
ترەمپ و محمەد سەلمان لە کۆشکی سپی
سبەی
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 بە سعودیە، ئەوەش ئیسرائیلی نیگەران کردووە. بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن فرۆشتنی ئێف-35 بە سعودییە لە درێژخایەندا مەترسییە لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
ئەمڕۆ چوارشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2025)، تامیر هەیمان، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل، لە تەلئەڤیڤ بەشداری لە کۆنفراسێکدا کرد و باسی لە دەرەنجامەکانی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکی ئێف-35 بە سعودیە کرد.
بەپێی قسەی تامیر هەیمان، فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 بە سعودیە، بەبێ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودییە لە درێژخایەندا دەبێتە مەترسی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا.
بەرپرسەکەی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل دەشڵێت: "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین، چونکە لە سەردەمی پەیوەندییەکانی باشداین لەگەڵ ترەمپ،" هەروەها وتی: "ئیسرائیل بووە بە رۆژەڤی ئەمەریکا، ئەوەش لە ژێر کاریگەرییەکی توندی سیاسیانە و کۆمەڵایتییانە، هەر ئەوە دەتوانێت ناکۆکی لە نێوان خەڵکیدا دروست بکات، لە کۆتاییدا دەشتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا و پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل کەمبکاتەوە."
وەک بەرپرسەکەی پێشووی هەواڵگریی باسی لێوە دەکات، پێشتر رێگەی ئەمەریکا بۆ کۆشکی بە ئیسرائیلدا تێدەپەڕی، بەڵام لە دوای رازی بوونی ترەمپ بە فرۆشتنی ئێف-35 بە سعودیە، رەنگە چیتر ئیسرائیل رێگەی پێکەوە بەستنەوەی ئەمەریکا نەبێت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەبارەت بە سەردەمی پەیوەندییەکی پتەوی ئەمەریکا و ئیسرائیل، تامیر هەیمان دەڵێت: “فرۆشتنی ئێف-35 بە سعودیە لە باشترین سەردەمی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا بووە، ئەندێشەی ئەوەی بکەن چی روودەدات لەگەڵ ئەگەر سەرۆکی داهاتوو کەمتر پشتیوانی ئیسرائیل بێت.”
بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی، هێرشەکانی ئیسرائیل لە شەڕی 12 ڕۆژەدا توانای لێدانی قووڵ و ورد و خێرای ئەو وڵاتەی لە هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرخست، ئەمەش هەڕەشەیەکە کە نیگەرانی قووڵی لای دەوڵەتانی عەرەبی دروست کردووە، ئەم هەڕەشەیەش بە تایبەت دوای هێرشەکەی سەر قەتەر بۆ بەئامانجگرتنی دانوستانکارانی حەماس لە دەوحە توندتر بووەتەوە.
حەمید رەزا عەزیزی, توێژەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر خاڵی وەرچەرخان بوو لە تێڕوانینی عەرەبی بۆ پێشهاتە ناوچەییەکان و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل. جگە لەوەش وڵاتانی عەرەبی نیگەرانن لە گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، هەروەها هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتۆن لەم ڕوانگەیەوە هەڵسەنگێندرێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبی بۆ سروشت و سەرچاوەی هەڕەشەکان دەکرێت وەک دەرفەتێک بۆ ئێران و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل سەیر بکرێت. ساڵانێکە ئێران گرنگترین هەڕەشە بووە بۆ سەر ئەو وڵاتانە، بەڵام ئێستا بەشێک لە سەرنجى ئەمنی حکومەتە عەرەبییەکان بۆ ئیسرائیل گواستراوەتەوە و کارەکانی داهاتووی تەلئەبیب بە هەستیاری و نیگەرانی زیاترەوە پەیڕەو دەکرێن.
