
سبەی
کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا دەنگیدا بە ناردنی شاندێک بۆ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی، جەهەپە بەشداریی شاندەکە ناکات، مەهەپە و ئاکەپە و دەم پارتی نوێنەرانی خۆیان دیاری کرد. بڕیارە سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندەکە سەردانی ئیمرالی بکات.
لە هەژدەیەمین کۆبونەوەی خۆیدا کە ئەمڕۆ هەینی (21ـی تشرینی دووەمی 2025) بەڕێوەچوو، کۆمیسیۆنی هاوپشتی برایەتی و دیموکراسی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا شاندێکی کۆمسیۆنەکە بچنە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆببنەوە.
هەرچەندە پێشتر، جەهەپە رایگەیاندبوو ئەندامانی خۆی نانێرێت بۆ ئیمرالی و کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت، بەڵام هەوڵەکانی جەهەپە بۆ تێکدانی کۆبوونەوەکە شکستی هێنا و کۆمیسیۆن درێژەی بە کۆبوونەوەکەی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری ناردنی شاندێکی پەرلەمانیی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئۆجەلان پەسەند کرد.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە، بڕیارە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کۆمسیۆن گەشت بۆ ئیمرالی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە.
گوڵستان کلیچ نوێنەرایەتی دەم پارتی دەکات
هەر دوێنێ پێنجشەممە، ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارتەکەی، کە لە ئەنقەرە ئەنجام درا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند: دەستەی بەڕێوەبەریی دەم پارتی، گوڵستان کلچ کۆچیگیتی دیاری کردووە بۆ بەشداربوون لە سەردانی شاندی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی.
فەتی یەڵدز نوێنەرایەتی مەهەپە دەکات
پێش بەڕێوەچوونی کۆبونەوەکە، فەتی یەڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە، رایگەیاند: نوێنەرایەتی پارتەکەی دەکات بۆ سەردانی ئۆجەلان، بەو پێیەی دەچینە ئیمرالی، ئەوکات دەنگدانێک ئەنجام دەدەین بۆ بڕیاردان، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگەکان دەدرێت، چونکە ئەمە پێشنیازێکی یاسادانان نییە.
وتیشی: "دەمانەوێت جەهەپە بەشداری بکات و بڕیارەکەش بە زۆرینەی دەنگ بدرێت. چونکە کۆنترین پارتە لە تورکیا. جەهەپە سوودی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەیەک کە ماوەی نیو سەدەیە بەردەوامە".
جەهەپە بەشداری ناکات
پارتی گەلی کۆماریی تورکیا "جەهەپە" کە ئامادەی کۆبوونەوەی کۆمسیۆن بوو، بڕیاریدا بەشداری سەردانەکەی ئیمرالی نەکات.
نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پێش کۆبوونەوەی کۆمسیۆن بۆ بڕیاردان لەسەر سەردانەکەی ئیمراڵی لەگەڵ ڕێکخەرانی پارتە سیاسییەکانی بەشداربوو لە کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، فەتحی یەڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە، عەبدولحەمیت گوڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە، موراد میر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە و بولێنت کایا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەنی یۆل بەشدارییان کرد.
کورتولموش لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا وتی: "لە 5ـی ئابەوە تا ئێستا کارێکی زۆر بە پەرۆش و ورد ئەنجام دراوە. لە 17 کۆبوونەوەدا، دەرفەت ڕەخسا گوێ لە زۆرینەی بازنەکانی تورکیا بگرین کە بۆچوونی خۆیان لەسەر پرۆسەکە خستەڕوو."
وتیشی: "لە ئێستا بەدواوە، پەیوەست بە هەندێک بابەت بۆئەوەی بە ڕوونی قسەیان لەسەر بکرێت، کۆبوونەوەکانمان دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجام دەدەین بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەندێک پرس و دواتر دەنگدان دەکرێت".
لەبارەی سەردانی ئۆجەلان؛ ئاکەپە و جەهەپە و دەم پارتی کۆبونەوە
دوێنێ پینجشەممە، کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بە سەرۆکایەتی تولای هاتیمۆغولاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکە لە ئەنقەرە کۆبونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" و ئەو پێشهاتانەی لە بەرنامەی کاردان دەکرێت. ئەگەری سەردانی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی بۆکرا.
ئەو کۆبونەوەیە لەکاتێکدایە کۆمیسیۆنی دیموکراسی و برایەتیی- یەکگرتنی نەتەوەیی، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دامەزراوە، ئەمڕۆ کۆدەبووەوە بۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی و کۆبونەوە لەگەڵیدا.
ئاکەپە و جەهەپە بڕیار دەدەن
هەر لەو بارەیەوە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) رایگەیاند: لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆن کۆدەبێتەوە سەبارەت بە سەردانی ئیمرالی.
پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، بە سەرۆکایەتی ئەفکان ئالا جێگری سەرۆکی گشتی و عەبدوڵا گولەر سەرۆکی فراکسیۆن، کۆبوەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی سەردانی کۆمسیۆنی پەرلەمانی بۆ ئیمرالی و کۆبونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
مەهەپە: باخچەلی بوێرانەترین هەنگاوی نا
فەتی یەڵدز جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) پێش کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی دیموکراسی- برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان رایگەیاند: قسەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کە لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 کە رایگەیاند: با عەبدوڵا ئۆجەلان بێت لە پەرلەمان قسە بکات" بوێرترین هەنگاوی سەدەیە. لە چوارچێوەی چارەسەری پرسی کورددا، دەرفەتێکی مێژوویی هاتۆتە ئاراوە.
وتیشی: "نەخشە ڕێگاکە هەنگاو بە هەنگاو بە سەرکەوتنی گەورەوە دەگاتە ئەنجام، هەڵکەوتەی جوگرافی تورکیا لە نێوان ئەم وڵاتانەدا هۆکارە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئاسایشی هەرێمی و جیهانی ببێتەوە.
یەڵدز رایگەیاند: "کۆمسیۆن گوێ لە بۆچوونەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگرێت، ئەگەر پارتێکی سیاسی نەیەوێت ئەندامانی بنێرێت بۆ ئیمراڵی، پێویستە بە ئاشکرا بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکاتەوە."
باخچەلی: سەردانی ئۆجەلان دەکەم
رۆژی سێشەممەی رابردوو (18ـی تشرینی دووەمی 2025)، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە کۆبونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: ئێستا کارەکانی کۆمسیۆنی پەرلەمانی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کارەکانیان هیچ سوودێکی نییە ئەگەر نەچن بۆ ئیمرالی.
وتیشی: "ئەگەر کۆمسیۆنەکە کەسی دیاری نەکرد بۆ سەردانی ئیمرالی، دەتوانم سێ هاوڕێ لەگەڵ خۆم ببەم و بچم بۆ ئیمرالی بۆ کۆبونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان".
دوای بڕیاری کشانەوەی پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی باکوری کوردستان لە (26ـی تشرینی یەکەمی 2025) دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە پەیامێكی بڵاوكردەوە و پێشوازی لە كشانەوەی پەكەكە لە خاكی توركیا و باكوری كوردستان كرد، وتیشی "مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی".
باخچەلی رایگەیاند: ئۆجەلان بەڵێنەكانی بردۆتەسەر و مەهەپەش ئامادەی چوونە ئیمراڵییە و دەبێت پەرلەمانتارانیش گوێی لێبگرن.
سەرۆكی مەهەپە باسی بوونی "مەترسی لەسەر دەوڵەتی توركیا" كرد و وتیشی "دەبێت پەرلەمانتاران بچنە ئیمرالی و گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجلان بگرن و بەقسەی بكەن".
پارتەکەی داودئۆغڵوش دەچێتە ئیمرلی
کانی تۆروون پەرلەمانتاری بورسای پارتی ئایندە (گەلەجەک) پشتیوانی خۆی بۆ قسەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەربڕی کە وتبووی: "ئەگەر کەس ئامادە نەبێت، سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم و دەچمە ئیمراڵی".
تۆروون ڕایگەیاند؛ هەڵوێستی باخچەلی زۆر بوێرانەیە، دوورە لە هەرجۆرە لێکدانەوەی سیاسی ڕۆژانەیە و پێویستە پشتگیری ئەم هەڵوێستە بکرێت و وتی: "بێگومان پەرلەمانتارانی پارتی نەتەوەپەرەستی مەهەپە، پشتیوانی باخچەلی دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی تێبگەن دەڵێم: "ئەگەر پێویست بکات، منیش ئامادەم لەگەڵ باخچەلی بچم بۆ ئیمراڵی."
ئەردۆغان گڵۆپى سەوزى بۆ سەردانی کۆمسیۆنە پەرلەمانییەکە بۆ ئیمرالی هەڵکردبوو
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا گڵۆپى سەوزى بۆ لیژنەى پەرلەمانى تایبەت بە پڕۆسەى چارەسەرى هەڵکرد تا سەردانى عەبدوڵا ئۆجەلان بکات لە دورگەى ئیمراڵى، ئەوەش بەوتەى رۆژنامەنوسێکى نزیک لە پارتى دەسەڵاتدارى ئەو وڵاتە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، عەبدولقادر سێڵڤى نوسەرى رۆژنامەى حورییەتى تورکى و نزیک لە پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار لە تورکیا لە گۆشەکەیدا لە رۆژنامەکە باسى لەدوایین کۆبوونەوەى نێوان ئەردۆغان و باخچەلى کردووە و نوسیویەتى، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچونەوەى تەواوەتى کراوە بە نەخشەى رێگاى "تورکیاى بێ تیرۆر" و گەیشتوون بە رێککەوتنى تەواوەتى لەسەر بەردەوامیدان بە هەوڵەکان.
دەشڵێت: لە کۆبوونەوەى لیژنەى جێبەجێکارى ناوەندى پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار، بەرپرسانى پارتەکە دژایەتی خۆیان بۆ سەردانیکردنى ئۆجەلان دەربڕیوە.
ئەردۆغان لە وەڵامدا پێی وتوون "ئێمە بارێکى قورس ناخەینە سەر پارتەکەمان کە بەرگەى نەگرێت"، لەگەڵ ئەوەشدا مۆڵەتیدا لیژنە پەرلەمانییەکە سەردانى ئۆجەلان بکات، کە بە گڵۆپی سەوز لێکدەدرێتەوە، ئەوەش بەوتەى ئەو رۆژنامەنوسە.
لەلایەکی دیکەوە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەردانەکە دەربڕیوە و پێیوایە "ئەرێنی" دەبێت.
باخچەلی دەڵێت: ئۆجەلان تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ئەمەش متمانە بە بەردەوامی گفتوگۆکان بەهێزتر دەکات.
سەردانیکردنى لیژنەى پەرلەمانى تایبەت بە پڕۆسەى چارەسەرى بۆ لاى ئۆجەلان داوایەکى سەرەکى دەم پارتى و پەکەکەیە، بۆ ئەوەى لیژنەکە لە نزیکەوە گوێ لە بۆچوونەکانى ئۆجەلان بگرێت بۆ پێشخستنى زیاترى پڕۆسەکە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشتر رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی چووەتە قۆناغێکی نوێوە لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، نەرمی نواندنی خۆشی دەربڕی لە بەرامبەر بیرۆکەی چوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ پەرلەمانی تورکیا و پێشکەشکردنی وتەیەک.
بیرۆکەی چوونی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی تورکیا و پێشکەشکردنی وتەیەک دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا "مەهەپە" ، کاتێک کۆتایی ساڵی رابردوو دەستپێشخەری کرد و بە تەوقەیەک لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی لە پەرلەمان، سەرەتای قۆناغێکی نوێی لە تورکیا دەستپێکرد.
لە وتارێكیدا كە لە كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنی ئاك پارتی لە پەرلەمانی توركیا پێشكەشی كرد، ئەردۆغان رایگەیاندبوو، گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ سەرکردەکانی دەم پارتی ئەنجامدا، کە بیرۆکەی ئەوەیان پێشکەشکرد ئۆجەلان لە بەردەم لیژنە پەرلەمانیەکەی تورکیا وتەیەک پێشکەش بکات و گفتوگۆی چەکدانانی پەکەکە بکات، داواشیان کرد هەموو لایەنەکان بەشدار بن.
وتەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، پێشتر پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاندبوو، پێویستە لیژنە پەرلەمانییەکە کە پارتی دیکەشی لەنێودایە، رێگەی پێبدرێت پەیوەندی بە ئۆجەلانەوە بکەن لە زیندانی ئیمراڵی و قسەی لەگەڵ بکەن، بەوپێیەی ئۆجەلان بۆ رای گشتیی کورد کەسایەتییەکی گرنگە و پێشتریش لە هەوڵەکانی پەیوەست بە ئاشتی بەشداری کردووە.
