
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
سبەی
دوای پێنج رۆژ تێپەڕبوون بەسەر هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئێران بە فەرمی ئیدانەی هێرشەکە دەکات و داوا دەکات بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل بکرێت، کە هەموو رێگایەک دەگرێتەبەر بۆ نانەوەی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکەدا.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە (1ـی کانوونی یەکەمی 2025) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کۆماری ئیسلامی بە توندترین دەستەواژە ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر کێڵگەیەکی غاز لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا.
ووتیشی: "نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر هەر کردەوەیەک کە مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق دروست بکات، پاڵپشتی هەر رێکارێک دەکەین بۆ باشترکردنی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە لە رووی سنورەکانەوە، داوا دەکەین بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتەکانی قەواری زایۆنی بکرێت، کە سڵ ناکاتەوە لە بەکارهێنانی هەموو ئامراز و رێگەیەک بۆ نانەوەی پشێوی ئەمنی لە ناوچەکە."
چەکدانانی پژاک
سەبارەت بە سەردانەکەی هاکان فیدران وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئێران و پەیوەندی بە دۆسیەی چەکدانانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) یان چاوەڕوانی ئەردۆغان دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆسیەیە، بەقائی رایگەیاند: هەماهەنگییەکان بەردەوامە بۆ سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئێران، بنەمای سەرەکی ئێمە ئیدانەکردنی تیرۆرە لە هەر شوێنێک بێت، لەو رووەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پاڵپشتی تورکیای بێ تیرۆر دەکات، پاڵپشتی حکومەتی تورکیا دەکەن بۆ فراوانکردنی ناوچەیەکی بێ تیرۆر.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لەسەر ئەو بنەمایە، پێویستە هەماهەنگی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتە پەیوەندیدارەکان بەردەوام بێت بە هەموو شێوەیەک بۆ رێگریی لە تیرۆر، لەو رووەوە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا هاوڕا بوون لەسەر هەماهەنگی هەرێمی بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.
ئەمەریکا گەورەترین هەڕەشەیە
بەقائی جەختی کردەوە، ئەمەریکا لە رێگەی هەڵسوکەوتەکانییەوە لەماوەی رابردوودا، بوەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان، لەهەر بستە زەوییەک رێکارەکانی ئەمەریکا دەبینرێت کە هەڕەشەن لەسەر جیهان؟
ئاماژەی بەوەکرد، بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەوام هەڕەشە لە وڵاتانی ڤەنزوێلا، کوبا و نیکاراگوا دەکەن، تەنانەت هەڕەشە لە وڵاتانی گەورەی وەک بەرازیل و مەکسیک دەکەن لە نیوەگۆی رۆژئاوای زەوی. داخستنی ئاسمانی وڵاتێک یان راگەیاندنی داخستنی رێکارێکی بێپێشینەیە و سەرپێچییەکی گەورەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە سەلامەتی فڕۆکەوانی شارستانییەوە.
