"هۆکاری تەمەن درێژی"؛ کاتى زێڕین بۆ خواردنەوەى قاوە

#قاوە
7 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • جگە لە بەیانیان، خواردنەوەی قاوە لە کاتەکانی دیکەدا، کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکان دروستدەکات، وەکو میلاتۆنین. ئەو گۆڕانکارییە لە هۆرمۆنەکان، دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی هەوکردن و تووشبوون بە نەخۆشی بەرزی فشاری خوێن و چەند نەخۆشییەکی دیکە.
Primary Asset

سبەى

خواردنەوەی قاوە بە بەردەوامی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم کەمدەکاتەوە، بەڵام کاتی خواردنەوەی قاوە و بڕ و جۆرەکەی دەبێت لە بەرچاوبگیرێت، بۆ تەندروستییەکی باشتر پێویستە لە بەیانیاندا بخورێتەوە.

بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی تۆلینی ئەمەریکی لەسەر سوودە بێ سنوورەکانی قاوە، خواردنەوەی قاوە، رەنگە ببێتە هۆکارێکی تەمەن درێژی، بە تایبەتی ئەگەر لە بەیانیاندا بخورێتەوە. بەو پێیەی قاوە مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان و شەکرەی جۆری دووەم کەمدەکاتەوە.

لە بەشێکی توێژینەوەکەدا هاتووە، کاتی قاوە خواردنەوە بەیانیانە و سوودی زیاتر بەو کەسانە دەبەخشێت، کە لەو کاتەدا دەیخۆنەوە، بەراورد بەو کەسانەی بە درێژایی رۆژ ئەو کارە دەکەن.

لو چی پرۆفیسۆر لە زانکۆی تۆلین کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە دەڵێت، کاتی خواردنەوەی قاوە گرنگە و بەیانیان کاتێکی گونجاوە بۆ دەستپێکردنی رۆژەکەت بە خوارنەوەی قاوە. 

لە توێژینەوەکەدا 40725 کەس بەشداریان تێدا کردووە و لە 36% ئەو کەسانە بوون کە خواردنەوەی قاوەیان لە بەیانیاندا کردووە بە خوی رۆژانەیان. تیمی توێژینەوەکە گەیشت بەو دەرئەنجامەی، ئەو کەسانە تەندروستیان باشترە و رێژەی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار 31% کەمترە بەراورد بەو کەسانەی قاوە ناخۆنەوە.

هاوکات بةشداربووان 16% ئەو کەسانە بوون، کە بە درێژایی رۆژ قاوە دەخۆنەوە، بەڵام بەهەمان شێوەی ئەو کەسانەی قاوە ناخۆنەوە رووبەڕووی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەبنەوە.

رۆژی سێ کوپ

لە بەشێکی توێژینەوەکەدا هاتووە خواردنی رۆژانەی دوو یان سێ کوپی قاوە لە بەیانیاندا سوودێکی تەندروستی زۆر پێشکەش دەکات، بە تایبەتی پەیوەست بە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.

لو چی هۆکارەکەی ئاشکراکردووە و وتوویەتی جگە لە بەیانیان، خواردنەوەی قاوە لە کاتەکانی دیکەدا، کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکان دروستدەکات، وەکو میلاتۆنین. ئەو گۆڕانکارییە لە هۆرمۆنەکان، دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی هەوکردن و تووشبوون بە نەخۆشی بەرزی فشاری خوێن و چەند نەخۆشییەکی دیکە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی