
چەند چەکدارێکی حوسییەکان
سبەی
رۆژنامەیەكی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی ئێران بڵاویكردەوە، تاران دوای شەڕی 12رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل كۆنترۆڵی حوسییەكانی یەمەنی لەدەستداوە، وەك ئەو بەرپرسە وتویەتی" هەندێك لە گروپە چەكدارەكانی عێراقیش ئێستا بەجۆرێك مامەڵە دەكەن كە هەرگیز هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵیان نەبووبێت".
رۆژنامەی تەلەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی ئێران بڵاویكردەوە:"حوسییەكان چیتر فەرمان لە ئێران وەرناگرن و ئیتر وەك جاران ملكەچی فەرمانەكانی تاران نین".
ئەو بەرپرسە باڵایە وتیشی:" ئەوە تەنها حوسییەكان نین چیتر بریار لە ئێران وەرناگرن، بەڵكو هەندێك گروپی عێراقیش ئێستا وا مامەڵە دەكەن هەرگیز هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵیان نەبووبێت".
بە گوێرەی رۆژنامەكە دوای ئەوەی ئیسرائیل فەرماندەكانی حزبوڵڵا لە نێویاندا حەسەن نەسروڵڵای تیرۆر كرد و هاوكات حەماس بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بەتەواوی لاواز بوو، حوسییەكان وەك گروپێكی سەرەكی سەر بە ئێران لە ناوچەكەدا هەژمار دەكرێن.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران دەشڵێت " فەرماندەیەكی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەفتەی رابردوو لە هەوڵێكدا بۆ گەڕاندنەوەی حوسییەكان بۆ ژێر دەسەڵاتی تاران گەیشتە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن".
بەپێی ئەم راپۆرتە، سوپای پاسداران بەنیازە دوای هێوربوونەوەیەكی چەند مانگە، حوسییەكان جارێكی دیكە بەهێز بكاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێك بۆ ئارامكردنەوەیان و دووبارە بنیاتنانەوەی "بەرەی مقاوەمە".
هەرچەندە ئێران دەیان ساڵە هەوڵ دەدات خۆی وەك لایەنگری سەرەكی دۆزی فەلەستین نیشان بدات، بەڵام بەشداری دانوستانەكانی ئاگربەستی غەززەی لە شەرم شێخی میسر نەكرد، بەرپرسەكەی ئێران لە گفتوگۆكەی لەگەڵ رۆژنامەی تەلەگراف دانی بەوەدا ناوە " وڵاتەكەی یارییەكەی دۆڕاندووە".
بەرپرسەكەی ئێران سەبارەت بە گروپە چەكدارە عێراقییەكانیش دەڵێت "چەند جارێك بەو گروپانەمان راگەیاندووە كە بۆ ماوەیەك مەشقی سەربازی ئەنجام نەدەن، تا دۆخەكە هێور دەبێتەوە، بەڵام ئەوانیش گوێمان لێناگرن".
بەگوێرەی رۆژنامەی تەلەگراف، درز و ناكۆكی نێوان حوسییەكان و تاران دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسان، كاتێك ئێران لە كاتی هێرشە قورسەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حوسییەكان لە ترسی ئەوەی بكێشرێتە روبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا بە هانای ئەو گروپەوە نەهات.
مەحمود شەحرە، دیپلۆماتكاری پێشووی یەمەن لەوبارەیەوە دەڵێت" حوسییەكان پێویستیان بە هاندان نییە، ئەوەی ئەو گروپە ئەنجامی دەدات پەیوەندی راستەوخۆی بە بیروباوەرەكانیانەوە هەیە".
دەشڵێت" بێگومان نكۆڵی لەوە ناكرێت ئێران لەگەڵ حوسییەكان هەماهەنگی هەیە و پشتیوانی دەكرێن و چەكیان بۆ رەوانە دەكرێت، بەڵام لە ئێستادا حوسییەكان پاڵنەری خۆیان بۆ دارشتنی ستراتیژییەكانیان هەیە".
لەلایەكی دیكەوە، بەدر سەیف مامۆستای زانكۆی كوەیت پێی وایە "هاوكاریی نێوان ئێران و حوسییەكان بە قازانجی هەردوولا بووە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات " سەڕەرای ئەمە حوسییەكان بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەیە و هەر كات بە پێویستی بزانن تەنانەت بەبێ ملكەچبوون بۆ ئێران بڕیار دەدەن".
