
سبەى
هۆشداری دەدرێت لە ژەهرێکی کیمیایی کوشندە، لە بەرهەمەکانی مارکەى بەناوبانگى چینى شیئین (SHEIN)، کە تایبەتە بە بازرگانی ئەلیکترۆنی جلوبەرگ کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە وڵاتانی جیهان و هەرێمی کوردستانیش بۆ کڕینی کەلوپەل و پێداویستی جۆراوجۆر، بە تایبەتی جلوبەرگ بە ئۆنلاین بەکاردەهێنرێت.
رێکخراوی گرینپیس کە رێکخراوێکی ژینگەپارێزی ئەوروپییە، هۆشداری داوە لە بوونی ماددەی کیمیایی کوشندە لە بەرهەمەکانی شیئین، کە بەرهەمەکانی بەشێوەی ئۆنلاین بە کڕیارەکانی دەفرۆشێت.
رێکخراوە ژینگەییەکە ئاشکرایکردووە، شیکردنەوەیان بۆ 56 پارچەی جلوبەرگی کۆمپانیاکە کردووە و لە 16یاندا ماددەی کیمیایی کوشندەی PFAS یان بەدی کردووە، کە بە شۆردنیش لاناچێت و وەکو مەترسییەکی هەمیشەیی بە جلوبەرگەکانەوە دەمێنێتەوە.
گرینپیس ئاشکراشیکردووە ماددە کیمیاییە کوشندەکان پەیوەندیان بە تووشبوون بەنەخۆشییە مەترسیدارەکان، وەکو شێرپەنجە و کێشەی منداڵبوون و گەشەکردنی مندال و لاوازکردنی سیتسمی بەرگری لەشەوە هەیە.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، لە جلوبەرگی منداڵانیش، ماددەی کیمیایی کوشندە دۆزراوەتەوە، کە لە رێگەی پێست و هەڵمژینەوە دەچنە جەستەوە و تێکەڵاو بە خوێن دەبن.
رێکخراوە ژینگەییەکە باسی لەوەش کردووە، مەترسییەکی دیکەی بەرهەمەکانی شیئین بەهۆی شۆردنەوە دروستدەبن، بەو پێیەی ماددە کیمیاییە کوشندەکان تێکەڵاوی رووبارەکان و خاک و خۆراک دەبن.
بەهەمان شێوەی ئێستا، لە ساڵی 2022دا گرینپیس هۆشداری دا لە بوونی مادەەی کیمیایی مەترسیدار لە بەرهەمانی شیئین. لە بەرامبەردا کۆمپانیەکە بەرگری لە خۆی کردووە و بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، ئەو بەرهەمانە رادەگرن و لە بازاڕ دەیکێشنەوە، ئەگەر سەلمێنرا هەڵگری ماددەی کیمیایی کوشندە و مەترسیدارن.
کۆمپانیای شیئین کۆمپانیایەکی چینیە، بەڵام بارەگا سەرەکییەکەی لە سەنگافورەیە و کەلوپەل لە نێویاندا جلوبەرگ بە نرخێکی هەرزانتر دەخاتەڕوو.
