ریاڵ مەدرید؛ پاشای لێدانى سزا لە ئەوروپا

#ریاڵ مەدرید
9 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • لەسەرەتای ئەم وەرزەی لالیگا و پاش تێپەڕبوونی 13 هەفتە بەسەر خولەکەدا، شەش جار فیکەی لێدانی سزا بەسودی ریاڵ مەدرید لێدراوە. لەو ژمارە لێدانە سزایەدا کیلیان ئێمباپێ سێ گۆلی تۆمارکردەوە و گۆڵی چوارەمیش لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆرەوە تۆمارکرا. دوو لێدانەکەی دیکەش ئێمباپێ لە کلاسیکۆدا و ڤینیسیۆس لە بەرامبەر ڤالینسیا لە دەستیاندا.
Primary Asset

سبەى

ریاڵ مەدرید پاشای لێدانە سزاکانی ئاستی ئەوروپایە لەم وەرزەدا و بەدیاریکراوی لە خولی ئیسپانیادا شەش و لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا سێ لێدانی سزا بەسودی ئەو یانە مەزنەی جیهان و وڵاتی ماتادۆر ئەژمارکراوە.

لەسەرەتای ئەم وەرزەی لالیگا و پاش تێپەڕبوونی 13 هەفتە بەسەر خولەکەدا، شەش جار فیکەی لێدانی سزا بەسودی ریاڵ مەدرید لێدراوە. لەو ژمارە لێدانە سزایەدا کیلیان ئێمباپێ سێ گۆلی تۆمارکردەوە و گۆڵی چوارەمیش لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆرەوە تۆمارکرا. دوو لێدانەکەی دیکەش ئێمباپێ لە کلاسیکۆدا و ڤینیسیۆس لە بەرامبەر ڤالینسیا لە دەستیاندا.

هاوکات لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی ئیسپانیا لە ساڵی 1928ەوە ژمارەی لێدانە سزاکانی ریاڵ مەدرید بۆ 578 لێدانی سزا بەرزبووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە 28 وەرز لەکۆی 94 وەرزی سەرجەم سەردەمەکانی لالیگادا، ریاڵ مەدرید بەراورد بە یانەکانی دیکە، زۆرترین جار سودی لە لێدانی سزا وەرگرتووە و لە هەشت وەرزیشدا ژمارەکەی لەگەڵ یانەیەکی دیکەدا هاوبەشکردووە.

لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاش، سێ لێدانی سزا لەبەرژەوەندی قەڵای سپی ئەژمارکراوە، بەوەش کۆی لێدانە سزاکانی لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا نۆ لێدانی سزایە.

ریاڵ مەدرید لەم چەند یارییەی دوایدا دەستوپەنجەی لەگەڵ ئەنجامە خراپەکان نەرمکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەجیاوازی تەنیا خاڵێک لەگەڵ بارسێلۆنا، لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیادایە.

تۆمارە خراپەکانی ریاڵ مەدرید بەتایبەتی لەدواین سێ یاری خۆیدا (دوو یەکسانبون لە لالیگا و دۆڕاندنێک لە چامپیۆنس لیگ) توانای تیمەکەی چابی ئەلۆنسۆی بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکان خستووەتە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەتی کە بە پێی زانیاری سەرچاوەکان ناکۆکی قوڵ لە نێوان ئەلۆنسۆی راهێنەر و چەند یاریزانێکی ریاڵ مەدریدا دروستبووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی