
سبەى
پەرە بە چیمەنتۆیەکی زیرەک دراوە، کە وەکو پاتری وزە هەڵدەگرێت و دەتوانرێت لە کاتێکی دیکەدا بەکاربهێنرێتەوە، واتە لە هەنگاوێکی نوێ بە ئاراستەی پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە وزەی پاک دەتوانرێت لە دیواری ماڵەکانەوە وزە وەربگیرێتەوە.
زانایانی زانکۆی ئارهۆسی دانیمارکی، کارلەسەر پەرەپێدانی چیمەنتۆیەکی زیرەک دەکەن، کە تەنیا نابێتە ئامڕازێکی بیناسازی، بەڵکو هاوشێوەی میکانیزمی کاری پاتری وزەی پاک هەڵدەگرێت و لە خۆیدا دەیهێڵێتەوە.
داهێنانەکە لە گۆڤاری Cell Reports Physical Science بڵاوکراوەتەوە و میکانیزمی کارکردنیشی، هەڵگرتنی وزەیە لە رێگەی تێکەڵەیەکی زیرەکانەی چیمەنتۆ لەگەڵ بەکتریای Shewanella oneidensis، دواتر بە کارهێنانەوەی لە کاتی دیکەدا.
ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە، دیواری ماڵەکان دەکات بە پاتری، ئەوەش دەرگایەکی نوێ بە رووی پەرەسەندنی زیاتری وزەی پاک دەکاتەوە، کە لە داهاتوودا دەبێتە سەرچاوەی وزەی سەرەکی بۆ مرۆڤایەتی.
پێگەی Slashgear ناوەڕۆکی دۆزینەوەکەی دووپاتکردووەتەوە و لە راپۆرتێکی زانستی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، بە پێچەوانەی پاتری باوەوە کە تەمەنی بەکارهێنانی کەمە، چیمەنتۆ زیرەکەکە دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆرتر سوودی لێ وەربگیرێت.
هاوکات لە پاتری کاراتر و باشتر دەبێت، بەو پێیەی 80% وزە هەڵگیراوەکە دەگەڕێنێتەوە.
چی لو کە سەرپەرشتی داهێنانەکەی کردووە دەڵێت، لە داهاتوودا ئەم تەکنەلۆجیایە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاودەبێتەوە و دیواری باڵەخانە و ماڵە بچووکەکان وەکو پاتری کاردەکەن، ئەوەش سوودێکی بێ ئەندازە پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکات.
ئاڵنگارییەکان لە بەردەم داهێنانە نوێیەکەدا
زانایانی زانکۆی ئارهۆس کە بەشداریان لە داهێنانەکەدا کردووە دەڵێن، لە داهاتوویەکی نزیکدا تەکنەلۆجیاکە بەردەست نابێت، چونکە پێویستی بە پەرەپێدانی زیاترە، تا لەگەڵ هەموو کەشێکدا بگونجێت، بەتایبەتی لە کەشی گەرمدا.
هاوکات باس لەوە دەکەن، ئەگەر داهێنانەکەیان بگات بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، ئەوا باڵەخانە و ماڵەکان دەبن بە پاتری گەورە و وزە لە خۆیاندا هەڵدەگرن.
