
هێرشەکە کە لە رێگەى موشەکەوە ئەنجامدرا کۆگایەکی عەمبارکردنی غازى شلى لە کێڵگەکە بە ئامانج گرت
سبەى
هێرشەکەى سەر کێڵگەى کۆرمۆر شادەمارى غاز لە هەرێمى کوردستان زیانى گەورەى بە کێڵگەکە گەیاند و بەهۆیەوە کوژانەوەى گشتى کارەبا روویدا، مەسرور بارزانیش داواى سیستمى بەرگرى لە ئەمەریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان دەکات بۆ پاراستنى ژێرخانى مەدەنى.
هێرشەکە کاتژمێر 11:30ى درەنگانى شەوى چوارشەممە 26 تشرینى دووەمى 2025 لە رێگەى موشەکەوە ئەنجامدرا کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانى غاز بەتەواوەتى لە کێڵگەکە وەستا و کوژانەوەى گشتى کارەبا لە هەرێمى کوردستان روویدا، بەو پێیەى 80%ى وێستگەکانى کارەبا پشت بە بەرهەمى غازى کێڵگەکە دەبەستن.
ئەو ئاگرەى بەهۆى هێرشەکەوە کەوتەوە ماوەى 10 کاتژمێر بەردەوام بوو.
هێرشەکە کە لە رێگەى موشەکەوە ئەنجامدرا کۆگایەکی عەمبارکردنی غازى شلى لە کێڵگەکە بە ئامانج گرت و هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتەوە، بەڵام زیانى گەورەى بە کێڵگەکە گەیاند و پرۆسەی بەرهەمهێنان بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەتەواوەتى راگیرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى کۆمپانیاى دانەغاز کە دەست “سبەى” کەوتووە.
کۆمپانیاکە جەختدەکاتەوە لە هەماهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵاتداران لەبارەى هێرشەکەوە.
هێرشەکە دواى ئەوەهات کە ئێوارەى یەکشەمەى رابردوو درۆنێک لەسنورى کێڵگەکە خرایە خوارەوە.
کاردانەوەکان
هێرشەکە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، هەرکەسێک لە پشت هێرشەکانەوە بێت، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە یان وەک ڕابردوو، بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
هەروەها داوا لە هاوبەشە ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکان دەکات ئامێری بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنی دابین بکەن، پشتگیریان بکەن لە گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە.
لاى خۆیەوە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە تۆڕی (ئێکس) هێرشەکەى خستووەتە سەر "ئەو تیرۆریستانەی ناویان لە لیستی مووچەی حکوومەتی عێراقە".
دەشڵێت، دەبێت چەند هێرشی دیکە ڕوو بدات تا ئەمەریکا ڕێگە بە هەرێمی کوردستان بدات سیستەمی دژە درۆن بکڕێت بۆ پاراستنی ئاسمان و ژێرخانە گرنگەکان، لەکاتێکدا عێراق هیچ باکی بەمە نییە.
بەهۆى هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە 4 هەزار مێگاواتەوە بۆ یەک هەزار مێگاوات دابەزی و بەو هۆیە پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ 5 کاتژمێر کەم دەبێتەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى فەرمانگەی میدیا و زانیاری.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى هۆکارى بەردەوامى هێرشەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی و ئاشکرانەکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە ڕابردوو ئێستادا ئەم تاوانانە دەرهەق بەهەموو خەڵک و خاک و سامان و ئاسایش و سەروەریی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن.
دەشڵێت، بەردەوامبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، "زەمینەی لەبار بۆ هەر دەست و پیلانێکی ڕەش ئاواڵادەکات و دوژمن بە ماڵمان فێردەکات".
لاى خۆیەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، هێرشەکەى بە "هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتیی و رێگریکردن لە هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنیی و ئابووریی وڵات" ناوبرد.
هەر بەهۆى هێرشەکەوە ناردنى 1200 مێگاوات کارەبا لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ عێراق راگیرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى کارەباى عێراق.
شادەماری غاز
کێڵگەى کۆرمۆر بە شادەماریی غاز لە هەرێمى کوردستان دادەنرێت، دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ و لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.
غازی کۆرمۆر، سەرچاوەى دابینکردنى رێژەی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانە، هەروەها سەرچاوەی سەرەکیشە بۆ دابینکردنی غاز بۆ کارگەکانی غاز.
ڕووبەرى کێڵگەکە دەگاتە 135 کیلۆمەتر چوارگۆشە و یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە نزیکەی 17 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
