"وەڵامى وردى دوو پرسیار"؛ ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى کۆمسیۆنى پەرلەمانى تورکیا و ئۆجەلان

#پەرلەمانى تورکیا#ئۆجەلان#پڕۆسەى ئاشتى
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • شاندى کۆمسیۆن لە ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا لە زیندانی ئاسایشی توندی جۆری ئێفی ئیمراڵی چاوى بە ئۆجەلان کەوت
  • چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆنەکە لە ٢٦ـی تشرینی دووەمدا سەبارەت وەڵامەکانى ئۆجەلان کۆبێتەوە
Primary Asset

سبەى

کۆمسیۆنى پەرلەمانى تورکیا تایبەت بە پڕۆسەى چارەسەرى وەرگرتنى وەڵامى وردى لە عەبدوڵا ئۆجەلان راگەیاند، لەبارەى پرسەکانى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکە و یەکگرتنى هەسەدە لەگەڵ سوپاى سوریا.

وەڵامەکانى ئۆجەلان لەبارەى ئەو دوو پرسە لەمیانەى یەکەم کۆبوونەوەى شاندى کۆمسیۆنەکەدا هات لە دورگەى ئیمراڵى لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانى تورکیا دوای سەردانەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، شاندى کۆمسیۆن لە ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا لە زیندانی ئاسایشی توندی جۆری ئێفی ئیمراڵی چاوى بە ئۆجەلان کەوتووە.

دەشڵێت، لەبارەى کۆتایی هێنان بە دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەى پەکەکە، بەرێککەوتنەکەی ١٠ـی ئازار لە سوریا، پرسیار ئاراستەی عەبدوڵا ئۆجالان کرا و وەڵامی ورد وەرگیرانەوە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانى تورکیا ئەنجامى کۆبوونەوەکەى بە ئەرێنى ناوبردووە و جەختدەکاتەوە، لەمەودواش بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام دەبێت.

بەپێی میدیاکانى تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆنەکە لە ٢٦ـی تشرینی دووەمدا سەبارەت وەڵامەکانى ئۆجەلان کۆبێتەوە.

شاندەكە پێكهاتبوو لە گوڵستان کلچ کۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی، فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی مەهەپە و لە ئاکەپەش حسێن یامان، بە هێلیكۆپتەر چوونە دوورگەی ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە کەوت.

موراد قەرەیلان فەرماندەی گشتی هەپەگە سەردانی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیای بۆ ئیمرالی بە گرنگزانی، لەبەرامبەردا رەخنە لە جەهەپە گرت کە بەشداریی شاندی کۆمسیۆنەکەیان نەکردووە و رایگەیاند: جەهەپە لە ساڵانی ڕابردوودا وێنەیەکی وڵاتی وەک دۆستێکی کورد پێشکەش دەکات، لە بەرژەوەندی چارەسەر و دیموکراسی و ئاشتی، بەڵام ئەو هەڵوێستەی لە کۆمسیۆنەکەدا نیشانیدا، دژی ئەم وێنەیەیە. پێویستە جەهەپە بەخۆیدا بچێتەوە و دان بە هەڵەکەیدا بنێت و تۆبە بکات.

هەروەها جارێکی دیکە جەختی کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی لە تورکیا بەرەو پێش بچێت، پێویستە ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکرێت. گەلی کورد لە یاساکانی کۆماری تورکیادا جێگەی خۆی هەبێت.

لە هەژدەیەمین كۆبونەوەی خۆیدا كە رۆژی هەینی (21ـی تشرینی دووەمی 2025) بەڕێوەچوو، كۆمیسیۆنی هاوپشتی برایەتی و دیموكراسی نیشتمانی لە پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا شاندێكی كۆمسیۆنەكە بچنە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆببنەوە.

هەرچەندە پێشتر، جەهەپە رایگەیاندبوو ئەندامانی خۆی نانێرێت بۆ ئیمرالی و كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت، بەڵام هەوڵەكانی جەهەپە بۆ تێكدانی كۆبوونەوەكە شكستی هێنا و كۆمیسیۆن درێژەی بە كۆبوونەوەكەی دا و لە كۆتاییدا بڕیاری ناردنی شاندێكی پەرلەمانیی بۆ كۆبونەوە لەگەڵ ئۆجەلان پەسەند كرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لەبارەى سەردانەکەوە رایگەیاند، لەگەڵ باخچەلی پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن. پێشوازیش لە شاندی دەم پارتی دەکەن و تا ئێستاش پرۆسەکە بەبێ کێشە دەڕوات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی