
سبەى
مارک ساڤایا نێردەى ترەمپ بۆ عێراق پابەندبوونى وڵاتەکەى بۆ پشتیوانى دامەزراوەکانى عێراق دوپاتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە هێشتا ئەو وڵاتە پێویستى بە چاکسازیی ریشەییە، لەکاتێکدا لایەنەکان جموجۆڵیان بە ئاڕاستەى پێکهێنانى کابینەى نوێ دەستپێکردووە و دەوڵەتى یاساش دەڵێت پەیامەکانى ساڤایا گۆڕانکاریی لە نەخشەى سیاسیدا دروستناکەن.
ساڤایا لەسەر هەژمارى خۆى لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمەریکا لە مێژە پشتگیریی لە دامەزراوە ئەمنییە شەرعییەکانى عێراق دەکات، لە هەوڵی هاوبەش بۆ شکستپێهێنانی داعشەوە تا بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە.
دەشڵێت پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەدیهاتووە، بەڵام هێشتا چاکسازیی ریشەیی پێویستە.
ساڤایا باسى لەوەشکردووە، کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە ملیارەها دۆلاریان خەرجکردووە، وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەمێننەوە لە پتەوکردنى ئاسایش و سەروەری عێراق.
لەدواى دیاریکردنى لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە (19ـی تشرینی یەكەمی 2025) وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق، ساڤایا بازرگانی كلدانی بە ڕەچەڵەك عێراقی چەند پەیامێکى لەبارەى عێراق بڵاوکردووەتەوە.
ساڤایا دواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام لەهەمانکاتیشدا جەختیکردەوە "وڵاتەکەی بە توندی پابەندە بەوەی دەبێت سنورێک بۆ گروپە چەکدارەکان دابنرێت".
ساڤایا هەروەها لەپەیامێکى دیکەیدا پێش بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن جارێکی دیکە جەختی کردبووەوە، هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، پێویستە هێزە چەکدارەکانی لە چوارچێوەی سەرکردایەتی یەک حکومەت و یەک دەوڵەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبکرێنەوە.
لەدواى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنیش، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەمەریکا دەستوەردانی دەرەکی لەپڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق رەتدەکاتەوە، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەکات، پەیامێک کە لەلایەن چاودێرانەوە وا لێکدەدرێتەوە کە ئاراستەی ئێران کراوە.
ئەو پەیامانە بە ئاماژەیەکى روون لێکدەدرێنەوە بۆ لاپەڕەیەکی نوێى ململانێی هەژموون لە عێراق لە نێوان واشنتن و تاران، بۆ دووبارە داڕشتنەوەى هاوسەنگى و هەژموون لە گۆڕەپانی عێراقدا.
لە کاتێکدا ئەمەریکا دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بڕیاردانی عێراقى بە مەرجێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئەو پێشکەوتنانەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەست هاتووە دەزانێت، ئێران بە هەستیارییەکی بەرچاوەوە چاودێرى دۆخى عێراق دەکات، لایەنە عێراقییەکانیش لەژێر فشارى تاران و واشنتندا جموجۆڵیان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دەستپێکردووە.
سەباح ئەنبارى ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، عێراق بەهێزترە لە جاران و بوونی مارک ساڤایا لە عێراق ناتوانێت گۆڕانکاری لە نەخشەى سیاسیدا بکات.
پێشیوایە، دامەزراوەی سیاسی عێراق ئێستا توانای ئەوەی هەیە بە ئەمریکا بڵێت نەخێر و بەدواداچوون بۆ دانوستانەکان بکات بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دەکات و هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی دەدات، بەڵام ئێستا ئەم دۆخە جیاوازە لە ساڵی 2006، ئەمەریکا چیتر دەسەڵاتی بەسەر بڕیارەکانی عێراقدا نییە".
