
سبەى
ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین کەسی جیهان پێشبینی دەکات لە داهاتوودا زیرەکی دەستکرد هەمووان دەوڵەمەند بکات و کەس پێویستی بە کارکردن نەمێنێت. هەروەها پارە ببێت بە شتێکی بێ بایەخ، لە جیهانێکدا کە AI و رۆبۆتەکان بەسودی مرۆڤایەتی کۆنترۆڵی دەکەن.
لە کۆڕبەندێکی وەبەرهێنان لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، ئیلۆن مەسک خاوەن هەردوو کۆمپانیای سپەیس ئێسک و تێسلا، دیگای خۆی لە بارەی داهاتووی مرۆڤایەتی لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە زیرەکی دەستکرد خستەڕوو.
مەسک رایگەیاند “لە ئایندەدا کەس پێویستی بە کارکردن نامێنێت و ئەگەر کارکردنیش بمێنێت، ئەوا مرۆڤ تەنیا بۆ کات بەسەربردن و چێژوەگرتن ئەنجامیدەدات”.
بڕواشی وایە، کە لە داهاتوودا زیرەکی دەستکرد هەمووان دەوڵەمەند دەکات و مرۆڤەکان بە ئاسانی دەستیان بە هەموو شتێک دەگات، لە چاودێری پزیشکیيەوە تا چێژبەخشترین یارییە ئەلیکرۆتنی و ڤیدیۆییەکان.
لە بارەی داهاتووی دراوەوە (پارە) دەوڵەمەندترین کەسی جیهان دەڵێت، لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد و رۆبۆتەکان شتێک نامێنێت بەناوی پارەوە. بەجۆرێک لەو کاتەدا تەنیا لە کتێبە مێژوییەکان باسی پارە دەکرێت و لە ئایندەیەکی دووردا دەبێت بە شتێکی بێ بایەخ.
مەسک وتوویشیەتی رۆبۆت دەبێتە گەورەترین پیشەسازی، گەورەتر لە پیشەسازی مۆبایل و ئۆتۆمبێل، چونکە هەموو کەسێک خواستی ئەوەی دەبێت، ببێتە خاوەنی رۆبۆتێک، تا کارەکانی رۆژانەی خۆی پێبسپێرێت.
ئەو پێشبینیانەی ئیلۆن مەسک لە کاتێکدایە، کە کۆمپانیاکانی پەرەیان داوە بە رۆبۆتێک بە ناوی تێسلا بۆت، کە هاوشێوەی مرۆڤە، بەشێوەیەک کێشی 57 کیلۆگرامە و باڵاشی 172 سانتیمەترە.
تێسلا بۆت بۆ ئەو ئامانجە دروستکراوە تا یارمەتی مرۆڤ بدات لە کارەکانی رۆژانەيدا. هاوکات مەسک دەیەوێت رۆبۆتەکان لە کارگەکانی بخاتە شوێنی مرۆڤ. چونکە برسیان نابێت و ماندوو نابن، لەگەڵ ئەوەشدا داوای موچە زیادکردن و پاداشت ناکەن، لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە، کە وازناهێنن.
