
سبەى
پارتى دیموکراتى کوردستان پۆستى سەرۆک کۆمار بە پشکى خۆى دادەنێت و رێککەوتن لەسەر کاندیدێکى هاوشێوەى لەتیف رەشید سەرۆک کۆمارى ئێستا رەتدەکاتەوە کە هەوڵى بەدەستهێنانەوەى پۆستەکەى دەدات.
پۆستى سەرۆک کۆمار ماوەى دوو خولى رابردوو بووە خاڵى ناکۆکى توندى نێوان پارتى و یەکێتى، بەڵام پۆستەکە تا ئێستا لەلاى یەکێتى ماوەتەوە، کە بەپشکى خۆى دایدەنێت لەبەرانبەر پۆستى سەرۆکى هەرێم کە لەساڵى 2005 ەوە بەدەست پارتییەوەیە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
لەگەڵ بەردەوامى ناکۆکییەکانیان لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ناکۆکی لەنێوان هەردوو حزبدا سەریهەڵداوە لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق و هەردوو لایەن بەجیا دانوستانیان لەگەڵ عێراقییەکان دەستپێکردووە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ و کۆکردنەوەى پشتیوانى بۆ بەدەستهێنانى کورسی سەرۆک کۆمار.
فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەندامى مەکتەبى سیاسی پارتى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "پۆستى سەرۆک کۆمار پۆستێکى گرنگە، لە هەندێ ناوەند دەوترێت ئەوە رەمزییە بەڵام وا نییە، ئەو پارێزەرى دەستورە ئەوەش ماناى زۆرى هەیە".
وتیشى "پێویستمان بەسەرۆک کۆمارێکە لەناوخۆدا بجوڵێت و لەدەرەوەش نوێنەرایەتى دەوڵەت بکات".
فوئاد حسێن دەڵێت ئەگەر پێوەرى زۆرترین کورسی بۆ دیاریکردنى پۆستەکان لەلایەن شیعە و سوننەکانەوە جێبەجێ بکرێت پێویستە بۆ کوردیش بەهەمان شێوەیە بێت و پۆستەکە وەک پشکى پارتى دیارى بکرێت.
لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى ئەوەى ئایا دەکرێت یەکێتى و پارتى لەسەر کاندیدێکى هاوشێوەى لەتیف رەشید سەرۆک کۆمارى ئێستا رێکبکەون، فوئاد حسێن وتى "سەرۆک کۆمارى داهاتوو کەسێکى بێلایەن و سەربەخۆ نابێت بەڵکو سەرۆک کۆمارى داهاتوو پێویستە وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پەرلەمان بێت، پێویستە کەسێکى بەهێز بێت لەلایەن لایەنێک یان کۆمەڵێک لایەنەوە یان پێکهاتەیەکەوە پشتیوانى بکرێت".
لەناو یەکێتى نیشتیمانى کوردستاندا ناوى چەند دەهێنرێت بۆ وەرگرتنى پۆستەکە، لەسەرووى هەموویانەوە بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى، سەربارى لەتیف رەشید کە دەیەوێت بۆ جارى دووەم لەسەر کورسییەکەى دابنیشێتەوە.
پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ماوەى 20 ساڵە لەلاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە لەبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێم بە پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى نێوانیان لە ساڵى 2005 کە دواتر بووە بناغەى رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
پۆستەکە دوو خول لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بەرێوەبرا لە ساڵانى (2005-2014)، دواتر فوئاد مەعسوم لە ساڵانى (2014-2018)، پاشان بەرهەم ساڵح لە ساڵانى (2018-2022)، لەتیف رەشید لە ساڵى 2022 ەوە پۆستەکەى بەدەستەوەیە تا ئێستا.
لەچەند رۆژى رابردوودا کاروان گەزنەیی وتەبێژى یەکێتى پۆستى سەرۆک کۆمارى بە مافى حزبەکەى دانا و جەختیکردەوە، کاندیدیان دەبێت بۆ ئەو پۆستە، بەڵام تا ئێستا یەکلاییان نەکردووەتەوە.
هەروەها مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى لەچەند رۆژى رابردوودا داواى لە لایەنە عێراقییەکان کرد رێز لە بۆچوونى هەرێمى کوردستان بگرن بۆ یەکلایکردنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار و رێگە بدەن کورد خۆى یەکلایی بکاتەوە، نەک وەک دوو خولى پێشوو دەستوەردان بکەن و دواتریش گلەیی ئەوە بکەن کە خەڵکێک بۆ ئەو پۆستە دیارى ناکرێت کە لە ئاستى عێراقدا بێت.
