکەی قەرەبوو وەردەگرێت.
* ئەگەر ئۆکراینا خاکی روسیای داگیرکرد، گەرەنتی ئەمەریکا لە دەست دەدات.
* ئەگەر روسیا خاکی ئۆکراینای داگیرکرد، لە رێگەی وەڵامدانەوەی سەربازی وەڵامی دەدرێتەوە، هەموو ئابڵوقە نێودەوڵەتییەکان دەسەپێنرێتەوە بەسەریدا، ناساندنی سەرەوەرییەکانی بەسەر خاکی ئۆکراینادا هەڵدەوەشێتەوە و هەموو سوودەکانی ئەم رێککەوتنە لە دەستدەدات.
* ئەگەر بەبێ هۆکار، ئۆکراینا لە رێگەی موشەکەوە مۆسکۆ یان سەینت پێترسبێرگی کردە ئامانج، ئەوا گەرەنتییە ئاسایشییەکە بە نادروست دادەنرێت.
11.ئۆکراینا شایستەی ئەندامبوونە لە یەکێتی ئەوروپا، لە کورت مەودادا سوودمەند دەبێت لە سوودەکانی بازاڕی ئەوروپا.
12.پاکێجێکی بەهێزی جیهانی بۆ بنیاتنانەوەی ئۆکراینا، بەڵام سنوردار نابێت لەم بوارانەدا:
* دروستکردنی سندوقی گەشەپێدانی ئۆکراینا بۆ وەبەرهێنان لە پێشەسازییە خێراکاندا، وەک تەکنەلۆژیا، داتا سەنتەر و زیرەکی دەستکرد.
* ئەمەریکا هەماهەنگی دەکات لەگەڵ ئۆکراینا بۆ ئەوەی بە هاوبەشی ژێرخانی غازی ئۆکراینا دروست بکەن، گەشەی پێبدەن و مۆدێرنی بکەن، ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لە بۆرییەکانی هەناردە و عەمبارەکانی هەڵگرتن.
* بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕەوە وێرانکراون و دووبارە بنیاتنانەوەیان بە شێوەیەکی مۆدێرن.
* گەشەپێدانی ژێرخانەکان.
* دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکان و سەرچاوە سروشتییەکان.
* بانکی جیهانی پاکێجێکی تایبەت ئامادە دەکات بۆ خێراکردنی ئەو هەنگاوانەی سەرەوە.
13.روسیا ئاوێتەی ئابووری جیهانی دەبێتەوە.
* هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و رێکدەکەون لەسەر ئەوە قۆناغ بە قۆناغ و دۆسیە بە دۆسیە هەڵبگیرێن.
* ئەمەریکا دەچێتە نێو رێککەوتنێکی هەماهەنگی ئابووری بۆ گەشەپێدانی دوو لایەنە لە ناوچەکانی دەوڵەمەند بە وزە، سەرچاوە سروشتییەکان، ژێرخانەکان، زیرەکی دەستکرد، داتا سەنتەر، دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکان و هەلە سوودبەخشەکانی دیکە.
* روسیا بانگهێشتی جی8 (G8) دەکرێتەوە.
14.پارە بلۆککراوەکانی روسیا بەم شێوەیەی خوارەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت:
* 100 ملیار دۆلار لە پارە بلۆکراوەکانی روسیا بە سەرپەرشتی ئەمەریکا لە ئۆکراینا وەبەرهێنانی پێدەکرێت.
* ئەمەریکا 50% قازانجی وەبەرهێنانەکە وەردەگرێت. ئەوروپا 100 ملیار دۆلاری دیکە زیاد دەکات بۆ وەبەرهێنان و بنیاتنانەوەی ئۆکراینا. پارە بلۆککراوەکانی ئەوروپا ئازاد دەکرێن. پارە بلۆکراوەکانی دیکەی روسیا بە شێوەیەکی جیاواز لە نێوان روسیا و ئەمەریکا وەبەرهێنانی لە بواری ئۆتۆمبێلدا پێدەکرێت. ئەو پارەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمەریکایە.
15.گروپێکی ئەمەریکی و رووسی پێکدەهێنرێت بۆ پەرەپێدانی و دڵنیاییدان لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەم رێککەوتنە.
16.روسیا بە یاسا هێرش بۆ سەر ئەوروپا لە خۆی قەدەغە دەکات.
17.ئەمەریکا و روسیا رێکدەکەون لەسەر درێژکردنەوەی پەیماننامەکانی تایبەت بە بڵاونەکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی، لەوانە وەک پەیماننامەی دەستپێکی نوێ (START I Treaty).
تێبینی: پەیماننامەی دەستپێکی نوێ، دواین پەیماننامەی کۆنترۆڵکردنی چەکە لە نێوان روسیا و ئەمەریکا، لە شوباتی ساڵی 2026 بەسەر دەچێت.
18.ئۆکراینا رازی دەبێت لەسەر ئەوەی وڵاتێکی داماڵراو لە ئەتۆم بێت.
19.وێستگەی ئەتۆمی زاپارۆژیا لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکەوێتەوە کار و کارەبای بەرهەمهێنراو لە وێستگەکە بە یەکسانی 50:50 لە نێوان روسیا و ئۆکراینا دابەشدەکرێت.
20.دەبێت هەردوو وڵات لە پرۆگرامەکانی خوێندن و پەروەردەیاندا تۆوی یەکتر قبوڵکردن و قبوڵکردنی جیاوازییە کەلتورییەکان رەنگبداتەوە.
* ئۆکراینا پرۆگرامی ئەوروپا لەسەر یەکترقبوڵکردنی ئاینی و پاراستنی کەمینەکان پەیڕەو بکات.
* هەردوو وڵات رازی دەبن بە لابردنی هەموو بابەتێکی جیاکاری، هەروەها گەرەنتی دەدەن لە رەنگدانەوەی باسکردنی مافی ئۆکراینییەکان و روسییەکان لە میدیا و پەروەردەدا.
* هەموو ئایدۆلۆژیا و چالاکییەکی نازی قەدەغەدەکرێت.
21.ناوچەکان
* کریمیا، لوهانسک، دۆنێتسک بە دیفاکتۆ بە خاکی روسیا بناسێنرێت.
* خێرسۆن، زاپارۆژیا لەسەر بنەمای کۆنترۆڵکردنی ئێستای سوپای روسیا و ئۆکراینا بە دیفاکتۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەبەشدەکرێت. واتە ئەو خاکەی لە ئەو دوو هەرێمە لە ژێر کۆنترۆڵی هەر لایەکدا بێت، ئەو لایەنە دەبێتە خاوەنی.
* روسیا بەدەر لە ئەو پێنج هەرێمە دەستبەرداری هەموو ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا دەبێت.
* سوپای ئۆکراینا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە هەرێمی دۆنێتسک دەکشێتەوە و ئەو ناوچانە لە چەک داماڵراو دەبن، بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی بە خاکی روسیا دەناسێنرێن، سوپای روسیا ناچێتە ئەو ناوچە لە چەک داماڵراوەی هەرێمی دۆنێتسک.
22.دوای رێککەوتن لەسەر ناوچەکان، هەردوو لایەنی روسیا و ئۆکراینا نابێت لە رێگەی هێزەوە گۆڕانکاریی بەسەر ناوچەکاندا بهێنن. لە ئەگەری پێشێلکردندا، هیچ گەرەنتییەکی ئاسایشی جێبەجێناکرێت.
23.روسیا رێگریی لە ئۆکراینا ناکات لە بەکارهێنانی روباری نیپەر بۆ چالاکیی بازرگانی، رێککەوتن لەسەر گواستنەوەی ئازادانەی دانەوێڵە لە دەریای رەش ئەنجام دەدرێت.
24.لیژنەیەکی مرۆیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان پێکدەهێنرێت.
* هەموو زیندانیکراوەکان و تەرمەکان بە یەک جار ئازاد دەکرێن.
* هەموو بارمتە سڤیلەکان ئازاد دەکرێن، لە نێویاندا منداڵان.
* پرۆگرامی یەکگرتنەوەی خێزانەکان جێبەجێدەکرێت.
* رێوشوێنی تایبەت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری قوربانییەکان دەگیرێتەبەر.
25.لە ماوەی 100 رۆژدا ئۆکراینا هەڵبژاردن ئەنجام دەدات.
26.هەموو لایەنەکانی ئەم رێککەوتنە لەسەر کارەکانیان لە کاتی شەڕدا لێبوردنیان بۆ دەردەکرێت و لە داهاتوودا هیچ سکاڵایەک لە دژی یەکتر تۆمار ناکەن.
27.ئەم رێککەوتنە بە یاسایی لایەنەکان بە پابەند دەکات. جێبەجێکردنی و گەرەنتیی کردنی رێککەوتنەکە لە ژێر چاودێریی لیژنەی ئاشی دەبێت بەسەرپەرشتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ. لە روودانی هەر پێشێلکارییەک، سزای ئابووری دەسەپێندرێت.
28.هەر کاتێک هەموو لایەنەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن، ئاگربەست دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
