
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
سبەی
دوای ئەوەی ئەمەریکا نەخشەڕێگا 28 خاڵییەکەی پێشکەش بە بەرپرسانی ئۆکراینا کرد، بەرپرسانی کیێڤ رەتی دەکەنەوە بە نەخشەڕێگاکەی ترەمپ رازیبن.
ئەمڕۆ هەینی (21ـی تشرینی دووەمی 2025)، بەرپرسانی باڵای ئۆکراینا لە نێویاندا ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رەتی دەکەنەوە بە نەخشەڕێگاکەی ترەمپ رازی بن.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، واشنتن نەخشەڕێگا 28 خاڵییەکەی پێشکەشی کیێڤ کردووە، نەخشەڕێگاکە بە رەنگدانەوەی خواستی مۆسکۆیە و بەپێی نەخشەڕیگاکە ئۆکراینا خاکی زیاتر لە دەستدەدات.
سەبارەت بە نەخشەڕێگا 28 خاڵییەکە، دوێنێ پێنجشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2025)، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاشكرایکردووە، نەخشەڕێگاکە بە راوێژکردن لەگەڵ روستەم ئومەرۆڤ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئۆکراینا داڕێژراوە و رازیبووە بە بەشێکی زۆری نەخشەڕێگاکە، بەڵام ئومەرۆڤ رەتی دەکاتەوە بە پلانەکە رازی بووبێت.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئۆکراینا لە بڵاوکراوەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام رایگەیاند، "رۆڵی من لە گەشتەکەمدا لە ئەمەریکا تەکنیکی بووە، رێکخستنی کۆبوونەوەکان و ئامادەکردنی دیالۆگ، لە دەسەڵاتی مندا نییە بە پلانەکە رازیببم."
سەرۆکی ئۆکرایناش لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە تەلەگرام نوسیویەتی: "تیمەکانمان کار دەکەن لەسەر خاڵەکانی پلانەکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ،" هەروەها نوسیویشیەتی: "ئێمە ئامادەین بۆ کارێکی بنیاتنەر، راستگۆیانە و خێرا."
بەپێی ئەو راپۆرتەکەی پێگەی ئاکسیۆس بڵاوکردووەتەوە، پلانەکە لە سوودی ئۆکراینا نییە، بە پێچەوانەوە بەپێی پلانەکە ئۆکراینا خاکێکی زۆر لە دەستدەدات، ئەوەش جگە لە رێگەگرتن لە کیێڤ ببێتە ئەندامی ناتۆ.
