
سبەى
بەپێی خەمڵاندنی زانایانی جوگرافیا، لە ساڵی 2100دا رۆژە گەرمەکانی ئەوروپا بۆ 90 رۆژ بەرزدەبنەوە و هاوینی گەرم بە تێکڕا لەو کیشوەرەدا دەبێت بە سێ مانگی تەواو، ئەوەش نزیکە لە دۆخى شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر.
توێژینەوەیەک بەسەرکردایەتی مارتین بۆیرتاس سەرۆکی بەشی جوگرافیای زانکۆی رۆیاڵ هۆلوای لەندەن لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ کەشی کیشوەری ئەوروپا ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری Nature Communications بڵاوکراوەتەوە.
لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە، کە گەرمبوونی زەوی هەڕەشەیەکی هەمیشە ئامادەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی، بەتایبەتی لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا دەبێتە هۆی گۆڕان لە پلەکانی گەرمادا، بەشێوەیەک لە ئەوروپا رۆژە گەرمەکانی ساڵ بۆ 90 رۆژ بەرزدەبێتەوە، واتە ئەو کیشوەرە سێ مانگی تەواو هاوشێوەی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەرزی هاویندا دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا تیشک خراوەتەسەر رۆژە گەرمەکانی ئەوروپا لە ئێستادا کە بە تێکرا 48 رۆژە، لە کاتێکدا پێش دەستپێکردنی گەرمبوونی زەوی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا 24 رۆژ بووە.
هاوکات مارتین بۆیرتاس و تیمەکەی ئاماژەیان بە ئامارێکی مەترسیدار کردووە، ئەویش ئەوەیە کە رۆژە گەرمەکان، تەنیا بەوەرزی هاوینەوە پەیوەست نابن و درێژدەبنەوە بۆ بەهار و پایز. بەو پێیەی لە چەند ناوچەیەکی ئەوروپادا رۆژە گەرمەکان لە ناوەڕاستی مانگی پێنجەوە دەستپێدەکات و تا سەرەتای مانگی 10 بەردەوام دەبێت.
لە توێژینەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی بە تێکڕا 30 رۆژی گەرمی بۆ نیوەی دانیشتوانی زەوی زیادکردووە.
لە کۆتایدا تیمی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە کراوە، کە گۆڕانی کەشوهەوا نزیکە لەوەی دۆخێکی پێشوتری زەوی دوبارەبکاتەوە، کاتێک پێش شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر رۆژە گەرمەکانی کیشوەری ئەوروپا 200 رۆژ بووە.
