وتەبێژی كەجەكە: ئێمە هەرگیز هاوپەیمانی ئێران نەبووین

#کەجەکە#پەکەکە#تورکیا#پرۆسەی ئاشتی#پژاک#ئێران
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • زاگرۆس هیوا  وتەبێژی كەجەكە رایگەیاند" پەكەكە هێچ كات هاوپەیمانی ئێران نەبووە".  دەشڵێت" توركیا هەمیشە بوونی پەكەكەی كردۆتە بیانوو بۆ داگیركردنی بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان و ئەنقەرە تەماحی مێژوویی لەسەر موسڵ و كەركوك هەیە".
  • زاگرۆس هیوا لەبارەی ئەگەرەكانی هەوڵی ئێران بۆ تێكدانی پرۆسەی ئاشتی دەڵێت" تاران و ئەنقەرە ساڵانێكە دژی كورد هاوپەیمانن، هیوادارین ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد بكەن نەك دژی بوەستنەوە".
Primary Asset

زاگرۆس هیوا

سبەی

زاگرۆس هیوا  وتەبێژی كەجەكە رایگەیاند" پەكەكە هێچ كات هاوپەیمانی ئێران نەبووە".  دەشڵێت" توركیا هەمیشە بوونی پەكەكەی كردۆتە بیانوو بۆ داگیركردنی بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان و ئەنقەرە تەماحی مێژوویی لەسەر موسڵ و كەركوك هەیە".

"ئاشتی لەگەڵ توركیا هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێكان"

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كەجەكە لە بەشی دووەمی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانی  سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و كاریگەرییەكانی لەسەر وڵاتانی ناوچەكە، رایگەیاند:"پرۆسەی ئاشتی دەبێتە هۆی گۆڕانكاری ستراتیجی قووڵ و ئەرێنی لەسەر هەموو بەشەكانی كوردستان، بەتایبەت لەسەر رۆژئاوای كوردستان لەوانەش ئاسانكاری دەكات بۆ گفتوگۆكانی نێوان ئیدارەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و دیمەشق".

وتەبێژی كەجەكە جەختیش دەكاتەوە لەوەی "ئاشتی لەگەڵ توركیا هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێكان، بەڵكو دەتوانێت پردێك بێت بۆ هاوكاری دیموكراسی و پێشگرتن لە ململانێی نوێ لە ناوچەكەدا".

"پێداگری توركیا لەسەر تێكەڵكردنەوەی هەسەدە هەڵمژین و سڕینەوەی ناسنامەی ئەو ناوچەیەیە"

زاگرۆس هیوا دەشڵێت:" ئەوەی توركیا بە یەكخستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەگەڵ سوپای سوریا مەبەستیەتی، بە شێوەیەكی كاریگەر هەڵوەشاندنەوەی هێزی بەرگریی و نەهێشتنی هەموو دەستكەوتە دیموكراسیەكانی خەڵكی ئەو ناوچەیەیە".

سەبارەت بە  چارەسەری بنیاتنەر بۆ كێشەكانی نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورد لە سوریا زاگرۆس هیوا دەڵێت " بۆ ئەو مەبەستە پێویستە یەكگرتنێكی ئەرێنی و یەكسان جێبەجێ بكرێت، بە شێوەیەك كە هێزە نوێیەكانی سوپای سوریا پشك و دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان و بەرگریدا و تەنها ملكەچی فەرمانی سەرەوە نەبن (زۆرجار فەرماندە جیهادیەكانی پێشوو)". 

دەشڵێت" توركیا ئامانجی یەكگرتنێكی لەو شێوەیە نییە و بەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئیرادەی گەل و لە راستیدا هەمان سیاسەتی هەڵمژین و سڕینەوەی ناسنامەی هەیە".

"توركیا هەمیشە بوونی پەكەكەی كردۆتە بیانوو بۆ داگیركردنی بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان"

سەبارەت بە كاریگەری پرۆسەی ئاشتی لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەو بەرپرسەی كەجەكە دەڵێت" پارتی دیموكراتی كوردستان، حیزبی دەسەڵاتدارە لە ناوچەكەدا، هاوكات هاوبەشێكی ستراتیژی ئەنقەرەیە و توركیا هەمیشە بوونی پەكەكەی كردۆتە بیانوو بۆ داگیركردنی بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستانی عێراق و بەنیازە ئەو ناوچانە بە خاكی خۆیەوە ببەستێتەوە".

دەشڵێت" توركیا تەماحی بووژاندنەوەی سەردەمی  عوسمانی هەیە، چاوی لەسەر داگیركردنی موسڵ و كەركوكە و ساڵانە پشكێكی رەمزی لە بودجەكەی بۆ ئەو شارانە تەرخان دەكات".

"لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە هیچ هۆكارێكی نییە بۆ داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان"

 وتەبێژەكەی كەجەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، " لە ئێستا لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، توركیا هیچ هۆكارێكی نییە بۆ داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان، باشترە پارتی داوا لە توركیا بكات پرسی كورد لە چوارچێوەی كوردستان چارەسەر بكات و هێز و بنكە سەربازییەكانی لە باكوری عێراق بكشێنێتەوە".

" پەكەكە هەرگیز هاوپەیمانی ئێران نەبووە"

ئەو بەرپرسەی كەجەكە سەبارەت بە پەیوەندییەكانی پەكەكە لەگەڵ ئێران دەڵێت "پەكەكە هیچ كات هاوپەیمانی ئێران نەبووە، بانگەشەیەكی لەو شێوەیە هەمیشە بەشێك بووە لە شەڕی دەروونی و تەنانەت رووداوە مەیدانییەكانی ساڵی رابردووش سەلماندوویانە كە  ئەم بانگەشەیان بێبنەمایە".

زاگرۆس هیوا لەبارەی ئەگەرەكانی هەوڵی ئێران بۆ تێكدانی پرۆسەی ئاشتی دەڵێت" تاران و ئەنقەرە ساڵانێكە دژی كورد هاوپەیمانن، هیوادارین ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد بكەن نەك دژی بوەستنەوە".

"پژاك لە بریارداندا سەربەخۆیە"

وتەبێژی پەكەكە لەبارەی پەیوەندییەكانی پژاك لەگەڵ پەكەكە دەڵێت" ئێمە هیچ پەیوەندییەكی رێكخراوەییمان لەگەڵ پژاكدا نییە و  ئەم رێكخراوە لە بڕیارەكانیدا سەربەخۆیە."

دەشڵێت" پژاك پشت بە سەرچاوەكانی خۆی دەبەستێت و لە رۆژهەڵاتی كوردستان (كوردستانی ئێران) پشتیوانی جەماوەری لەگەڵدایە و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن، ئێمە هێز یان كەرەستەمان بۆ پژاك گواستۆتەوە راست نییە و  نە پژاك داوای شتی وای لێكردووین، نە ئێمە سیاسەتێكی وامان هەیە."

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەی زاگرۆس هیوا کلیک بکە

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی