
دواى نزیکەى ساڵێک دانوستان پارتى و یەکێتى جەخت لە قۆناغێکى نوێ بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان دەکەنەوە
سبەى
کێبڕکێکانى یەکێتى و پارتى لە هەرێمەوە دەگوازرێنەوە بەغداد و سەربارى بەردەوامى ناکۆکییەکانیان لەسەر کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم، ململانێ لەنێوانیان لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق سەریهەڵداوە و هەردوولا پۆستەکە بە مافى خۆیان دادەنێن.
قۆناغى نوێى دانوستان
هەردوو پارتەکە دواى نزیکەى ساڵێک دانوستان لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم، جەخت لە قۆناغێکى نوێ بۆ ئەگەرى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان دەکەنەوە، ئەوەش دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە نەخشەیەکى نوێى لەسەر ئاستى دەنگ و کورسی دەرخست.
پارتى دیموکراتى کوردستان جەختدەکاتەوە کە هەلومەرجى پێش و دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق جیاوازە و مەرجى دابەشکردنى پۆستەکان لەسەر بنەماى دەنگ و کورسی رادەگەیەنێت، لەکاتێکدا یەکێتى جەخت لە مەرجى هاوبەشى راستەقینە دەکاتەوە.
مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى بە میدیاى زمانحاڵى حزبەکەى راگەیاند، لەسەرەتاوە دەست بە گفتوگۆ دەکەنەوە لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەى کورسیان بەدەستهێناوە بە ئامانجى پێکهێنانى حکومەتێکى بنکەفراوان لەسەر بنەماى دەنگى لایەنەکان.
هەروەها یەکێتى تۆمەتبارکرد بە "پاشگەزبوونەوە" لە رێککەوتنەکانى پێشوو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ و کاراکردنەوەى پەرلەمان کوردستان.
ماوەى دواکەوتنى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان ژمارەى پێوانەیی شکاندووە و دواى زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردن هێشتا وادەى پێکهێنانى نادیارە، لەکاتێکدا زیاتر لە 20 کۆبوونەوە لەنێوان پارتى و یەکێتیدا ئەنجامدراون.
کاروان گەزنەیی وتەبێژى یەکێتى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لەسلێمانى لەدواى کۆبوونەوەى مەکتەبی سیاسی یەکێتى جەختیکردەوە، حزبەکەى رێگر نییە و دەرگاى کراوەیە بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان.
هەروەها هەڵوێستى حزبەکەى دوپاتکردەوە لەبارەى ئەوەى پێویستە هاوبەشى راستەقینە بێت لەحکومەتى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە دۆسیەکانى ئەمنى و داراییدا.
رۆژى 27ى ئەیلول مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە، کە کۆبوونەوەى شاندى دانوستانکارى هەردوو حزبیشى لێکەوتەوە، ئەوەش بووە دوایین کۆبوونەوەى نێوانیان لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێ.
دەستپێکى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق سەرەتاى دەرکەوتنەوەى ناکۆکییەکانى هەردوولاى دەرخست، کاتێک بافڵ تاڵەبانى دڵنیاییدا کە پێکهێنانى حکومەت هەر دوادەکەوێت تا ئەو کاتەى قەناعەت نەکات بە پۆستەکان و رێککەوتنى نێوان لایەنەکان.
ئەو قسانەى سەرۆکى یەکێتى لەلایەن بەرپرسانى باڵاى پارتییەوە وەڵامدرایەوە و یەکێتیان بە پەکخستنى پێکهێنانى کابینەى نوێ تۆمەتبارکرد، لەگەڵ ئەوەشدا جەختیانکردەوە کە مامەڵەى پارتى لەگەڵ یەکێتى لەدواى هەڵبژاردن وەک یەک نابێت.
پۆستى سەرۆک کۆمار
لەگەڵ بەردەوامى ناکۆکییەکانیان و وەستانى دانوستانەکانیان لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ناکۆکییەکى نوێ لەنێوان هەردوو حزبدا سەریهەڵداوە لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق و هەردوو لایەن بەجیا دانوستانیان لەگەڵ عێراقییەکان دەستپێکردووە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ و کۆکردنەوەى پشتیوانى بۆ بەدەستهێنانى کورسی سەرۆک کۆمار.
پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ماوەى 20 ساڵە لەلاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە لەبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێم بە پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى نێوانیان لە ساڵى 2005 کە دواتر بووە بناغەى رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
پۆستەکە دوو خول لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بەرێوەبرا لە ساڵانى (2005-2014)، دواتر فوئاد مەعسوم لە ساڵانى (2014-2018)، پاشان بەرهەم ساڵح لە ساڵانى (2018-2022)، لەتیف رەشید لە ساڵى 2022 ەوە پۆستەکەى بەدەستەوەیە تا ئێستا.
وتەبێژى یەکێتى پۆستى سەرۆک کۆمارى بە مافى حزبەکەى دانا و جەختیکردەوە، کاندیدیان دەبێت بۆ ئەو پۆستە، بەڵام تا ئێستا یەکلاییان نەکردووەتەوە.
پۆستى سەرۆک کۆمار ماوەى دوو خولى رابردوو بووە خاڵى ناکۆکى توندى نێوان پارتى و یەکێتى، بەڵام پۆستەکە تا ئێستا لەلاى یەکێتى ماوەتەوە، کە بەپشکى خۆى دایدەنێت لەبەرانبەر پۆستى سەرۆکى هەرێم کە لەساڵى 2005 ەوە بەدەست پارتییەوەیە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
وتەبێژى پارتى داواى لە لایەنە عێراقییەکان کرد رێز لە بۆچوونى هەرێمى کوردستان بگرن بۆ یەکلایکردنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار و رێگە بدەن کورد خۆى یەکلایی بکاتەوە، نەک وەک دوو خولى پێشوو دەستوەردان بکەن و دواتریش گلەیی ئەوە بکەن کە خەڵکێک بۆ ئەو پۆستە دیارى ناکرێت کە لە ئاستى عێراقدا بێت.
