گرژییەکانى لاجان؛ دانیشتووانى ئاوارەبوو دەگەڕێنەوە و حکومەت چەکەکان کۆدەکاتەوە

#گوندى لاجان#
یەک کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • گرژییەکانى ئەمڕۆ بۆ رۆژى سێیەم بەردەوام بوون، ئەوەش دواى ئەوەى رۆژى شەممە بەشێک لە خەڵى گوندەکە لەبەردەم پاڵاوگەى لاناز بۆ داواکردنى هەلى کار گردبوونەوەو ئاڵۆزى لێکەتەوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژران و برینداربوون.
Primary Asset

سبەى

دانیشتووانى ئاوارەبووى گوندى لاجان لە سنورى پارێزگاى هەولێر گەڕانەوە ماڵەکانیان، ئەوەش دواى دڵنیاییدانى بەرپرسان بۆ نەبوونى هەڵمەتى دەستگیرنەکردنى بەکۆمەڵى دانیشتووانەکەى، لیژنەیەکیش بۆ کۆکردنەوەى چەکەکان دەستبەکاربوو.

گرژییەکانى گوندەکە ئەمڕۆ بۆ رۆژى سێیەم بەردەوام بوون، ئەوەش دواى ئەوەى رۆژى شەممە بەشێک لە خەڵى گوندەکە لەبەردەم پاڵاوگەى لاناز بۆ داواکردنى هەلى کار گردبوونەوەو ئاڵۆزى لێکەوتەوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژران و برینداربوون.

گرژییەکان رۆژى دووشەممە پەرەیان سەند، لایەنە پەیوەندیدارەکان هێزى زیاتریان رەوانەى سنورى گوندەکە کرد کە دانیشتوانەکەى سەر بە هۆزى هەرکین، دواتر دانیشتووانەکەى گوندەکەیان چۆڵکرد، کە هێزە ئەمنییەکان هۆکارەکەیان بۆ گەڕان بەدواى تۆمەتباران گەڕاندەوە، لەکاتێکدا بەشێک لە خەڵکى گوندەکە بە چۆڵکردنى زۆرەملێ ناویانبرد.

دواى چۆڵکردنى گوندەکە، گرژییەکان پەڕینەوە هەریەکە لە خەبات و کەڵەک، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى بڵاوکراونەتەوە دەردەکەوێت کە چەند شوێنێکى حکومى لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە سوتێنراون.

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر دواى هەڵکشانى گرژییەکان گەیشتە گوندى لاجان و داواى لە خەڵکى گوندەکە کرد بگەڕێنەوە و جەختیکردەوە تەنها لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکرێت کە ئەو بە "ئاژاوەگێڕ" ناویبردن.

هەروەها دڵنیاییدا کە هیچ بڕیارێک بۆ دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی گوندەکە نییە و تەنیا داواکراوان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

 پارێزگارى هەولێر دەستبەکاربوونى لیژنەیەکى بۆ ژماردنی چەکەکان راگەیاند و وتى "زۆربەی چەکەکان هی هێزە ئەمنییەکانن، حکومەت بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک دەکات کە چەک دژی یاسا و حکومەت بەکاربهێنێت".

دانیشتووانى ئاوارەبووى گوندەکە کە ژمارەیان بە 400 ماڵ دادەنرێن دواى چەند کاتژمێرێک مانەوەیان لە ژێر خێمەدا لەدەرەوەى گوندەکە گەڕانەوە ماڵەکانیان.

نوێنەرانى گوندى لاجان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لەباڵەخانەى وەزارەتى ناوخۆ جەختیان کردەوە، ئەو هێزەى چووەتە گوندەکە بۆ پارێزگاریکردنە لە پاڵاوگەى لاناز هیچ کەسێک دەستگیر ناکرێت و ماڵى کەسیش ناپشکنرێت، دەستگیرکراوەکانیش دواى چەند رێوشوێنێکى یاسایی ئازاد دەکرێن، هێزەکەش ناوچەکە چۆڵ دەکەن.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رۆژى یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا داواى دۆزینەوە و بە دادگایی گەیاندنى تەقەکەرانى رووداوەکەى رۆژى شەممەى گوندى لاجانى، کەسوکارى قوربانییەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد سکاڵا تۆمار دەکەن.

دەستەکە جەختیکردبووەوە، بەردەوام دەبن لە چاودێری کردنی ئەم کەیسە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان و پێویستە تەقەکەران و تۆمەتباران بەزوویی بدۆزرێنەوە بدرێنە دادگا.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رووداوەکەى بە "ئاژاوەگێڕى" ناوبردبوو و جەختیکردبووەوە بە پێی یاسا بەرکارەکان مامەڵە لەگەڵ کەسانی "ئاژاوەگێڕ" دەکرێت.

یەکێک لەو کەسانەى لەرووداوەکەى رۆژى شەممەدا کوژرا ناوى عیرفان بەهادینە و تەمەنى 25 ساڵە، خەڵکى کەرکوک و شۆفێری بارھەڵگر بوو.

بەهادین ئەحمەد باوکى عیرفان رۆژى یەکشەممە بەرۆژنامەنوسانى راگەیاند، کوڕەکەى بە فیشەکى دۆشکە کوژراوە، لەکاتێکدا هیچ پەیوەندییەکى بە گردبوونەوەکەوە نەبووە.

وتیشى سکاڵا تۆماردەکەن و ناهێڵن خوێنى کوڕەکەى بەفیڕۆ بڕوات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی