
وێنەی کۆبوونەوەکە
سبەی
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا كۆبوەوە و رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەیاندا، "هەوڵەكان بۆ كۆتاییهێنانی تەواو بە تیرۆر هەڵسەنگێندراوە".
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبوەوە، رایگەیاند:" توركیای بێ تیرۆر هەوڵەكانی فرەلایەنە بەئامانجی كۆتاییپێهێنانی تەواو و هەمیشەیی بە تیرۆر و بەهێزكردنی یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی نیشتمانی هەڵسەنگێندرا".
تا ئێستا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا، دەربڕینی "توركیای بێ تیرۆر" بەكاردەهێنێت، لەكاتێكدا كۆمسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا ناونراوە "دیموكراسی، خوشك-برایەتی و یەكگرتنی نەتەوەیی".
لەبارەی پرسی سوریاوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند:"راگەیاندرا كە توركیا لەسەر پشتیوانییەكانی خۆی بۆ ئاشتی، خۆشگوزەرانی، ئاسایش و ئارامی هەموو پێكهاتەكانی وڵاتی برامان سوریا بەردەوامی پێ دەدات".
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەروەها لەبارەی غەززە گفتوگۆیان كردووە و رایگەیاندووە: "جەخت لەوە كرایەوە پێویستە ئیسرائیل كە ئاگربەست پێشێل دەكات، دەستبەجێ كۆتایی بە هێرشەكانی بهێنێت و ئەركەكانی سەر شانی جێبەجێ بكات".
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: " توركیا ئامادەیە بەرپرسیارێتی میكانیزمی سەقامگیری لە غەززە لەئەستۆ بگرێت و بەشداری بونیادنانەوەی ناوچەكە بێت".
راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا لەكاتێكدایە، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە دوورگەی ئیمراڵی رۆژی 24ـی ئەم مانگە لەدورگەی ئیمراڵی بۆ یەكەمجار لەگەڵ شاندەكەی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی كۆبووەوە.
لەكاتێكدا شاندێكی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا لە دورگەی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكەی كرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند "هەتا گەیشتن بە توركیای بێ تیرۆر، بە سەبر، دڵسۆزی، بوێری و پێداگرییەوە، بەردەوام دەبین".
لە هەژدەیەمین كۆبونەوەی خۆیدا كە رۆژی هەینی (21ـی تشرینی دووەمی 2025) بەڕێوەچوو، كۆمیسیۆنی هاوپشتی برایەتی و دیموكراسی نیشتمانی لە پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا شاندێكی كۆمسیۆنەكە بچنە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆببنەوە.
سەردانیكردنی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری بۆ لای ئۆجەلان داوایەكی سەرەكی دەم پارتی و پەكەكەیە، بۆ ئەوەی لیژنەكە لە نزیكەوە گوێ لە بۆچوونەكانی ئۆجەلان بگرێت بۆ پێشخستنی زیاتری پڕۆسەكە.
بیرۆكەی چوونی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی توركیا و پێشكەشكردنی وتەیەك دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" ، كاتێك كۆتایی ساڵی رابردوو دەستپێشخەری كرد و بە تەوقەیەك لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی لە پەرلەمان، سەرەتای قۆناغێكی نوێی لە توركیا دەستپێكرد.
