
دوو شەڕڤانی هەسەدە
سبەی
تا ئەو کاتەی تورکیا و قەتەر بەردەوام بن لە دەستوەردان لە کاروبارە ناوخۆییەکانی سوریا، مەترسییەکان لەسەر پێکهاتەکانی وەک، کورد، دروز و عەلەوییەکان بەردەوام دەبێت. سەرەڕای هەبوونی رێککەوتن، بەڵام نیازەکانی حکومەتی سوریا بەرامبەر کورد خراپە و هەڕەشەی هێرش هەیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، پاساوی هێرشەکانیش تەنها کوردبوونە.
بەپێی راپۆرتێکی بیروڕایی پێگەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیل، لە تیڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە، نەتەوەی کورد و جوو وەک "ئەوانی دیکە" پێناسەدەکرێن، هەرگیز کورد و جوویان وەک بەشێک لە دەوڵەتی خۆیان نەبینیوە. جووەکان لە هەموو وڵاتانی عەرەبی دەرکران، هەزاران ساڵە دەوڵەتەکانی عێراق، سوریا، تورکیا و ئێران نکۆڵی لە دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد دەکەن، هەر ئەوەشە کوردی ناچار بە هەڵگیرسانی چەندین شۆڕش کردووە.
وەک لە راپۆرتەکەی جیروسلام پۆستدا هاتووە، دوای دژە-سامی بوون، کوردۆفۆبیا (ترس لە کورد)، بەربڵاوترینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت حکومەت، میدیا و پرۆگرامی خوێندنی وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق و ژمارەیەک وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی تەنراوە بە تێڕوانینی دژە کورد.
بەردەوام پرسی کورد وەک چەکێکی سیاسی بەکارهێنراوە، لەسەروو هەموویانەوە لەلایەن وڵاتانی وەک تورکیا و میدیاکانی ئیخوان موسلمین، زۆرجار بانگەشەی دژە کورد بۆ بێبەهاکردنی بزوتنەوە کوردییەکان بڵاودەکەنەوە و بە دوژمنی دەرەکییان دەزانن، هەر ئەوان ئیسرائیل بە دوژمنی دەرەکی خۆیان دەزانن. واتە کورد و ئیسرائیل هاوتای یەکدەکەن.
بەپێی راپۆرتەکەی جیروسلام پۆست، هەموو وڵاتانی عەرەبی، تەنانەت دەسەڵاتی فەلەستینی دژی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بوون بۆ کورد، تەنانەت نەتەوەی کوردیان وەک "شمشێرێک بینیوە لە هەناوی عەرەبدا" یان وەک "پرۆژەیەکی ئیسرائیلی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە" بینیوە.
کورد لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، هەموو کات تیڕوانینێکی ئەرێنیانەیان بەرامبەر جووەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل هەبووە، بەراورد بە کۆمەڵگەکانی دیکەی عەرەبی، ئەو تێڕوانینە رەگێکی مێژوویی هەیە لە مێژوویەکی هاوبەشی رەتکردنەوە و جیاکاری لەلایەن کۆمەڵگە عەرەبییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، واتە هەردوو گەلی کورد و جوو بە یەکسانی رقی کۆمەڵگەی عەرەبییان بەسەردا باریوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەکەی جیروسلام پۆست.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە لە دیداری مێپس لە دهۆک داوای سوریایەکی نا ناوەندی (لا مەرکەزی) کرد، حکومەتی ئیسرائیل ئەوە دەزانێت، سوریایەکی ناوەندی چ مەترسییەکە لەسەر ئیسرائیل، بۆیە داواکارییەکانی ئیسرائیل و هەسەدە یەکدەگرێتەوە و دەیانکات بە هاوپەیمانێکی سروشتی.
بەهۆی ئەو پەیوەندییە هاوبەشەی نێوانیان و هاوپەیمانیەتییەکی رانەگەیەندرای سروشتی، ئێستا کاتی ئەوەیە ئیسرائیل پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بکەن ئەوەش بەپێی جیروسلام پۆست، چونکە بەپێچەوانەی هێزە چەکدارەکانی دیکەی سوریا، هەسەدە هەرگیز چەک دژی ئیسرائیل هەڵناگرێت.
