بۆ شەش گروپ مەترسیدارە؛ پەتاى وەرزى چۆن بڵاودەبێتەوە؟

#ئەنفلۆنزا
7 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • ئەنفلۆنزا لە رێگەی هەناسەدانەوە بڵاودەبێتەوە، بەجۆرێک کاتێک کەسێک قسە دەکات، یان دەکۆکێت و دەپژمێت. دڵۆپە بچوکەکان دەگەنە دەم، لووت و چاوی کەسانی دیکە. یان کاتێک بڵاودەبێتەوە، کەسێک دەست لە رووی پیسبوو بدات و دواتر دەست ببات بۆ لووت، دەم، یان چاوەکانی.
Primary Asset

سبەى

ئەنفلۆنزا یان پەتاى وەرزى هەوکردنی ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدانە و کاریگەری لەسەر لووت، سییەکان و قوڕگ دەبێت. ئەمەش جیاوازە لە ئەنفلۆنزای گەدە، کە دەبێتە هۆی رشانەوە و سکچوون.

زۆربەی خەڵک ئەنفلۆنزا تێدەپەڕێنن. بەڵام بۆ هەندێک گروپ لەوانە منداڵ و کەسانی بەتەمەن و نەخۆش دەبێتە دۆخێکی تەندروستی قورس.

ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا چۆن بڵاودەبێتەوە؟

ئەنفلۆنزا لە رێگەی هەناسەدانەوە بڵاودەبێتەوە، بەجۆرێک کاتێک کەسێک قسە دەکات، یان دەکۆکێت و دەپژمێت. دڵۆپە بچوکەکان دەگەنە دەم، لووت و چاوی کەسانی دیکە. یان کاتێک بڵاودەبێتەوە، کەسێک دەست لە رووی پیسبوو بدات و دواتر دەست ببات بۆ لووت، دەم، یان چاوەکانی.

نیشانە باوەکانی ئەنفلۆنزا چین؟

تا، کۆکە، لەرز، ئارەقکردنەوە، ئازاری ماسولکەکان، ماندوێتی و قورگ ئێشە.

جیاوازی نێوان ئەنفلۆنزا و سەرمابوون

نیشانەکانی ئەنفلۆنزا لەناکاو دەردەکەون. بەڵام نیشانەکانی سەرمابوون بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەون و وردە وردە خراپتر دەبن.

ئەنفلۆنزا بۆ ماوەی چەند رۆژ بڵاودەبێتەوە؟

ئێن ئەلێکساندەر پزیشکی پسپۆڕ دەڵێت "ماوەی نزیکەی هەفتەیەک دەتوانیت ئەنفلۆنزا بڵاوبکەیتەوە، واتە لەو کاتەوەی کە هەستت بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی دەکەیت."

ئامۆژگاری بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا

ئەگەر نیشانەکانی ئەنفلۆنزات تێدا دەرکەوت، لە ماڵەوە بمێنەرەوە و دوور بکەوەرەوە لە بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی دیکە و دەستەکانت زوو زوو بشۆ. ئەگەر نیشانەکان قورس بوون، ئەوا دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکە. وەکو هەناسەتەنگی، ئازاری بەردەوامی سنگ یان سک، سەرگێژخواردنی بەردەوام، کەمی میزکردن، ئازارێکی توندی ماسولکەکان و تایەکی زۆر یان کۆکەیەکی توند.

کێ مەترسی زیاتری هەیە بۆ تووشبوون بە ئاڵۆزییەکانی ئەنفلۆنزا؟

کەسانی سەرو تەمەن 65 ساڵ.

منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ.

ئافرەتی دووگیان. 

ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

ئەو کەسانەی سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە.

ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە.

هەنگاوەکانی خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزا

جگە لە وەرگرتنی ڤاکسین، هەنگاوەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای وەرزی بریتین لە:

دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن بە کەسانی تووشبوو بە ئەنفلۆنزا.

لەکاتی کۆکە یان پژمین لووت و دەمت بە پارچەیەک کلێنکس داپۆشە.

دوای کۆکە و پژمین، دەستبەجێ دەستەکانت بشۆ.

زوو زوو دەستەکانت بە ئاو و سابون بشۆ.

دوور بکەوەرەوە لە دەست لێدانی دەم و چاو و لووتت.

ئەو رووکارانە پاک بکەرەوە کە بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا پیس بوون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی