
سبەى
چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان پێوەرەکانى دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى دیاریکرد و پەیامێکیشى ئاڕاستەى لایەنە سوننیەکان کرد.
چوارچێوەى هەماهەنگى لەکۆبوونەوەیەکدا لەماڵى هادى عامرى پێوەرە سەرەکییەکانى بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی هەڵبژاردنی کاندیدى تاوتوێکرد، کە پێکهاتوون لە لێهاتوویی و دەستپاکی و توانای بەڕێوەبردنی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی قۆناغی داهاتوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە.
هەروەها ئامادەبووان پێداچوونەوەیان بەو راپۆرتە کرد کە لەلایەن هەردوو لیژنەی چوارچێوەوە لە کۆبوونەوەی پێشوودا پێشکەشکرابوون. رێککەوتن کرا کە ئەو لیژنانە درێژە بەکارەکانیان بدەن و ئەرکەکانیان لە هەڵسەنگاندنی کاندیدەکان تەواو بکەن.
چوارچێوەی هەماهەنگی هەروەها پیرۆزبایی لە پێکهێنانى ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەکان کرد و جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوەی ئاماژەیەکى ئەرێنییە بەرەو بەهێزکردن و یەکخستنی دیدگا نیشتمانییەکان. هاوکات پابەندبوونی تەواوی خۆی بە مەرجە دەستوورییەکان و ماوەى دیاری بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دووپاتکردەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ خۆی لە دۆخێکی هەستیارى سیاسیدا دەبینێتەوە، دۆخێک کە لەهاوشێوەى دۆخى ساڵى 2020 دەچێت، لەگەڵ بوونى دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکى سپى و فشارەکانى بۆ دیاریکردنى کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران لەدەرەوەى گروپەچەکدارەکان.
دیمەنی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" زیاتر لە جاران ئاڵۆزتر دەردەکەوێت و زۆرى ژمارەی هێزە براوەکانی ناو هاوپەیمانی شیعە ئەرکی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ئاڵۆزتر دەکات.
ئێستا چوارچێوەى هەماهەنگى لە ٢٢ لایەن پێکدێت کە بەسەر نۆ هاوپەیمانی گەورەدا دابەشبووە و هەریەکەیان رۆڵیان دەوێت لەدیاریکردنى سەرۆک وەزیراندا.
بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، رەنگە لە باشترین حاڵەتدا ڕاگەیاندنی ناوی سەرۆک وەزیران تا کۆتایی ئەمساڵ دوابکەوێت، لەگەڵ ئەگەری درێژبوونەوەی گفتوگۆکان تا شوباتی ٢٠٢٦.
فرەیی و بۆچوونە ناکۆکەکانی ناو هاوپەیمانی شیعە رەنگدانەوەی ڕادەی دابەشبوونە. دوو لیستی جیاوازی ئەندامان بۆ ئەو دوو لیژنەیەی کە چوارچێوە پێکیهێناوە سەریان هەڵداوە.
یەکەمیان چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکان بۆ سەرۆک وەزیران دەکات، دووەمیان تایبەتە بە بەڕێوەبردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە.
دوای زیادکردنی مستەفا کازمى و موحسین مەندەلاوی و فەیسەڵ نائیلی (ئەندامی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی دەزگای شەهیدان)، ژمارەی ئەو کاندیدانەى کە بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران بڵاوبوونەتەوە، بۆ 13 کاندید بەرزبووەتەوە.
لیستەکەى پێشتر 10 کاندیدی تێدابوو، لەنێویاندا: نوری مالیکی، محەمەد شیاع سودانی، قاسم ئەعرەجی، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ.
قەیرانی هاوپەیمانی زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی سەختی جیاکردنەوەی قەوارە سیاسییەکان لە کوتلە چەکدارەکان. هاوپەیمانی شیعە، لە ستراتیژی هەڵبژاردنی ئەم دواییەیدا، بۆ دەستەبەرکردنی قورسایی هەڵبژاردن، پشتی بە هاوپەیمانی لەگەڵ گروپەچەکدارەکان بەستبوو.
بەگوێرەی نەخشەی هاوپەیمانییە براوەکانى شیعەکان، گروپەکان بەسەر شەش هاوپەیمانی سەرەکی ناو هاوپەیمانییەکەدا دابەشبوون. ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاویان پێدەبەخشێت لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا و چوارچێوە دەخاتە ژێر فشاری ڕاستەوخۆوە.
گروپەچەکدارەکان بەدوای دەستکەوتی بەرچاودا دەگەڕێن، دوا ئەوەى نزیکەی ٨٠ کورسییان دەستەبەرکرد کە زیادبوونی نزیکەی ٣٠ کورسی بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ نیشان دەدات.
ئەم گروپانە ئێستا وەک قەوارەیەکی سیاسی نوێ خۆیان پیشان دەدەن، کە وازهێنانیان لە چەک و گواستنەوەیان بۆ ئەوەی پێی دەڵێن "بەرخۆدانی سیاسی" ڕاگەیاندووە.
