
سبەی
وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، مانگی رابردوو نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2025) ئاماری هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکانی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
وەزارەتی نەوت، پشتبەستن بە ئامار و زانیارییەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڵاوی کردەوە، مانگی رابردوو 110 ملیۆن و 923 هەزار و 47 بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە، داهاتی فرۆشتنی نەوت گەیشتووەتە 7 ملیار و 30 ملیۆن و 689 هەزار دۆلار.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کێڵگەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق 104 ملیۆن و 816 هەزار و 106 بەرمیل هەناردەکراوە.
لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە 5 ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. 272 هەزار و 77 بەرمیل نەوتیش هەناردەی ئوردن کراوە.
داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە 545 ملیار دینارە
هەفتەی رابردوو، ئامانج رەحیم سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان لە شیکردنەوەیەکدا کە دەست "سبەى" کەوتووە ئاشکرای کرد، لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە ئێستادا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات.
رونیکردووەتەوە، بە گوێرەی دوا لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باکور بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت) دەکاتە (545 ملیار) دینار مانگانە، کە داهاتەکەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە. بڕی 120 ملیار دیناری دیکەی مانگانەش وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە کاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق.
خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 945 ملیار دینارە، ئامانج رەحیم دەڵێت: بە لێدەرکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر حسابی دارایی فیدڕاڵ لە کۆی گشتی تێچووی مووچەی هەرێم، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها (280 ملیار) دیناری پێویستە کە بە ڕێژە دەکاتە 30%ـی مووچەی مانگانە.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی خستووەتەڕو؛ هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بکەین کە 16دۆلارە بۆ یەک بەرمیل، ئە کاتە خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم بە نەوتیشەوە تەنها نزیکەی 400 ملیار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی دەکەوێت کە دەکاتە ڕێژەی 40%ـی مووچەی مانگانە، ئەو کاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی 60%ـی مووچەی خۆی لە داهاتی کاشی خۆی دابین کردووە.
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
كوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگرتنی رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025) هەناردەی نەوتی هەرێمی دەستیپێكردەوە، ئەوەش بەپێی رێككەوتنێكی سێ قۆڵی بەغداد و هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان، بەڵام ئەو رێككەوتنەش كێشەی مووچەی چارەسەر نەكرد.
مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تا ئێستا چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی ناردنی مووچەی دوو مانگی ئەمساڵیانن، بەڵام بەپێی ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2025 نزیك دەبینەوە و حكومەتی عێراق هەموو جارێك لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی داوە، چارەنوسی مووچەی مانگی 11 و 12 ی ئەمساڵ بە نادیاری دەمێنێتەوە.
لە ئێستادا فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى مووچەى مانگى نۆى ئەمساڵن لەلایەن بەغدادەوە، کە لەئەگەرى ناردنیدا چاوەڕواندەکرێت دابەشكردنەكەی هاوكات بێت لەگەڵ دەستپێكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق.
پێش ناردنى مووچە لەلایەن بەغدادەوە، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رۆژى چوارشەممە بڕی سەدو بیست ملیار دینارى وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئەیلول خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
